Accessibility links

چاودێرێکی سیاسی: ڕەنگە ترسێک لای سیستانی هەبێت لە هەڵوێستی بەرامبەر خۆپیشاندانەکانی ئێران


ئایەتوڵا عەلی سیستانی

نوسینگەی عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکان، لێدوانی یەکێک لەو کەسانە ڕەتدەکاتەوە کە ڕۆژی ڕابردوو وەک هەڵوێستی فەرمی سیستانی لەبارەی خۆپیشاندانەکانی ئێرانەوە میدیاکانی ئێران بەناوییەوە بڵاوییان کردەوە.

لە پەیامە کورتەکەی سیستانیدا هیچ هەڵوێستیکی پشتگیری یان دژی خۆپیشاندانەکان ڕانەگەیەندراوە.

چاودێرێکی سیاسی دەڵێت " ڕەنگە ترسێک لای سیاستانی هەبێت لە کاردانەوەی ئێران بەرامبەری سەرەڕای هۆکاری تریش و جگەلەوەی لەکارادنەوەی دەسەڵاتدارانی ئێران لەوانەیە بترسێت و لەهەمانکاتیشدا تەفرەقەیەکی گەورە دەخاتە ناو پیاوانی ئایینی کە دەکرێ لە کۆتایدا دژ بە بەرژەوەندی خودی سیستانیش بشکێتەوە. "

چاودێران پێشیان وایە هۆکاری پشتگیری نەکردنی سیستانی بۆ خۆپیشاندانەکان سەرەڕای ڕەتکردنەوەی ئەوە لێدوانەش بۆ نەبونی پەیوەندیی لە نێوان خۆپیشاندەران و پیاوانی ئاینی شیعە دەگەڕێتەوە. لەم بارەیەوە د. حسێن ڕابی چاودێری سیاسی و مامۆستا لە زانکۆی سلێمانی دەڵێت "لەوانەیە بگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کۆی خۆپیشاندانەکان دژ بە دەسەڵاتداری کۆمەڵایەتی و سیاسی پیاوانی ئایینی شیعەیە و کەمترین خاڵی هاوبەش لەنێوان چینی پیاوانی ئایینی و خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران هەیە، جا چ ئەو پیاوە ئایینیانە سەر بەحکومەتی ئێران بن چ سەر بە حکومەت نەبن. "

چەند جارێک بەرپرسانی ئێران بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هەڕەشەیان لەو وڵات و کەسایەتییانە کردووە کە لە دەرەوەی ئێرانن و پشتگیری و هانی خۆپیشاندەرانی ئێران دەدەن، ئەمە سەرەڕای ڕەشبگیری و دادگایی کردنی ئەو کەسانەی لەناوخۆی ئێرانن چ ئەوانەی کە خۆپیشاندەرن یا پشتگیری خۆپیشاندانەکان دەکەن.

دکتۆر حوسێن ڕابی
دکتۆر حوسێن ڕابی

د. حسێن ڕابی زیاتر وتی" هەڵوێستی سیستانی تاوەکو ئێستا خۆ بەدوور گرتن بووە لەوەی لە ئێران ڕوودەدا، هەر بەو هۆکارەشە بەرپەرچی قسەکانی نوێنەرەکەشی لە ئێران دایەوە، کە گوایە لەبابەتی سیاسیدا نوێنەرایەتی ئەو ناکات، لەوانەشە سیستانی ڕوخانی حکومەتی ئاخوندەکانی ئێران بە حەتمی ببینێت، هەر بۆیە سروشتییە هەوڵ بدات سفرەکەی لەوان جیابکاتەوە ".

ڕۆژی چوارشەممە میدیاکانی ئێران لە زاری جەواد شەهرستانی زاوای سیستانی، پەیامێکییان بڵاوکردەوە سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی ئێران کە تێیدا ڕایگەیاندبوو" ئیدانەی خۆپیشاندانەکانی ئێران دەکات و باوەڕی وایە ناڕەزاییەکان هەڵقوڵاوی ناو خەڵک نین، بەڵکو ئەوانە "کۆمەڵێک کەس کە دیارنییە چ دوژمنێک رێنماییان دەکات و لە کوێوە هاتوون".

بەڵام زوویەکی ڕۆژی پێنجشەممە نوسینگەی سیستانی لەبەیاننامەیەکی کورتدا ڕەتیکردەوە، ناوبراو هیچ نوێنەرێکی سەبارەت بە دەربڕینی هەڵوێستە سیاسییەکان هەبێت و ڕایگەیاند" بەڕێز سیستانی هیچ نوێنەرێکی بۆ دەربڕینی بۆچونە سیاسییەکانی نییە و هەمو جۆرە هەڵوێستێکی سیاسیش لە رێگەی نوسینگەکەیەوە دەبێت. "

ئەمەش لە کاتێکدایە ماوەی نزیکەی دوو مانگە خۆپیشاندانەکان لە زۆربەی شوێنەکانی ئێران سەری هەڵداوە، ئەمەش پاش گیان لەدەستدانی (ژینا ئەمینی) ئەو کچە کوردەی کە پاش دەستگیرکردنی لە لایەن پۆلیسی گەشتی ئیرشاد لە تاران، بە تاوانی دانەپۆشینی سەری بەتەواوی دەستگیرکرابوو.

بەپێی ڕاگەیەنراوی کۆمەڵەی چالاکوانانی مافی مرۆڤی ئێرانی کە ڕۆژی چوارشەممە بڵاویکردەوە، لەوتای سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەکان لە ئێران 328 هاوڵاتی ئێرانی بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان گیانیان لەدەستداوە، سەرەڕای دەستگیرکردن و دادگایی کردنی دەیان خۆپیشاندەر.

XS
SM
MD
LG