Accessibility links

کۆبونەوەکانی سەرۆک بایدن لەگەڵ ژمارەیەک لە ڕابەرانی جیهان لە پەراوێزی لوتکەیی گروپی 20


Biden G20
Biden G20

سەرۆک بایدن هاوکاتی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوە لوتکەییەکەی وڵاتانی کۆمەڵەی بیستدا ژمارەیەک کۆبوونەوەی لەگەڵ ڕێبەرانی وڵاتاندا کردووە لەوانە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی چین و ڕێبەرانی ژاپۆن و کۆریای باشور و هەروەهاش لەگەڵ سەرۆکی تورکیادا.

کۆبوونەوەی سەرۆک بایدن و سەرۆکی تورکیا

سەرۆک بایدن ئەمڕۆ سێشەممە و لە پەراوێزی کۆبوونەوە لوتکەییەکەی وڵاتانی کۆمەڵەی 20دا کۆبوونەوەیەکی ڕانەگەیەندراوی کورتخایەنی هەبووە لەگەڵ سەرۆکی تورکیادا.
میدیاکانی تورکیا وێنەی سەرۆک بایدن و ڕەجەب تەیب ئەردۆغانیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەردا بڵاوکردۆتەوە.

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و سەرۆکی تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان
سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و سەرۆکی تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان

کۆشکی سپی پێشتر هیچ زانیارییەکی لەسەر ئەو کۆبوونەوەیە نەداوە و وەک ماڵپەڕی بلومبێرگ نوسیویە، تەنانەت هاوکاتی کۆبوونەوەکەش ڕێگەنەدراوە بەو پەیامنێر و ڕۆژنامەوانانەی یاوەریی سەرۆک بایدن دەکەن، ڕووماڵی ئەم کۆبوونەوەیە بکەن.

کۆبوونەوەی سەرۆک بایدن و سەرۆکی چین

دوای سێ کاتژمێر و نیو لەو کۆبوونەوەیەی نێوان جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا و سەرۆکی چین هەردوو ڕێبەر وەک ئاماژەیان پێکردووە بەرپرسیارێتی هاوبەشیان لە بەرامبەر ڕووداوەکاندا ڕاگەیاندووە و هەروەهاش بەرزکردنەوەی ئاستی هاوکاری و هەماهەنگییەکانی نێوانیان. لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆک بایدن جەختی کردۆتەوە لەوەی هیچ "پێویست بە شەڕی سارد ناکات" لە نێوان واشنتۆن و بێژینگدا و دەشڵێت "هەردوو وڵات تواناییان هەیە بۆ کۆنترۆڵکردنی جیاوازییەکانی نێوانیان و ڕێگەگرتن لەو جۆرە کێبڕکێیانەی وەردەچەرخێن بۆ قەیران."

هەرچی سەرۆکی وڵاتی چینە جەختی کردۆتەوە لەوەی بەرژەوەندییەکی زۆری هاوبەش هەیە لە نێوان هەردوو وڵاتدا و بێژینگ هیچ خواستێکی نییە بۆ هیچ جۆرە ئاڵنگارییەک لەگەڵ ئەمەریکادا.

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و سەرۆکی چین شی ژینگ پینگ
سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و سەرۆکی چین شی ژینگ پینگ

بەپێی سەرچاوەکان هەندێک بەرەوپێشچوون لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتدا هاتۆتە ئاراوە بەڵام لە هەمان کاتیشدا پێدەچێت بەشێکی کۆبوونەوەکە بۆ وەبیرهێنانەوەی هێڵە سوورەکانی نێوان هەردوو وڵات بووە وەک دۆسێی تایوان.

چین تایوان بە بەشێک لە خاکی خۆی دەزانێت. دورگەکە دیموکراتخوازە و بە شێوەیەکی دیموکراسی حکومەتەکەی هەڵبژاردووە و بانگەشەکانی پەکین بۆ سەروەری چین بەسەر تایواندا ڕەت دەکاتەوە. پەکین چەند جارێک ئەمەریکای تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی هاندانی تایوان بۆ سەربەخۆیی.

هەردوو سەرۆک هاوڕابوون و ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی نابێت بەهیچ جۆرێک چەکی ناوکیی لە جیهاندا بەکاربهێنرێت و شەڕی ناوکیی بکرێت یان تەنانەت هەڕەشەی بەکارهێنانی بۆمبی ناوکیی بکرێت، بەتایبەتیش لە ئۆکراین و هەردوو ڕێبەر جەختیان کردۆتەوە لەوەی دژی بەکارهێنانی ئەو جۆرە چەکەن و دەشڵێن ئەگەر چەکی ناوکی بەکاربهێنرێت ئەوا هیچ لایەک تیایدا سەرکەوتوو نابێت.

پێناچێت لە دوای کۆبوونەوەکەشیان توانرابێت وڵاتی چین بهێنرێتە ڕیزی ئەو وڵاتانەی بە فەرمی سەرزەنشتی شەڕی سەپێندراوی ڕوسیا دەکەن بەسەر ئۆکرایندا، ئەڵبەت ئەمە لەو ڕوانگەیەوەی دوای کۆبوونەوەکە وەزارەتی دەرەوەی چین لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ئاژانسی دەنگوباسی ژینهوا بڵاویکردۆتەوە دەڵێت سەرۆکی چین بە نیگەرانییەوە دەڕوانێتە ڕەوشی ئۆکراین و دەشڵێت وڵاتەکەی لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دانوستاندنی ئاشتیانەدایە لە نێوان ڕوسیا و ئۆکرایندا.

کۆبوونەوەی سەرۆک بایدن لەگەڵ ڕێبەرانی ژاپۆن و کۆریای باشور

سەرۆک بایدن بە جیا لەگەڵ هەردوو ڕێبەری ژاپۆن و کۆریای باشوردا کۆبوونەوەی هەبووە.

لەو کۆبوونەوانەشدا کە زیاتر ڕەهەندی ئاسایشی هەبووە بەتایبەتیش لەسەر مەترسیەکانی کۆریای باکور بۆسەر جیهان و بۆ ئەو ناوچەیەش، زیاتر بە مەبەستی ڕێکخستنی چۆنیەتی وەڵامدانەوەی هەڕەشە و مەترسییەکانی بەرنامە موشەکییە ناوکی و باڵیستیکییەکانی پێۆنگ یانگە بێگومان باسیش لە پێگە و هەڵوێستی وڵاتی چینیش کراوە لە ناوچەکانی ئۆقیانوسی ئارام
سەرۆک بایدن لەو دوو کۆبوونەوەیەشدا ئاماژەی بەوە کردووە "لەگەڵ ئەو هەموو گرفت و ئاڵۆزیانەی ڕووبەڕووی دەبینەوە بەڵام هاوکاری و ڕێکخستنی کاروبارەکان لە نێوان واشنتۆن و تۆکیۆ و سیۆڵدا لە ئێستادا لە هەموو کاتێک باشترە."

هەر لەو دوو کۆبوونەوەیەشدا سەرۆک بایدن باسی لەوە کردبوو ئەمەریکا و وڵاتی چین هێڵی پەیوەندی نێوانیان کراوەیە بۆ ڕێگە گرتن لە ڕوودانی هەر قەیرانێک.

XS
SM
MD
LG