Accessibility links

تورکیا هێرش دەکاتە سەر ڕۆژئاوای قامشلۆ نزیک گرتووخانەی چەرگین


تورکیا بە چوار تۆپی هاوەن هێرشێکی کردووەتە سەر ناوچەیەک لەڕۆژئاوای قامشلۆ. ئەو تۆپانەی ئەمڕۆ چوارشەممە لە دەوروبەری گرتووخانەی چەرگینی داوە، کە بەسەدان زیندانی داعشی تێدایە.

زانا عومەر پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا لە قامشلۆ دەڵێت کاربەدەستانی ئاسایشی ناوخۆ ،کە نۆبەداری ئەو گرتووخانەیە دەکەن ڕایانگەیاندووە کاتێک زیندانییەکان گوێیان لە دەنگی تۆپەکان دەبوو دروشمی دژی هێزەکانی هاوپەیمانان و هێزەکانی سوریای دیموکراتیکیان دەگوتەوە.

سەرۆکی تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لە سەرەتای ئەم هەفتەیە ئۆپەراسیۆنی لەشکری بە ناوی چنگی شمشێر بۆ سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا ڕاگەیاند سەر لە بەیانی ئەمرۆ چوارشەممەش بە پەرلەمانتارانی وڵاتەکەی گوت، لە هەر کات وساتێک کە بۆمان باش بێت هێرشی زەمینیش دەستپێدەکەین. تورکیا هێزەکانی سوریای دیموکراتیک لەو ناوچەیە، کە هاوپەیمانی سەرەکی ئەمەریکا بوون لە دژی داعش، بە ئەنجامدانی هێرشەکەی ئەستەنبوڵ تۆمەتبار دەکات، هەرچەندە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر ڕەتی دەکاتەوە.

هاوکاتی زیاد بوونی گرژی و ئاڵۆزییەکان لەو هەرێمە ئەمەریکاش داوای هێورکردنەوەی ڕەوشەکە دەکات و نێوەندی فەرماندەیی لەشکری ئەمەریکا CENTCOM دەڵێت " ئێمە دژی هەر کردارێکی لەشکرین کە ڕەوشی سوریا ناسەقامگیر بکات. ئەم کارانە هەڕەشە لە ئامانجە هاوبەشەکانمان دەکەن، لەوانەش بەردەوامی شەڕی داعش بۆ دڵنیابوون لەوەی ئەو گروپە هەرگیز نەتوانێت سەرهەڵبداتەوە و هەڕەشە لە ناوچەکە بکات."

هەروەها دەشڵێت " زانیاریمان پێگەیشتووە کە مەترسی لەسەر سەرباز و کارمەندانی ئەمەریکا هەبووە."

هەرچەندە CENTCOM شوێنی مەترسییەکەی ئاشکرا نەکردووە بەڵام چەند سەرچاوەیەکی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک و سەرچاوەکانی تری ئەمەریکا دەڵێن بنکەکەیان لە نزیک حەسەکە بووە.

XS
SM
MD
LG