Accessibility links

نوێترین ئاماری قوربانیانی ناڕەزایەتییەکانی ئێران، لە ناوچە کوردییەکاندا


دیمەنێک لە خۆپیشاندانەکانی شاری مهاباد
دیمەنێک لە خۆپیشاندانەکانی شاری مهاباد

ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ، نوێترین ئاماری ئەو کەسانە بڵاو دەکاتەوە کە لە ماوەی هەشتا ڕۆژی ناڕەزایەتی جەماوەریدا لە شار و شارۆچکە کوردییەکانی ئێراندا کوژراون و بریندار بوون.

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکخراوەکە، کە پشت بە سەرچاوەکانی نێوخۆی ئێران دەبەستێت، ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە تیایدا دەڵێت لە " 47 شاری کوردستان بەشێوەیەکی بەردەوام، لانی کەم 122 هاووڵاتی کوژراون و زیاتر لە 8 هەزار کەس بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان بریندار بوون." لە نێو کوژراوەکاندا 7 ژن و 14 منداڵیشی تێدایە.

ڕێکخراوەکە دەڵێت لەو 122 کەسەی کە کوژراون، 106 یان بە گولەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سەر بە حکومەت بووە.

ئەم ڕاپۆرتە لە کاتێکدایە کە گروپی چالاکوانانی نێو ئێرانیش لە دواین ڕاپۆرتی خۆیاندا دەڵێن لەوەتای 17ی مانگی نۆوە هەتا 5 ی مانگی دوازدە 473 کەس لە ناڕەزایەتییەکانی سەرانسەری ئێراندا گیانیان لەدەست داوە لەوانەشدا 64 کەسیان تەمەنیان لە خوار 18 ساڵەوە بووە.

ئاژانسی دەنگوباسی هرانای ئەو گروپی چالاکوانانەی نێو ئێران، ژمارەی دەستگیرکراوەکانی سەرانسەری ئێرانی لەو ماوەیەدا بە 18 هەزار و 227 کەس ڕاگەیاندووە.

هەنگاویش ئاماری دەسگیرکراوەکانی لە کوردستانی ئێراندا بە6500 کەس ڕاگەیاندووە و دەشڵێت لەوانەدا 171 یان ژنن و 138 منداڵن. بە گوێرەی ئەو ڕێکخراوەی کە زیاتر سەرنجی لەسەر سەرپێچییەکانی کوردستانی ئێرانە دەستبەسەرکراوەکان " بە شێوەیەکی سیستەماتیک لە ژێر ئەشکەنجەی ڕۆحی و جەستەییدان". بەڵگەش بۆ ڕاگەیاندنەکەی دەخاتە ڕوو دەڵێت هەتاکو ئێستا 7 کەسیان لە شارەکانی ئورمیە، ئیلام، سەقز، سنە و تاران لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەستداوە.

لەهەفتەی ڕابردوودا ژەنەڕاڵێکی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش دانی بەوەدا نا کە زیاتر لە 300 کەس لەم خۆپیشاندانانەی ئێراندا کوژراون. ئەمەش یەکەم جار بوو بەرپرسێکی ئێرانی دان بەوەدابنێت.

ماڵپەڕێکی نزیک لە سوپای پاسدارانی ئێران لە زاری ژەنڕاڵ ئەمیر عەلی حاجیزادە سەرکردەی هێزی ئاسمانی سوپای پاسدارانەوە بڵاوی کردەوە کە زیاتر لە 300 کەس کوژراون لە ناویاندا "شەهیدەکانیش،" کە مەبەست لێی هێزە ئەمنییەکان بوو.

نزیکەی سێ مانگ پاش مەرگی ژینا ئەمینی ( کچێکی کوردی خەڵکی سەقز) لەکاتێکا لە لایەن پۆلیسی ئاکارەوە دەستگیرکرابوو، هێشتا ناڕەزایەتییەکان لە سەرانسەری ئێراندا بەردەوامە.

ئەمڕۆ چوارشەممەش بۆ سێهەم ڕۆژ لەسەر یەک مانگرتنی گشتی لە بەشیێکی زۆری شارو شارۆچکەکان بەردوام بوو و دوکان و بازاڕەکان داخرابوون.

ژمارەی ئەو شار و شارۆچکانەی کە ناڕەزایەتییەکانی تێدا بەردەوامن گەیشتووەتە 109 شار و شارۆچکە، هەروەها 143 زانکۆش لە وڵاتەکەدا بەشدارییان لە ناڕەزایەتییەکان کردووە و 585 خوێندکاریش لە نێو دەستگیرکراوەکاندا هەن. ئەم خۆپیشاندانانە بە گەورەترین خۆپیشاندانی دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران لەوەتای شۆڕشی ساڵی 1979وە دادەنرێت.

XS
SM
MD
LG