Accessibility links

ئێران ژنێک بە تۆمەتی زانیاریدان بە کەناڵێکی تەلەفیزیۆنی ئۆپزسیۆن دەستگیردەکات


ژنێک کە ڕۆژی پێنجشەممە لە لایەن هێزەکانی ئاسایشی ئێرانەوە دەستگیرکرا، بە فەڕمی تاوانبارکرا بەوەی کە پەیوەندی هەبووە بە گواستنەوەی زانیارییەکان بۆ کەناڵێکی تەلەفیزیۆنی بنکە لە لەندەن کە فەرمانڕەوایانی ئاینی ئێران بە وروژاندنی نائارامییەکان تۆمەتباریان کردووە.

ئەم دەستگیرکردنە لە کاتێکدایە کە گەورەترین ئاستەنگ لەوەتای شۆڕشی ئیسلامی ساڵی 1979 وە هاتووەتە بەردەم دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە، لە کاتێکدا خۆپیشاندان لە سەرانسەری وڵات لە پاش مەرگی ژینا ئەمینی ئەو کچە کوردەی لەلایەن گەشتی ئیرشاد یان پۆلیسی ئاکاری ئێرانەوە دەستگیرکرابوو، بەرپا بووە.

ئاژانسی هەواڵی فارسی نیمچە فەڕمی ئێران ڕایگەیاند، هێزە ئەمنییەکانی ئێران کارمەندێکی کەناڵی ئێران ئینتەرناشناڵیی ئۆپزسیۆنیان بە ناوی ئیلهام ئەفکارییان دەستگیرکردووە، لەکاتێکدا هەوڵی هەڵاتنی لە وڵاتەکەی دەدا.

چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ ڕەتیان کردووەتەوە کە ئەفکاری هەوڵیدابێت لە ئێران هەڵبێت و دەڵێن لە شاری شیرازی باشووری وڵاتەکە، کە زێدی خۆیەتی، دەستگیرکراوە.

ڕۆژی سێشەممە، ئیسماعیل خەتیب، وەزیری ئیتلاعاتی ئێران، ئەو کەناڵەی بنکە لە لەندەنی بە ڕێکخراوێکی "تیرۆریستی" ناوبرد.

کەناڵی ئێران ئینتەرناشناڵ لە ڕاپۆرتە هەواڵییەکیدا دەڵێته "هێزەکانی ئاسایشی کۆماری ئیسلامی ئێران ئیلهام ئەفکاری خوشکی زۆرانبازی ئێرانی نەوید ئەفکاری، کە لە ساڵی 20202 لەسێدارە درا، دەستگیرکردووە و هەروەها هاوسەر و کچە تەمەن 3 ساڵانەکەشی دەسگیرکراون. میدیاکانی سەر بە دەوڵەتی ئێران بە ناڕاستانە دەڵێن ئەو سیخوڕی ئێران ئینتەرناشناڵ بووە."

نەوید ئەفکاری زۆرانبازێکی تەمەن 27 ساڵان بوو کە لە مانگی 9ی 2020دا لە سێدارە دراوە، دوای ئەوەی بە تۆمەتی کوشتنی پاسەوانێکی ئاسایش بە چەقۆ لەمیانەی خۆپیشاندانەکانی لە ساڵی 2018دا دەستگیرکرابوو. دوو برای ئەفکاری هێشتا لە زینداندان. نەوید و براکانیشی ڕووبەڕووی ئەشکەنجەدان بووبوونەوە لە زینداندا.

XS
SM
MD
LG