Accessibility links

چاودێرێک: دۆخی ئێران لە کۆنتڕۆڵ دەرچووە و درز لە نێوان سەرکردەکانی سوپاش دروستبووە


چاودێرێکی سیاسی و ئاگادار لە ڕووداوەکانی ناوخۆی ئێران ڕایدەگەیەنێت، دۆخی ئێران لە کۆنترۆڵی سوپای پاسداران دەرچووە و خۆپیشاندەرانیش لەوە تێگەیشتوون، گەر کۆتایی بە خۆپیشاندانەکان بهێنن، داهاتوویەکی خراپتر چاوەڕێیان دەکات، بۆیە ناڕەزایەتیەکانی ئەمجارەی ئێران، جیاوازە و گۆڕانکاری بە دوای خۆیدا دەهێنێت.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، سۆران پاڵانی چاودێری سیاسی و ئاگادار لە ڕووداوەکانی ناوخۆی ئێران، دەڵێت"فراوانبوونی خۆپیشاندانەکان و پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکان، فشاری گەورەی لەسەر کۆماری ئیسلامی ئێران دروستکردووە."

گوتیشی"بردنەوەی ناتانیاهۆ لە هەڵبژاردنی ئیسرائیل، هەروەها ڕاگەیاندنی پاڵپشتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ خۆپیشاندەران، ئێرانی هێندەی تر توڕە کردووە، هەروەها تێوەگلانی ئێران لە شەڕی ئۆکرانیا و هاتنە خەتی ئەوروپاش بۆ سزادانی زیاتری ئێران، دۆخی نوێی هێناوەتە ئاراوە."

بە بڕوای ئەو چاودێرە سیاسییە، دۆخی ئێران لە کۆنترۆڵ دەرچووە و سەرکردەکانی پاسداران توشی شۆک بوون، هەروەها ناکۆکی نێوخۆیش لە نێو سوپادا دروستبووە لە سەر چۆنیەتی مامەڵە کردنیان لەگەڵ خۆپیشاندەران و نیگەرانییان لە هەوڵەکانی ڕابەر بۆ دانانی کوڕەکەی بە شوێنگرەوەی خۆی، وتی"ڕەنگە بەشێک لە سەرکردەکانی سوپا ئەو قەناعەتەیان لادروست بووبێت، ئەم ڕژێمە دەڕوات، ڕەنگە هەماهەنگیشیان لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی فارس هەبێت، تا لە حاڵەتی ڕوودانی ئاڵوگۆڕدا بتوانن بواری ئەمنی کۆنترۆڵ بکەن، دەنگۆیەکیش هەیە بەشێک لەو فەرماندانەی ئامادە نەبوون خۆپیشاندەران سەرکوت بکەن، دەستگیرکرابن، بە گشتی ئیرادەی سوپا لاوازە بەرامبەر خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران، فەرماندەکانیش لەو سزا نێودەوڵەتییانەش دەترسن کە ئەمەریکا و کەنەدا دەیخەنە سەریان."

سۆران پاڵانی ئاماژەی بەوەشکرد، ئومێدێکی گەورە لای ئێرانیەکان دروستبووە بۆ گۆڕانی سستمی سیاسی و ڕووخانی ڕژێمی ئێران، وتی"خەڵکی ئێرانیش دڵنیان گەر ئەمجارە بکشێنەوە، دواتر خراپتر سەرکوت دەکرێن."

وەک سۆرانی پاڵانی ڕوونیکردەوە، زۆرترین ناڕەزایەتی لە کوردستانی ئێرانە، پاشان لە بەلوجستان و دواتریش تاران و شارەکانی تری وەکو مەشهەد و ئەسفەهان و لوڕستان، وتی"ناوچەکانی عەرەبی ئەهواز بە هێز تەنراوە، سەرکردە مەیدانییەکانی خۆپیشاندەران دەستگیرکراون، هەندێک لە سەرکردەکانیشیان هاودەنگ نین، ئەمەش کاریگەری هەبووە لەسەر قەبارەی ناڕەزایەتییەکان لە ئەهواز."

سەبارەت بە ناکۆکی نێوان کوڕی شای ئێران و موجاهیدینی خەڵق و کاریگەری لەسەر دروست نەبوونی بەرەیەکی یەکگرتووی فراوان، سۆران پاڵانی دەڵێت"کوڕی شا و موجاهیدین لەڕووی ئایدۆلۆژی و ستراتیژییەوە دژ بە یەکن، ناتوانن لەبەرەیەکدا کاربکەن، کوڕی شا ڕەتیکردەوە لەگەڵ موجاهیدین کاربکات، موجاهیدینیش بەرەیەکی تایبەتی پێکهێناوە بە ناوی ( شورای میللی موقاوەمەت)، تەنانەت گەر ئاڵوگۆڕیش لە ئێران ڕووبدات، ئەم دوو بەرەیە تووشی ململانێ دەبن، بەڵام ڕێکخستنەکانی موجاهیدین لەناوخۆی ئێران بەهێزترن."

سۆران پاڵانی چاودێری سیاسی و ئاگادار لە ڕووداوەکانی ناوخۆی ئێران پێیوایە، سەرباری خراپی دۆخی کۆماری ئیسلامی، بەڵام نەتەوە جیاوازەکانی ئێران نەیانتوانیووە ببنە خاوەنی ستراتیژیەتێکی هاوبەش، لەکاتێکدا یەکگرتنی نەتەوەکان گروتینی زیاتر بە ناڕەزایەتییەکان دەدات.

please wait

No media source currently available

0:00 0:07:01 0:00

XS
SM
MD
LG