Accessibility links

ئاماری نوێی قوربانیانی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی نێو ئێران


ڕێکخراوی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ڕادەگەیەنێت لە دەمی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ئەم دواییەی ئێران دژ بە دەسەڵات، 110 کورد بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی گیانیان لەدەستداوە کە 12 لەوانە منداڵ بوون.

ڕێکخراوەکە لە ڕاپۆرتەکەی ڕۆژی سێشەممەیدا دەڵێت دوایین قوربانی کوردی خۆپیشاندانەکان تا ئەم ساتە، ئیبراهیم شەریفی، هاووڵاتییەکی تەمەن ٢٩ ساڵی خەڵکی بۆکانە کە ماوەیەک پێش ئێستا لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ئەو شارەدا بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان بریندار بوو و ڕەوانەی نەخۆشخانەیەکی ە شاری ورمێ کرابوو و ئەمڕۆ بە هۆی خراپی برینەکانییەوە گیانی لەدەستداوە.

هەروەها ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران ڕایگەیاندوە لە سەرەتای ناڕەزایەتییەکانەوە تاکو ئێستا بە لانیکەم 448 هاووڵاتی کوژراون کە 60 یان منداڵ و 29 یان ژن بوون. ڕێکخراوەکە دەشڵێت ئەم ئامارەش ژمارەی ڕاستەقینەی کۆژراوەکان نییە و ئامارەکە تەنها ئەو حاڵەتانە دەگرێتەوە کە بەڵگەی گیان لەدەستدانیان لە بنکە پزیشکییەکان تۆمار کرابێت یان دوو سەرچاوەی سەربەخۆ هەواڵی گیان لەدەستدانەکانیان بۆ ئەو رێکخراوەیە پشتڕاستکردبێتەوە.

ئەو ڕێکخراوە وەک ڕێکخراوەیەکی نێودەوڵەتی کە بنکەکەی لە نەرویجە و لەسەر پێشێلکارییە مرۆییەکانی ئێران کار دەکات، لە تویتەری خۆی بڵاوی کردوەتەوە کە تەنها لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا زیاتر لە 16 کەس لە ئێران بە دەستی هێزە ئەمنییەکان کوژراون کە زیاتر لە 12 کەسیان لە شار و ناوچە کوردییەکان بوون.

کۆماری ئیسلامی ئێران هەروەها دەستی داوەتە گرتن و دەستبەسرکردنێکی زۆری هاووڵاتیانی ئاسایی و چالاکوانان.

ئاژانسی هەواڵی هەرانا ڕایگەیاندوە کە ژمارەی دەستگیراوەکان تا سێ ڕۆژ پێش ئێستا 18 هه زار و 183 کەس بوون کە شووناسی سێ هه زار و 377 کەسیان پشتڕاستکراوەتەوە.

ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند کە لە درێژەی سەرکوتکارییەکاندا لە شارە کوردنییەکانی ئێران، ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی شارۆچکەی سەراوڵە لە پارێزگای ئیلام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕفێندراون و تاکو ئێستا تەنها ناسنامەی 22 کەسیان بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە.

ئەو ڕێکخراوەیە هەروەها بڵاوی کردوەتەوە کە لە هەمان پارێزگا لە شاری ئابدانانیش سەرکوتکردنێکی زۆر لە ئارادایە و تاکو ئێستا ٢٥هاوڵاتی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕێفێندراون کە 5 لەو کەسانە منداڵن

هەنگاو هەروەها ڕایگەیاندوە کە لە پیرانشاریش ژنێک بە ناوی زەینەب باتووتە بە شێوەیەکی دەڕاندانە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕفێندراوە. ئەو ڕێکخراوەیە بڵاوی کردوەتەوە کە بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ماوەی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئێران تاکو ئێستا بە لانی کەمەوە 150 حاڵەتی دەستبەسەرکردن و ڕفاندنی ژنان لە کوردستان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە تۆمار کراوە.

جێی ئاماژەیە کە چەند ڕۆژ پێش ئێستا تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن لە ئەمەریکا ڕایگەیاند کە لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانیدا بەڵگەنامەگەلێکیان دەستکەوتووە کە نیشان دەدەن کۆماری ئیسلامی دەستدرێژی سێکسی وەک ئامرازێک بۆ ئەشکەنجەدانی ئەو کەسانە بەکاردەهێنێت کە لە کاتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ئەم دواییەی ئێراندا دەستبەسەر کراون.

هەفتەی ڕابردوو ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارێکی پەسەند کرد کە تێیدا سەرۆکی ئەو ئەنجومەنە ئەرکی پێکهێنانی گرووپێکی تایبەتی بۆ "دۆزینەوەی ڕاستییەکان" سەبارەت بە کوشتن و سەرکوتی خۆپیشاندەران لە ئێرانی پێ سپێردرا بۆ ئەوەی هەموو پێشێلکارییە مرۆییەکان لە فۆرمێکی بەڵگەنامەییدا کۆ بکرێنەوە.

کۆماری ئیسلامی کەم تا زۆر هەموو ئەو ڕاپۆرتانەی کە باس لە پێشێلکارییە مرۆییەکانی ئەو وڵاتە دەکات، ڕەتدەکاتەوە و ناچێتە ژێر باری کوشتنی هیچ یەک لە خۆپیشاندەرە کۆژراوەکان و تەنانەت ڕەتیدەکاتەوە کە حکومەت مافە بنەڕەتییەکانی وەک ئازادی قسەکردن یان ئازادی کۆبوونەوە لە ئێراندا پێشێل کردبێت.

XS
SM
MD
LG