Accessibility links

ڕێکخەری سەنتەری میترۆ ڕای سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم لەسەر دۆخی ڕۆژنامەنووسی ئاشکرا دەکات


ڕێکخەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە ئازادی ڕادەربڕین، ڕای سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان و نێردە دپلۆماسییەکان لەسەر دۆخی ئازادی ڕادەربڕین و تەنگ و چەڵەمەکانی بەردەم ڕۆژنامەنووسان، بۆ دەنگی ئەمەریکا ئاشکرا دەکات و جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، ئازادی ڕادەبڕین لە هەرێم پاشەکشەی کردووە.

لە ڕۆژی 20 مانگی 6 ی ئەمساڵ، ڕێکخەری سەنتەری میترۆ لەگەڵ ژمارەیەک ڕۆژنامەنووسدا، لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بارەی دۆخی ڕۆژنامەگەرییەوە کۆبوویەوە. لە ڕۆژی 3/5 یش لەگەڵ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت دیداری ئەنجام دا. هەر لە ڕۆژی 1/3 ئەمساڵ، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش بۆ تاتوێیکردنی دۆخی ڕۆژنامەنوسی، لەگەڵ ستافی سەنتەری میترۆدا کۆبوونەوەی ئەنجام دا.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، رەحمان غەریب دەڵێت"دپلۆماتکارێکی یەکێتی ئەوروپا سەردانیکردین، پێیوتوین، 4 ساڵ لەمەوبەر ئێوە شانازیتان بە نەبوونی هیچ ڕۆژنامەنووسێک لە زیندان دا دەکرد، لە کاتێکدا لە ناوچەکانی تری عێراق، چەندین ڕۆژنامەوان لە زینداندا بوون، ئێستاش هەمان ڕاتان هەیە؟"

ڕەحمان غەریب وتی"ئێمەش، بە دپلۆماتکارەکەمان وت، ئێستا شانازی ناکەین و لە هەرێمیش ڕۆژنامەنووس لە زینداندایە، مادام رۆژنامەنووس گیراوە، کەواتە گرفت هەیە."

لە ئێستادا، 3 ڕۆژنامەنووس لە هەرێمی کوردستان، هەریەکەیان بە 6 ساڵ زیندانیکردن، سزادراون، بریتین لە: شێروان شێروانی، گوهدار زێباری، ئەیاز کەرەم. قارەمان شوکریش بە 7 ساڵ زیندانیکردن سزادراوە و لە ئێستادا لە زینداندایە، بەڵام ئومێد بەرۆشکی، دوای مانەوەی بۆ ماوەی سێ ساڵ و 6 مانگ لە زیندان، ئازادکرا. لە شاری سلێمانیش، ڕەوا بورهان ی رۆژنامەنووس ماوەی چەند ڕۆژێکە لە زیندانیە و دۆسیەکەی لای دادوەرە.

ڕێکخەری سەنتەری میترۆ ڕوونیکردەوە، هەموو ئەو دپلۆماتکارە بیانییانەی کە سەردانی سەنتەرەکەیان دەکەن، ناڕازین لە دۆخی رۆژنامەنووسان و ئەمەشیان بە سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم گەیاندووە، وتی"ڕای دپلۆماتکارەکان وایە، گەر هەرێم دەیەوێت هەنگاو بۆ دیموکراسی بنێت، دەستبردن بۆ ڕۆژنامەنوس و خۆپیشاندەر هیڵی سورە."

لە ڕۆژی 10/11 ی ئەمساڵ، ئێرڤن هیکس، کونسوڵی ئەمەریکا لە هەولێر، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ژمارەیەک ڕۆژنامەنووس، رایگەیاند"ئەمەریکا نیگەرانکەری لەسەر پێشێلکاری ئازادی راگەیاندن لە ماوەی ئەمساڵ دا بەدەست گەیشتووە. ئەمەریکا پابەندە بە پشتیوانیکردن لە ئازادی رادەربڕین و پێویستە رۆژنامەنووسان بتوانن کاری خۆیان بکەن، بەبێ ترس و تۆقاندن."

ناوبەناو سەنتەری میترۆ لەگەڵ سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم کۆدەبنەوە، لەبارەی وەڵامی سێ سەرۆکایەتییەکە بۆ ئەو ڕەخنانەی لە سەر ئازادی کاری رۆژنامەنووسی لە ئارادان، ڕەحمان غەریب وتی"سەرۆکایەتییەکانی هەرێمیش ناڕازین لە دۆخەکە، جەخت دەکەنەوە لەسەر ئەوەی هەنگاو بۆ باشکردنی دەنێن، بەڵام ئێمە لەسەر ئەرزی واقیع گۆڕانکاری نابینین، کێ لە سەرۆکی حکومەت بەرزترە، ئەو دەڵێت ڕێز لە ڕۆژنامەنووس بگرن، بۆچی لە خوارەوە گوێ ناگیرێ، بەرپرسەکان قسەیەک دەکەن و لە خوارەوە شتێ تر ڕوودەدات."

دەنگی ئەمەریکا، پەیوەندی بە جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە کرد، بەڵام پەیوەندیەکەی بەردەست نەبوو.

بەڵام لە میانی کۆبوونەوەیدا لەگەڵ ژمارەیەک لە رۆژنامەنووسانی هەرێمی کوردستان، لە ڕۆژی 2ی مانگی شەشی ئەمساڵ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند"خۆم بڕوام بە ئازادی ڕادەربڕین هەیە، هەموو کەس ئازادە ڕای خۆی دەربڕێت، بەو مەرجەی مافی کەس پێشێل نەکرێت."

ڕەحمان غەریب نەیشاردەوە، ڕای سەرۆکی حکومەت جیاوازە لەسەر گیراوەکانی بادینان، کە هەریەکەیان و بە تۆمەتی جیاجیا، بۆ ماوەی چەند ساڵێک حوکمدراون، وتی"بەڵام هەموو کونسوڵخانەکان ڕەخنەیان لە گرتنی رۆژنامەنووسەکانی بادینان گرتووە، ئێمەش پێمانوایە دۆسیەکانیان گرێدراوی ئازادی ڕادەربڕینە."

لە بەرانبەر ئەو ڕەخنانەی لە حکومەتی هەرێم دەگێرێت، لە مەسەلەی دەستگیرکراوانی بادیناندا، مەسرور بارزانی لە کۆبوونەوەکەی ڕۆژی 2/6 دا لەگەڵ رۆژنامەنوسان، وتی"کەسێک ڕۆژنامەنووس نەبێت، نابێت بە سیفەتی ڕۆژنامەنوەس مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، رۆژنامەنووسیش وەکو خەڵکی تر هەڵە دەکات، هەموومان پێویستە بەرانبەر یاسا ملکەچ بین."

بەپێی راپۆرتی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، کە ڕاپۆرتەکە لە ڕۆژی 12/1 ی ئەمساڵ بڵاوکراوەتەوە، لە ساڵی 2021 دا، 79 حاڵەتی پێشێلکاری، بەرانبەر 187 رۆژنامەنوس و دەزگای راگەیاندن ئەنجامدراوە. لە کاتێکدا بە پێی ئاماری سەنتەری میترۆ، تەنها لە خۆپیشاندانەکانی سەرەتای مانگی ئەمساڵ دا لە سلێمانی، 70 پێشێلکاری بەرانبەر 52 ڕۆژنامەنووس و دەزگای ڕاگەیاندن ئەنجامدراوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:01 0:00
XS
SM
MD
LG