Accessibility links

مانگرتنی شۆفێری بارهەڵگرەکان لە چەندین شاری ئێران بەردەوامە


هاوکاتی ناڕەزایەتییەکان لە سەرانسەری ئێراندا، ڕۆژی دووشەممە مانگرتنی خاوەن بارهەڵگرەکان و شۆفێرانی بارهەڵگر لە ئێران بەردەوام بوو.

بەپێی زانیارییەکانی ناو ئێران، شۆفێرانی بارهەڵگر لە قەزوین، مەرەند، ئەسفەهان، کاشان، کرماشان و بەندەر عەباس کارەکانیان ڕاگرتووە.

مانگرتنی شۆفێرانی بارهەڵگر بەردەوامە سەرەڕای بەڵێنی حکومەتەکەی ڕەئیسی بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەکانی پشتیوانی، لەنێویاندا "سووتەمەنی نۆژەنکردنەوە".

شارەزایان دەڵێن، بەردەوامبوونی مانگرتنی بارهەڵگرەکان کە لە ڕۆژی شەممەوە دەستیپێکردووە، دەتوانێت جگە لە بارودۆزی سیاسی ڕەوشی ئابووری حکومەتیش بخاتە مەترسییەوە.

سەتار ڕەحمانی، چالاکوانی کرێکاران بە بەشی فارسی دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "لەگەڵ فراوانبوون و چڕبوونەوەی ناڕەزایەتییەکانی سەر شەقامەکان، مانگرتنی سەرتاسەری شۆفێرانی بارهەڵگرەکان زیاتر دەبێت."

بە بڕوای بەڕێز ڕەحمانی، ئەم مانگرتنە گواستنەوەی پێداویستییە سەرەکییەکانی خەڵک پەک دەخات؛ بەڵام لە هەمووی گرنگتر، لە کەرتە سەرەکییەکانی وەک گواستنەوەی سووتەمەنیدا، پیشەسازی نەوتی پترۆکیمیایی دەبێتە ئاستەنگی حکومەت و لە کۆتاییدا دەبێتە زیانێکی گەورە بۆ حکومەت. بە وتەی ناوبراو، ئەم مانگرتنە دەتوانێ پەیامێک بۆ چین و توێژەکانی دیکەی کرێکارانیش بنێرێت بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا کۆتایی بەم حکومەتە بێت.

مانگرتنی شۆفێرانی بارهەڵگر لە گەرمەی ناڕەزایەتییەکانی سەرتاسەری وڵاتدا ئەنجام دەدرێت. تا ئێستا لانیکەم ٤٥٠ کەس لە خۆپیشاندانە ناڕەزایەتییەکاندا کوژراون و ژمارەیەکی نادیاریش دەستگیرکراون.

سەرچاوە: بەشی فارسی دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG