Accessibility links

بیل کڵنتن پەیامێک پێشکەش بە خۆپیشاندەرانی ئێران و کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی دەکات


بیڵ كڵنتن سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا لە پەیامێکی تایبەتیدا پشتیوانی خۆی بۆ خۆپیشاندەرانی ئێران دەربڕی.

کڵنتن لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە لە هەژماری تویتەری خۆی بڵاوی کردووەتەوە دەڵێت " من سەرسام بووم بەو بوێرییەی گەلی ئێران نیشانی داوە، بەتایبەتی ژن و کچە ئازاکان کە خەبات بۆ ئازادی خۆیان دەکەن. ئەم خەباتە زیاترە لەوەیە لەسەر سەرپۆش بێت. ئەمە شەڕێکە بۆ مافە سادەکان، مافی قسەکردن و ئازادی کۆڕ و کۆبونەوە، مافی دەرکەوتنی بەبێ پەردە، مافی یەکسانی لەبەردەم دادگانی یاسادا، مافەی بەدیهێنانی ئەو خەونانەی کە بۆ خۆیان و منداڵەکانیان دەیبینن و مافی داهاتوویەکی کە بتوانن بۆ خۆیان دایڕێژن. "

کڵنتن کە لە ساڵی 1993 بۆ 2001 سەرۆکی ئەمەریکا بوو و لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا چەندین بڕیاری بۆ قەدەغەکردنی بازرگانی لەگەڵ ئێراندا دەرکرد، لە پەیامەکەیدا دەشڵێت " من بەشداری لە بانگەوازەکانی هەموو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەم تا کۆماری ئیسلامی دەستبەجێ ڕفاندنی خۆپیشاندەران بوەستێنێت، و هەموو زیندانییە سیاسییەکان ئازاد بکات کە زۆربەیان پێویستیان بە چارەسەری دەستبەجێ هەیە. بەشێکی زۆریشیان بێسەروشوێنن."

پاشان کڵنتن لە پەیامەکەیدا ڕووی دەمی دەکاتە خەڵکی ئێران و دەڵێت " جیهان بوێری ئێوە دەبینێت. هەتا ئەو کاتەی کە پێویستە بۆ گەیشتن بە ئازادیتان لەگەڵتاندا دەوەستین."

پاشانیش وتەکانی ئاڕاستەی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی کرد و گوتی " گەلانی ئێران پێویستیان بە ئێمەیە. ئەوان دەیانەوێت ببن بە بەشێک لە کۆمەڵگەی جیهانیمان. ئێرانییەکان خوێندەوارن، خاوەن پیشەسازی بەرزن، داهێنەر و وردبینن. ئەوان پەیوەندییەکی ئاساییان لەگەڵ ڕۆژئاوادا دەوێت و شایستەی پشتیوانی ئێمەن."

خۆپیشاندانەکانی ئەمدواییەی ئێران لە مانگی 9 وە بەردەوامن. سەرەتا بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین لە مەرگی مەهسا (ژینا) ئەمینی دەستیپێکرد کە لەلایەن پۆلیسی ئاکار ناسراو بە گەشتی ئیرشاد لە تاران بەهۆی ئەوەی گوایە ی حیجابی زۆرەملێ پشتگوێخستبوو دەسگیرکرابوو. بەڵام پاشان خۆپیشاندانەکان بوون بە شۆڕشێکی داواکاری مافی یەکسانی و ئازادی ژنان لە ئێراندا.

ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران لە دواین ڕاپۆرتیدا کە ڕۆژی 16ی 11 بڵاوی کردەوە دەڵێت لەوەتای دەستپێکردنی ئەم شەپۆلی ناڕەزایەتییانە لە سەرانسەری ئێراندا زیاتر 343 کەس لە کۆی 22 ئوستانەکەی ئێراندا کوژراون کە 43 لەوانە منداڵن و 26یشیان ژنن. ڕێکخروەکە دەشڵێت 5 خۆپیشاندەریش لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە سزای مەرگ دراون.

جگە لەمەش هەزاران کەس دەستگیرکراون و بێسەوشوێنن، بەشێکی زۆریش لە دەسگیرکراوەکان بریندارن و پێویستان بە چارەسەرکردنی دەستبەجێ هەیە.

ئێران وڵاتانی ڕۆژاوا بە دەستێوەردان لەم خۆپیشاندانانە تۆمەتبار دەکات و چەندین لە باڵیۆزەکانی وڵاتانی لە تاران بانگکردووە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین.

XS
SM
MD
LG