Accessibility links

ئاسایشی سنووری هاوبەش، تەوەری سەرەکی کۆبونەوەی سەرۆک وەزیری عێراق و ڕابەرانی ئێران بوو


ئایەتوڵا خامەنەئی، ڕێبەری باڵای ئێران لە میانی وتووێژەکانی ڕۆژی سێشەممە لەگەڵ محەمەد شیاع ئەلسودانی، سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق، گومانی خستەسەر بەڵێنەکانی بەغدا بۆ پاراستنی سنووری هاوبەشیان.

پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی دراوسێ لەم دواییانەدا لە ئەنجامی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر لایەنە سیاسییە ئۆپۆزسیۆنە کوردەکانی ئێران لە ناو خاکی عێڕاق گرژی و ئاڵۆزی تێکەوت.

لە کاتێکدا سودانی بەڵێنی دا کە ڕێگە نەدات خاکی عێراق بۆ تێکدانی ئاسایشی ئێران بەکاربێت خامەنەئی گوتی " بەداخەوە لە ئێستادا لە هەندیک بەشی عێراقدا ئەمە ڕوودەدات."

نوسینگەی سەرۆک وەزیری عێراقیش لە تویتێکدا باسی لە کۆبونەوەکەیان و بەڵێنەکەی سودانی کردووە.

دیدارەکەی سودانی لەگەڵ ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی پاش دانوستانەکانی لەگەڵ ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران بوو کە لەو کۆبونەوەیەشدا شەڕی دژ بە " تیرۆر" ئاسایشی هاوبەش و هاوکاری ئابووریان وەک ئەرکە سەرەکییەکان دەستنیشان کرد.

ئەمە یەکەم سەردانی فەرمی سودانی بوو بۆ تاران لەوەتای لە مانگی ڕابردووەوە بوو بە سەرۆک وەزیرانی عێراق.

لە کۆنگرەیەکی هاوبەشی ڕۆژنامەوانیدا ئیبراهیم ڕەئیسی گوتی "لە ڕوانگەی ئێمە و حکومەتی عێراقەوە ئاسایش و ئاشتی و هاوکاری و سەقامگیری ناوچەکە زۆر گرنگە."

سودانیش گوتی " حکومەتەکەمان سورە لەسەر ئەوەی ڕێگە نەدات هیچ گروپ و لایەنێک خاکی عێراق بەکاربهێنێت بۆ بنکۆڵکردن و تێکدانی ئاسایشی ئێران."

لەدوای خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان لە دوای مەرگی ژینا ئەمینی ، کۆماری ئیسلامی ئێران سەرەڕای هەڕەشەکانی چەندین جار هێرشی کردۆتە سەر بنکە و بارەگای حزبە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران لە ناو هەرێمی کوردستان لە کاتێکدا تۆمەتباریان دەکات بە هاندانی خۆپیشانە ناڕەزایەتییەکانی ناو ئێران. ئەو هێرشانە چەندین کاردانەویە ناوخۆیی و جیهانی لێ کەوتووەتەوە و ئەمەریکا و نەتەوە یەکگرتووەکانیش هێرشەکانیان شەرمەزارکرد.

بەشێک لەزانیارییەکانی ئەم هەواڵە لە ئاژانسی فرانس پرێس وەرگیراوە

XS
SM
MD
LG