Accessibility links

ئەمەریکا سزا دەسەپێنێت بەسەر سێ کاربەدەستی ئێرانی، بەهۆی توندوتیژییەکانی دژ بە خۆپیشاندەران لە ناوچە کوردنشینەکاندا


وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت نیگەرانە لەمەڕ پەرەپێدانی توندوتیژی بەرامبەر بە خۆپیشاندەرانی ئاشتیخوازانە لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە.

وەزارەتەکە دەڵێت " ئەمڕۆ ئێمە هەنگاوێکی دیکە دەگرینەبەر لە کاتێکدا کە دەوترێت هێزە ئەمنییەکانی ئێران لەوان هێزەکانی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی، سەرکوتکردنی توندوتیژانەیان لە دژی ناڕەزایەتییە ئاشتیخوازەکانی دژە حکومەت لە ئوستانی کوردستانی ئێران و ناوچەکانی دەوروبەری چڕتر کردووەتەوە."

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکاش ڕۆژی چوارشەممە بڵاوی کردەوە سزای خستووەتە سەر سێ بەرپرسی ئاسایشی ئێران بەهۆی " سەرکوتکردنی بەردەوامەکانی ڕژێمی ئێران دژ بە خۆپیشاندەران لە سەرانسەری وڵاتەکە، لە ناویاندا ئەوانەی ئەمدواییانەی ناوچە کوردنشینەکان."

برایەن نێڵسن، جێگری وەزیری خەزێنە بۆ کاروباری تیرۆرزم و زانیاری دارایی دەڵێت " ڕژێمی بە پێی ڕاپۆرتەکان، منداڵانی خۆی دەکاتە ئامانج و دەکوژێت، ئەوانەی ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و داوای داهاتوویەکی باشتر دەکەن." ئەو پێشێلکاریانەی کە لە ئێران بەرامبەر بە خۆپیشاندەران ئەنجام دەدرێن، لەناویاندا ئەوانەی ئەم دواییانە لە مەهاباد روویدا، دەبێت ڕابگیرێن."

ئەوانەی کە ڕۆژی چوارشەممە دەستنیشان کراون بۆ سزاکان بریتین لە کاربەدەستە باڵاکانی شاری سنە حەسەن ئەسغەری، فەرمانڕەوای سنە و عەلیڕەزا مورادی سەرکردەی هێزەکانی چەسپاندنی یاسا لە سنە وە هەروەها محەمەد تەقی ئۆسانلو سەرکردەی هێزەکانی سوپای پاسداران کە چاودێری ئوستانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا دەکات کە بریتیشە لە شاری مهاباد.

خۆپیشاندانەکانی ئێران لە 16 ی مانگی 9 وە دەستیانپێکرد، لەو کاتەوەی ژینا ئەمینی کچە کوردێکی خەڵکی سەقز لە کاتێکدا لە لایەن پۆلیسی ئاکارەوە بەهۆی گوایە ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ لە تاران دەستبەسەرکرابوو، کوژرا. ئەم خۆپیشاندانانە گەورەترین خۆپیشاندانی ناڕەزایەتییە لە ئێران لەوەتای شۆڕشی ئیسلامی ساڵی 1979 وە.

ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران (IHR) ڕۆژی سێشەممە لە ڕاپۆرتێکیدا ڕایگەیاند هێزەکانی ئێران تەنها لە هەفتەی ڕابردوودا لە میانەی سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکاندا 72 کەسیان کوشتووە لەوانەشدا 56 کەسیان لە کوردستانی ئێران بوون. هەروەها ڕێکخراوەکە دەڵێت لەوەتای خۆپیشاندانەکان لە مانگی نۆوە دەستیان پێکردووە 416 کەس لە سەرانسەری ئێراندا لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە کوژراون، 51 لەوانە منداڵن و 21یان ژنن.

XS
SM
MD
LG