Accessibility links

ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی و 12 نوێنەری ئەمەریکا داوای لێکۆڵینەوە لە پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران دەکەن


ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی (ئەمنستی ئینترنەشناڵ) 3ی مانگی یازدە ڕایگەیاند کە زیاتر لە 760 هەزار کەس لە 218 وڵات و هەرێم دەنگی خۆیان خستۆتە پاڵ دەنگی ئەو داواکارییانە کە خوازیاری دامەزراندنی لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆی نەتەوە یەکگرتووەکانن بۆ ئەوەی بە گوێرەی یاسا نێونەتەوەییەکان لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو تاوانە قورسانە بکرێت کە لە ئێران‌دا ئەنجام دراون.

لە 2ی مانگی یازدە نازەنین بۆنیادی، هونەرمەند و چالاکوانی بەریتانی بە ڕەگەز ئێرانی و باڵیۆزی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی بەریتانیا، داواکارییەکانی خەڵکی بۆ ئەنجامدانی کاری خێرا لەلایەن ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە گەیاندە بەرپرسانی ئەو ڕێکخراوە لە نیویۆرک. هەروەها دامەزراوە نیشتمانییەکانی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە سەرانسەری جیهان داواکارییەکانیان گەیاندە وەزارەتەکانی دەرەوە.

لە بەشێکی ڕاگەیەندراوەکەی ئەو ڕێکخراوەی مافەکانی مرۆڤدا، هێبا مۆرایف، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریکا گوتی:
“خەڵکی ئێران لە ناڕەزایەتی دەربڕینی بوێرانە و داواکانیان بۆ کۆتایی هێنان بە سەرکوتی بەربڵاو و دامەزراندنی سیستمێکی سیاسی کە ڕێز لە یەکسانی بگرێت و مافەکانی مرۆڤ بپارێزێت هەروا بەردەوامن. ئایا وڵاتانی ئەندامی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان وەڵامی هاواری خەڵک لە ئێران و چالاکانی سەرتاسەری جیهان دەدەنەوە بۆ ئەوەی بەپەلە میکانیزمێکی نێودەوڵەتی سەبارەت بەو تاوانانەی کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە ئەنجام دەدرێن، دابمەزرێنن؟”

هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە نەبوونی هەڵوێستێکی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی هانی دەسەڵاتدارانی ئێران دەدات هێزی کوشندە لە دژی خۆپیشاندەران چڕتر بکەنەوە و تا ئێستا زیاتر لە 200 کەسیان کوشتووە.

ئاماژەی بەوەشکرد “نەبوونی هەڵوێستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، دەسەڵاتدارانی ئێرانی وەها لێ کردووە هێزی نایاسایی لە دژی خۆپیشاندەران بەکاربهێنن لەنێویاندا هێزی کوشندە کە لەوەتەی خۆپیشاندانەکان لە مانگی نۆوە دەستیان پێکرد، زیاتر لە 200 کەسیان کوشتووە، لەنێویاندا 30 منداڵ.

هەڵبەت پێش ئەو ڕاگەیەندراوەی ئەمنستی، 10شارەزای نەتەوە یەکگرتووەکان لە نێویاندا ڕاپۆرتەری تایبەتی دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران، کە داوایان لە ئەنجومەنی مافی مرۆڤ کردووە هەنگاوی بە پەلە بنێت، لەوانە بە دامەزراندنی میکانیزمێکی لێکۆڵینەوەی نێونەتەوەیی سەبارەت بە ئێران لە میانەی دانیشتنێکی تایبەتدا. ئەم بانگەوازە لەلایەن ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی و 42 ڕێکخراوی دیکەی مافی مرۆڤیشەوە پاڵپشتی دەکرێت. وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ڕایگەیاند، ئەڵمانیا بانگەشە بۆ بانگهێشتکردنی دانیشتنێکی تایبەت بۆ دامەزراندنی میکانیزمی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە ئێران دەکات.

هەر لە ئەم پەیوەندییەدا، ئەندامانی هەردوو پارتی کۆماری و دیموکرات داوای پێکهێنانی کۆبوونەوەی تایبەتی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران دەکەن.

لە 7ی ئەم مانگە ئەندامی کۆنگرێس جیم کۆستا نوێنەری کالیفۆڕنیا لە نامەیەکدا کە لە لایەن 20 ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە لە 7ی ئەم مانگە واژاۆ کرا، داوا لە بەڕێوەبەرایەتی بایدن دەکات پشتگیری لە بانگهێشتکردنی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی ئەنجومەنی مافی نەتەوە یەکگرتووەکان بکات بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە لە پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن ئێرانەوە بکرێت لە نێویاندا سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئێران و پێشێلکاری بەربڵاوی مافەکانی ژنان.

ئەو ئەندامانە لە نامەیەکدا بۆ ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و لیندا تۆماس گرینفیڵد باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان نووسیویانە: “مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ لە ئێران لە ژێر هێرشدان. “لە دوای مەرگی دڵتەزێنی ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵ لە ژێر دەستی پۆلیسی ئەخلاقی ئێراندا بەهۆی ئەوەی گوایە سەرپۆشەکەی بە دروستی نەپۆشیووە، هەزاران ئێرانی بەشدارییان لە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی ئاشتیانەدا کردووە و داوا دەکەن کە ماف و ئازادییە سەرەتاییەکانیان ڕێزیان لێبگیرێت. ژنان و کچانی گەنج بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە حکومەتێک کە هەوڵدەدات چۆنیەتی جل و بەرگ و ڕەفتارەکانیان لە نێو خەڵکدا کۆنتڕۆڵ بکات، بە شێوەیەکی ترسناک لێیان دراوە.

هەروەها لەم داخوازییەدا هاتووە کە "بەپێی ڕاپۆرتەکان هێزە ئەمنییەکانی ئێران دەسترێژیان کردۆتە سەر خەڵک و گازی فرمێسکڕێژیان لە دژی خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز بەکارهێناوە و زیاتر لە 215 کەسیان کوشتووە کە لانیکەم 23 کەسیان منداڵ بوون. ئەم ئێرانییە بوێرانە شیاوی مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکانیانن.”

ئەو ئەندامانە جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە " پشتیوانی لەو کۆبوونەوە تایبەتە دەکەن بۆ ئەوەی شێوازێک لە لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ پێک بێت کە وەک ڕەحمان ڕێپۆرتەری تایبەت بە بەرەنگاربوونەوە پێشێکارییەکانی مافەکانی مرۆڤی ئێران داوای کردووە. پێویستە ئەمەریکا لەگەڵ هاوبەشە نێونەتەوەییەکاندا بەشداری بکات و داوای لێپرسینەوە و دادپەروەی بکات، هەروەها پشتیوانی لە داوای ئازادییەکان بۆ هەموو ئێرانییەکان بکات کە شایستەی ئەو ئازادییەن."

نامەکە لەلایەن نوێنەرانی ئەمەریکا کەتی مانینگ نوێنەری کاڕۆلینای باکوور و جۆو وێڵسۆن نوێنەری ویلایەتی کاڕۆلینای باشوورەوە سەرپەرشتی کرا.

XS
SM
MD
LG