Accessibility links

کاردانەوەکان لەسەر هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان


پاش هێرشەکانی سەرلەبەیانی ڕۆژی دووشەممە بۆ سەر بنکە و بارەگای حزبە کوردییەکانی ئۆپزسیۆنی ئێران لە ناو هەرێمی کوردستان، سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە گرتە ئەستۆ و ڕایگەیاند " لە ڕێگای درۆن و موشەکەوە بۆردومانی حزبە جوداخوازەکانی ئێرانمان لە ناو هەرێمی کوردستان کردووە". بە پێی سەرچاوەکانی دەنگی ئەمەریکا هەتا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و هەشت کەسیش برینداربوون.

حاکم تاریق حەیدەری قایمقامی کۆیە بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنج موشەک بەر قەڵای دیموکرات کەوت لە شاری کۆیە، تا ئەم ساتە دوو شەهید هەیە، هەروەها هەشت کەسیش بریندار بووە، سەبارەت بە بارودۆخی کۆیە خەڵکەکە لە دۆخێکی نائارامدایە. "

بەرپرسانی هەرێمی کوردستان هێرشەکە شەرمەزار دەکەن. سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانی لە میانەی وتارێکیدا لە ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی ئینستتوتی داهێنان و نێگەری ڕایگەیاند " هەرێمی کوردستان دەیەوێت جەخت لەوە بکاتەوە کە فاکتەری سەقامگیری بێت لە ناوچەکە و دەیەوێت پەیوەندی باشی لەگەڵ هەموو دراوسێکانیدا هەبێت، لەو چوارچێوەیەشدا دەیەوێت لەگەڵ ئێراندا پەیوەندییەکی باشی هەبێت. ئەوەی ئێمە لە تواناماندا هەبووە کردوومانە و بەردەوامیش دەبین." سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتیشی "نابێت هەرێمی کوردستان ببێت بە سەرچاوەیەکی هەڕەشە بۆسەر وڵاتانی دراوسێ، بەڵام لە ئەوەشدا ئێمە هیچ بیانویەک بۆ ئەو موشەکبارانانە و ناردنی ئەو درۆنانە بۆ کوردستان نابینین".

هەر لە هەمان ڕێوڕەسمدا سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانیش هێرشەکانی شەرمەزار کرد و گوتی " ئێمە لەلایەکەوە ئیدانەی ئەم دەستدرێژییەو پێشێلکردنی سەروەری خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەین لە هەمانکاتیشدا تەمەننای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین و ئارەزوش دەکەین کە شەهیدەکان جێگایان بەهەشت بێت."

جگە لە کاردانەوە ناوخۆییەکان ئەم هێرشانە کاردانەوەی جیهانیشی لێکەوتووەتەوە و ئەڵینا ڕۆمۆنۆسکی باڵیۆزی ئەمەریکا لە بەغدا لە ڕاگەیەنراوێکدا بە توندی ئیدانەی هێرشەکانی ئێرانی کرد و ڕایگەیاند" ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هێرشی موشەکی و درۆنی ئەمڕۆی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان بە توندی ئیدانە دەکات و داوا لە ئێران دەکات هێرشەکانی بۆ سەر دراوسێکەی و خەڵکی عێراق بوەستێنێت. هاوشانی سەرکردەکانی حکومەتی عێراقی لە بەغداد و هەرێمی_کوردستان ڕادەوستین و ئیدانەی ئەم پێشێلکاریانەی سەروەریی عێراق دەکەین. "

نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق UNAMI لە ڕاگەیاندنێکیدا ئیدانەی ئەوە هێرشانە دەکات و دەڵێت نابێت عێڕاق بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان بەکاربێت.

لەماوەی کەمتر لە دوو مانگدا ئەمە دووهەمجارە ئێران بۆردومانی بنکە و بارەگاکانی حزبە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکانی لە ناو خاکی هەرێمی کوردستان دەکات، پێشتر لە کۆتایی مانگی ئەیلول بەهۆی بۆردومانەکانی ئێران لە کۆیە، زڕگوێز و پردێ نزیکەی بیست کەس گیانیان لە دەستدا و زیاتر لە ٦٠ کەسیش برینداربوون.

ئەم هێرشانە نائارامی و دڵە ڕاوکێی لەلای خەڵکی ناوچەکە دروست کردووە قایمقامی کۆیە لە لێدوانەکەیدا بۆ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا دەڵێت سەرەڕای ئەو نائارامیەی بەهۆی ئەو بۆردومانانەوە لە ناو خەڵکیدا دروستبوون ، هاوکات تا ئێستاش بەشێک لەو کەسانەی بەهۆی بۆردومانی پێشووەوە ئاوارە بوون نەگەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان "ئەو قەڵایەی دیموکرات کە لەلایەن ئێڕانەوە بۆردومان کراوە، نزیکە لە گوندی هەرمۆتەی مەسیحی نشینی کۆیەوە، هەروەها ئەو دوو کەمپەی کوردەکانی لێییە بەهۆی بۆردومانەکانی پێشوەوە تا ئێستاش نەیانتوانیووە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان لەناو کۆیە و سلێمانی و هەولێر بەسەر ماڵەکاندا پەرت و بڵاوبونەتەوە. "

حاکم تاریق وتیشی" ئەو بۆردومانانەی ئێران جگە لە کاریگەری بۆ سەر ئەو کەمپانەی کوردەکانی ڕۆژهەڵات هاوکات کاریگەری لەسەر ناوخۆی کۆیەش کردووە، چونکە ئەو دوو کەمپە وا دادەنرێت لە ناو شاری کۆیەن و لەناو سنوری شارەوانی کۆیەیە، هەر ئەمڕۆ لەکاتی بۆردومانەکان هاوڵاتییەک کە نەخۆشی دڵی هەبوو دانیشتووی ناو شاری کۆیەبوو بەهۆی دەنگی بەرزی بۆردومانەکەوە توشی سەدمە بوو کۆچی دوایی کرد. "
پێشتر چەند جارێک بەرپرسانی باڵای ئێران هۆشدارییان دابوو بە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان ئەگەر ئەو لایەنە کوردییە ئۆپۆزسیۆنانەی ئێران لەناو هەرێم دەرنەکەن یا لەچەک دانەماڵرێن ئەوا ئێران لەهێرشەکانی بەردەوام دەبێت، لای خۆشییەوە لە لێدوانێکی پێشتری نوێنەری حکومەتی هەرێم لە تاران(نازم دەباغ) ئەوەی بە دەنگی ئەمەریکا وتبوو" ئێران لە مێژە ئەو داواکارییەی هەیە، خۆ ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام هۆكار هه‌بێت بۆئه‌وه‌ی ئێران تۆپباران بكات، ئه‌وكاته‌ش حكومه‌تی هه‌رێم ده‌بێت بیر له‌ بژارده‌ی تر بكاته‌وه‌.



لەدوای مەرگی ژینا ئەمینی ئەو کچە کوردەی بەهۆی گوایە ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرە ملێ لەلایەن پۆلیسی ئاکاری ئێرانەوە دەسگیرکرابوو، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان لە ئێران بەردەوامن. بەرپرسانی ئێرانیش جگە لە سەرکوتکردنی خەڵک و پشتیوانانی ئەو ناڕازییە لە ناوخۆی وڵاتەکە، هاوکات بەردەوام هەڕەشەی بەکارهێنانی هێز دەکەن بۆ ئەو حزب و لایەن و وڵاتانەی ئێران بە هاندەری ئەو خۆپیشاندانانەی دەزانێت، هاوکات کۆماری ئیسلامی ئێران ئەو حزب و لایەنە کوردییە ئۆپۆزسیۆنانە بەوە تۆمەتبار دەکات کە هاندەر و بەشدارن لەو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییانەی ئێران، بەتایبەت لەناوچە کوردییەکاندا.

XS
SM
MD
LG