Accessibility links

بەرپرسی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت داوای کردووە سەردانی ئێران بکات بەڵام وەڵامی نەدراوەتەوە


بەرپرسی نوێی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی پێنجشەممە ئاشکرای کرد کە لە مانگی ڕابردووەوە و لەوکاتوەی دەستبەکاربووە، پێشنیاری سەردانی ئێرانی کردووە بەڵام تا ئێستا هیچ وەڵامێکی نەدراوەتەوە.

ڤۆڵکەر تورک، کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی " پێشنیازی ئەوەم کرد برۆم بۆ ئێران، هەروەها ئامادەییەکی بەهێزترم لە ئێران پێشکەشکرد – ئێمە هیچ ئۆفیسێکمان لەوێ نییە- بەڵام هەتا ئێستا هیچ وەڵامێکم پێنەگەیشتووە."

ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەم قسانەی لە دەرەوەی کۆبونەوەیەکی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەیامنێران کرد. ئەو کۆبونەوەیە تایبەت بوو بە تاوتوێکردنی چۆنیەتی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەکی ئاستبەرزی تایبەت لەسەر سەرکوتکارییەکانی ڕژێمی ئێران دژ بە خۆپیشاندەران لە وڵاتەکەدا.

ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران (IHR) ڕۆژی سێشەممە لە ڕاپۆرتێکیدا ڕایگەیاند هێزەکانی ئێران تەنها لە هەفتەی ڕابردوودا لە میانەی سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکاندا 72 کەسیان کوشتووە لەوانەشدا 56 کەسیان لە کوردستانی ئێران بوون. هەروەها ڕێکخراوەکە دەڵێت لەوەتای خۆپیشاندانەکان لە مانگی نۆوە دەستیان پێکردووە 416 کەس لە سەرانسەری ئێراندا لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە کوژراون، 51 لەوانە منداڵن و 21یان ژنن.

لەوەتای مەرگی ژینا ئەمینی لە 16 ی مانگی 9 وە لەژێر دەستی پۆلیسی ئاکار لە تاران، ئێران بووە بە گۆڕەپانی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی. ئەم خۆپیشاندانانەی ئێران گەورەترین ناڕەزایەتی خەڵکە لەوەتای شۆڕشی ئێرانەوە لە ساڵی 1979. ئێران وڵاتانی نەیاری بە هاندانی خۆپیشاندەران تۆمەتبار دەکات.

XS
SM
MD
LG