Accessibility links

پێنتاگۆن: هێرشە ئاسمانییەکەی تورکیا لە سوریا هەڕەشەی لەسەر پارێزراویی سەربازانی ئەمەریکا دروست کردووە


وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا، واشنتن

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ' پێنتاگۆن ' دەڵێت هێرشە ئاسمانییەکەی تورکیا لە سوریا هەڕەشەی بۆ سەر پارێزراویی سەربازە ئەمەریکاییەکان دروستکردووە و ڕەوشەکە خراپ دەکات و چەند ساڵێک لە بەرەوپێشچوونەکان دژی ڕێکخراوی داعش دەخاتە مەترسییەوە.

تاوەکو ئێستا ئەم لێدوانە ئاشکرایەی ئەمەریکا بەهێزترین سەرکۆنەکردنی ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکانی تورکیایە لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا دژی هێزە کوردییەکانی باکووری سوریا.

وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا جەنەڕاڵی هێزی ئاسمانی پات ڕایدەر لەبەیاننامەیەکدا وتی " هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمدواییانە لە سوریا ڕاستەوخۆ هەڕەشەی بۆ سەر پارێزراوی سەربازانی ئەمەریکا دروست کردووە کە لە سوریا لەگەڵ هاوبەشە ناوخۆییەکاندا کاردەکەن بۆ لە ناوبردنی داعش و هێشتنەوەی زیاتر لە 10 هەزار بەندکراوی داعش لە زیندانەکاندا."

ڕایدەر وتی خراپبوونی بارودۆخەکە بەرەوپێشچوونەکانی لە شەڕی دژ بە ڕێکخراوی داعشدا لە ناوچەکەدا خستۆتە مەترسییەوە.

وتیشی ئەمەریکا دان بە " نیگەرانییە ڕەواکانی تورکیادا " دەنێت.

وتیشی " کەمکردنەوەی گرژییەکان دەستبەجێ پێویستن بۆ پاراستنی سەنگ خستنەسەر ئەرکی لە ناوبردنی داعش و دڵنیا بوونەوە لە پارێزراویی و ئاسایشی ئەو سەربازانەی کە پابەندن بە ئەرکی لە ناوبردنی داعشەوە."

ئەمەریکا نزیکەی 900 سەربازی لە سوریادا هەیە، زۆربەی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریادان، لەوێ لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکراتدا کاردەکەن کە لەلایەن شەڕکەرە کوردەکانی یەپەگەوە ڕابەرایەتی دەکرێت، ئەوەش بەمەبەستی شەڕکردن دژی پاشماوەی چەکدارانی داعش لە ناوچەکەدا.

ڕۆژی چوارشەممە سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەرۆدغان وتی ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکانی تورکیا لە دەستپێکدان و کاتێک پێویست بێت هێرشێکی زەمینی ئەنجام دەدات.

جێی ئاماژەیە ئەمە یەکەمین جار نیە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا لە باکووری سوریا سەربازانی ئەمەریکایان خستبێتە مەترسییەوە. لە ساڵی 2019 دا هێزەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا کەوتنە ژێر بۆردومانەکانی تورکیاوە، کە لەو کاتەدا تورکیا هێرشێکی دژی هێزە کوردییەکانی هاوپەیمانی ئەمەریکا ئەنجامدەدا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG