Accessibility links

ئێران 11 کەس بە تۆمەتی کوشتنی ئەندامێکی سەربازی بەسیج تۆمەتبار دەکات


بەرپرسێکی دەسەڵاتی دادوەری ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند ئێران 11 کەسی بە تاوانی کوشتنی ئەندامێکی هێزی نیمچە سەربازی بەسیج تۆمەتبار کردووە کە هەفتەی ڕابردوو لە ڕێوڕەسمێکدا بۆ ڕێزلێنان لە مەرگی خۆپیشاندەرێک کوژراوە.

ڕووداوەکە ڕۆژی 3ی ئەم مانگە لە شاری کەرەجی پایتەختی پارێزگای ئەلبۆرز ڕوویداوە، کاتێک ماتەمگێڕان لە گۆڕستانێکدا بەشداریان لە چلەی حادسێ نەجەفی دەکرد دوای کوژرانی ناوبراو لەو شارەدا.

مردنی نەجەفی لە 21ی مانگی نۆدا، 5 ڕۆژ دوای دەستپێکردنی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئێران هات کە لە دوای مردنی ژینا ئەمینی لە ژێر دەستی پۆلیسدا سەریانهەڵدا، ئەمەش دوای دەستگیرکردنی بە تۆمەتی پێشێلکردنی یاساکانی حیجابی زۆرەملێ بۆ ژنان لە ئێران.

حوسێن فازلی هەریکاندی، سەرۆکی دەزگای دادوەری پارێزگای ئەلبۆرز ڕایگەیاند، 11 کەس لەنێوانیان ژنێک، بانگهێشت کراون و تۆمەتبارکراون بە کوشتنی ڕوحوڵڵا عەجەمیان ئەندامی بەسیج.

ماڵپەڕی میزان ئۆنلاین سەر بە دەسەڵاتی دادوەری بڵاویکردەوە، ئەو تۆمەتانە دوای لێکۆڵینەوەیەک هات کە وێنەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرانەوە، دەرکەوتووە کۆمەڵێک کەس هێرش دەکەنە سەر عەجەمیان و دەیکوژن.

بەپێی یاسای ئێران هەندێکیان ڕووبەڕووی سزا قورسەکان دەبنەوە کە سزای لە سێدارەدانە.
هەروەها تۆمەتبارن بە تێکدانی ئاسایشی گشتی و کۆبوونەوە بە مەبەستی ئەنجامدانی تاوان دژی ئاسایشی وڵات و پڕوپاگەندە دژی دەوڵەت.

سەرچاوە: فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG