Accessibility links

بەرپرسێکی حزبی دیموکراتی کوردستان: ئێران نیازی هێرشی بۆ سەر ئەو کەمپانە هەیە کە خەڵکی سڤیل لێی نیشتەجێن


لە دوای هێرشەکانی ڕژێمی ئێران بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حزبە کوردییەکانی ئۆپزسیۆنی ئێران لە ناو هەرێمی کوردستان، لە ئێستادا ئەو حزبانە دەڵێن مەترسی و هەڕەشە لەسەر ئەو کەمپانە هەیە کە خەڵکی سڤیل تیایدا نیشتەجێن.

بەرپرسیکی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دەڵێت زانیارییان هەیە کە " ڕژێمی ئێران هێرشەکانی بەردەوام دەبیت و لە ماوەکانی داهاتووشدا نیازی بە ئامانجگرتنی کەمپەکانی هەیە کە هەموو دانیشتوانەکەی خەڵکی سڤیلن."

كۆی کەمەپەکانی حزبە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران لە هەرێمی کوردستاندا 7 کەمپە لەوانەشدا، سیانیان تایبەتن بە حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و ژمارەیەکی زۆر لە خێزانەکان تیایاندا نیشتەجێن.

ئامانج زیبایی، ئەندامی سەرکردایەتی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ئاماژەی بەوە کرد لەگەڵ ئەوەی دانیشتوانی کەمپەکان خەڵکی سڤیلن، بەڵام ڕژێمی ئێران ئامادەکاری دەکات بۆ هێرشکردنە سەر کەمپەکان.

بەڕێز زیبایی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " بەپێی دوا زانیاریەکان کە بە ئێمە گەشتووە، فەرمانگەی قەرارگای هەمزە ئوستانلوو، باسی لەوە کردووە کە ئامجار ئەگەری زۆرە لە کەمپەکان بدەن. ناوی کەمپەکانی هێناوە و باسی گردە چاڵ و ئەو کەمپانەی تری کردووە کە ئێمە لێی نیشتەجێین. من وەک خۆم گریمانەی ئەوە دەکەم ئەمجارە، بەو پێیەی کەمپەکانی هەولێرمان لە شوێنی نیشتەجێبوونی هاوپەیمانان نزیکە گریمانەی ئەوە دەکرێت ئەمجارە بە ناوی ئێمەوە هێرش بکات. هەرچەندە مێژووی ئەو ڕژێمە کاری لەو جۆرەی زۆر تێدایە. لە کارنامەی ڕەشی کۆماری ئیسلامی ئێران هێرش بۆ سەر خەڵکی سڤیل و مەدەنی هەمیشە هەبووە. کاتێک ویستویەتی تاوانێک بکات دەستی لە هیچ نەپاراستووە، هەر وەک لە هێرشی 28 ی سێپتەمبەردا دنیا شاهید بوو. منداڵێکی شەهید کرد کە هێشتا لە دایک نەببو. بۆیە بەپێی ئەو کارنامە ڕەشەی کە کۆماری ئیسلامی هەیەتی و هەمیشە دەستی سوور بووە بە خوێنی بێتاوانانی کورد بۆیە، ئەگەری ئەوە هەیە هێرش بکات، چونکە ئەو شوێنانەی پێشتریش هێرشی کرددوە هەر شوێنی خەڵکی مەدەنی بوون. ئێمە هێزی پێشمەرگەمان لەو شوێنە نییە. ئەو کەسانەش کە دەیانبینن لە میدیاکاندا پاسەوانی شوێنە مەدەنیەکانن".

سەبارەت بە ئەگەری هێرشی دووبارە و میکانیزمی خۆ پاراستنی خەڵکی مەدەنی و دانیشتوانی کەمپەکان ئەو بەرپرسە دەڵێت " بەپێی پێویست خۆپارێزی کراوە. لەبەر باری ئەمنی ناتوانم ئاماژە بە هەموو شتەکان بکەم، بەڵام ئامادەکاری کراوە. هەر وەک پێشتریش پێموتن، ئێمە دوژمنەکەمان باش دەناسین و دەزانین لە کاتی ئاواد دەتوانێت هەموو دڕندەییەک بەکاربهێنێت دژی ئێمە. بۆیە ئامادەکاریمان کردووە بە پێی پێویست. هیوادارین کە شتێکی وا ڕوونەدات، بەڵام کۆماری ئیسلامی دەیەوێت ئەو خۆپیشاندانانانەی کوردستان و ئێران، بەوە بە لاڕێدا ببات. فۆکەسی خەڵکی دەرەوەی ئێران بخاتە سەر ئەم هێرشانە".

سەبارەت بە بەشداری پێشمەرگە لە ئاڵۆزی و خۆپیشاندانەکانی ئێراندا، کە بە پێی هەواڵێکی ئاژانسی تەسنیمی ئێران 100 کەسی سەر بە حزبە جودا بیرخوازەکانن دەستگیرکردووە، ئەو بەرپرسە دەڵێت "بە هیچ شێوەیەک هێزی پێشمەرگەی ئێمە نەجوڵێنراوە. لە سیاسەت و بەرنامەی حزبیشدا نییە تا ئەم دەقەیەی من قسە دەکەم. بە مەسولیەتەوە دەیڵێم هیچ پێشمەرگەیەکی حزبی دیموکرات لە باشورەوە نە نێردراوەتە ئێران. ئێمە بە نیازی ئەوە نین."

ئامانج زیبایی، ئەندامی سەرکردایەتی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە درێژەی قسەکانیدا گوتیشی " کۆماری ئیسلامی بۆخۆی هۆکاری خۆپیشاندانەکانە، چونکە ئەوان ژیانیان لە خەڵک تێکداوە. دوور نییە خەڵکی ناڕازی بگرێت و بە زۆرەملێ دانپیدانانی پێ بکات بە ناچاری وتۆماری بکات و بڵاویشی بکاتەوە. بەڵام ئێمە بە هەموو شێوەیەک ئەوە ڕەت دەکەینەوە".

لە پاش خۆپیشاندانەکانی ئێران کە بەهۆی ناڕەزایەتی لە مەرگی ژینا ئەمینی دەستیپێکرد و پاشان تەشەنەی سەند، کۆماری ئیسلامی ئێران لە دوو کاتی جیاوازدا هێرشی کردە سەر بنەکەو بارەگاکانی حزبە کوردییە ئۆپزسیۆنەکانی ئێران. لە 28 ی مانگی نۆ ئێران بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تۆپخانەکان هێرشی کردە سەر قەڵای دیموکرات لە کۆیە، بنکەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە زڕگوێز و بنکەی پارتی ئازادی کوردستان لە پردێ. لەو هێرشانەدا 16 کەس کوژراون و دەیان کەسیش بریندار بوون. دواین هێرشیش لە ڕۆژی 14 ی مانگی 11 بوو کە بە مووشەک هێرشی کردە سەر قەڵای دیموکرات لە کۆیە لەو هێرشەشدا 2 گیانیان لەدەست دا و 8 کەسی دیکەش بریندار بوون. سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیارێتی هێرشەکانی گرتووەتە ئەستۆ.

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:20 0:00

XS
SM
MD
LG