هەروادێ و هەڵبژاردنەکانی مید تێرم لە ئەمەریکا نزیک دەبێتەوە و هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنیش گەرموگوڕتر دەبن.
لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا دۆسێی ئابوری، فاکتەرە هەرە سەرەکییەکەی ئەم هەڵبژاردنەیە بەڵام کاندیدەکان لە هەڵمەتەکاندا خۆیان لە قەرەی بابەتگەلێکی تریش دەدەن چونکە بەپێی لێدوانەکانیان پێدەچێت وەها هەست بکەن ئەو بابەتانە یارمەتییان دەدات بۆ سەرکەوتن لە هەڵبژاردندا.
ڕێژەی بەشداریکردن
پێشبینی دەکرێت لەم هەڵبژاردنەی ئەمساڵی مید تێرمدا ڕێژەیەکی زۆری دەنگدەر بەشداری بکەن و بە ئەندازەیەکیشە وەک لە ڕاپۆرتەکانی میدیادا ئاماژەی پێدەکرێت، لەوانەیە ڕێژەی بەشدارییکردنەکانی ساڵانی پێشووش تێبپەڕێنێت.
لەهەڵبژاردنی مید تێرمی 2014 دا واتە هەشت ساڵ لەمەوبەر نزمترین ڕێژەی بەشداریکردن تۆمارکراوە کە لە سەدا 37 بووە و بەڵام بۆ ئەمساڵ بەپێی ڕا وەرگرتنە گشتییەکان پێدەچێت جۆشێکی گەورە هەبێت لەناو دەنگدەراندا بۆ بەشداریکردن.
زۆرێک لە نێوەندە گرنگەکان وەک واشنتۆن پۆست، تۆڕی ئەی بی سی، نیویۆرک تایمز، سی ئێن ئێن و هەروەها دامەزراوەکانی سەر بەو نێوەندانە ئەو ڕا وەرگرتنە گشتییانەیان کردووە.
بێگومان ڕیژەی زۆری بەشداریکردن کاریگەریی دەبێت بەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەوە بەڵام ئەڵبەت تا ئەنجامەکان ڕانەگەیەندرێت نازانرێت ئەو ڕێژە زۆرەی بەشداریکردن بە سوودی چ لایەکدا دەشکێتەوە کۆمارییەکان یان دیموکراتەکان.
هەرچۆنێک بێت ئەو ڕاپرسییانەی کراون ئاماژەیەکی نەرێنین بۆ دیموکراتەکان بەتایبەتیش کە وەهایان چاوەڕوان دەکرد کۆمارییەکان ڕێژەیەکی بەرچاوی دەنگ لە دەست بدەن بەهۆی دۆسێی منداڵ لەباربردنەوە، بەڵام زۆربەی هەرە زۆری ئەوانەی بەشدارییان کردووە لە ڕاپرسییەکاندا جەختیان کردۆتەوە لەوەی ڕەوشی ئابوری و گرانی و هەڵاوسانی دارایی دەبنە بنەمای دەنگدانەکەیان کاتێک ڕۆژی 8ی مانگی 11 دەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان، ئەوانەیش کە دۆسێی منداڵ لەبار بردنیان بەلاوە گرنگ بووە لە سەدا 5ی بەشداربووانی ڕاوەرگرتنە گشتییەکان تێنەپەڕیوە.
ئۆکراین لەم مید تێرمەدا
لە ئێستادا لە واشنتۆنی پایتەخت مشتومڕێکی گەورە دروست بووە لەسەر ئەوەی ئایا دەشێت درێژە بدرێت بەو هەموو کۆمەکە داراییانەی بۆ شەڕی سەپێندراوی ڕوسیا بەسەر ئۆکرایندا دابین دەکرێن، یان پێویستە ئەو داراییە بدرێت بە پڕۆژەکانی ناوخۆی ئەمەریکا
ئەم بابەتەش لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی هەندێک لە کاندیدە کۆمارییەکاندا ڕەنگی داوەتەوە و دەشڵێن ئەگەر ببنە ئەندامی کۆنگرێس ئەوا بڕینی ئەم یارمەتیانە بۆ ئۆکراین دەکەنە پڕۆژە و کاری لەسەر دەکەن.
جەی دی فانس، کاندیدی کۆمارییەکانە لە ستانی ئۆهایۆ بۆ ئەندامێتی لە سیناتی ئەمەریکادا و دەڵێت "دەمەوێت ئەو یارمەتی کۆمەکانە لە ئۆکراین ببڕم."
وەک زۆرێک لە شیکەرەوەی سیاسی ئاماژەی پێدەکەن مەرج نییە ئەو پڕۆژانە لە کۆنگرێسدا سەربگرن، بەڵام پێدەچێت ژمارەیەک لەو کاندیدانەی ئەو جۆرە ڕوانینانەیان هەیە وەها هەست بکەن، ئەو جۆرە لێدوانانە کاریگەرییەکی ئەرێنییان دەبێت بەسەر دەنگدەرانەوە لەو ڕوانگەیەوەی بایەخە گەورەکەی هەڵبژاردنەکانی مید تێرم بۆ ناوخۆی ئەمەریکایە و ئیدی کاندیدەکان دەخوازن لە ڕێی ئەو جۆرە لێدوانانەوە دەنگی زیاتر بۆخۆیان کۆبکەنەوە.
ئەڵبەت ئەم بابەتە گرفتیشی هەیە، چونکە زۆربەی دەنگدەرانی ناو ئۆکرایناییەکان ئەوانەی ڕەگەزنامەی ئەمەریکاییان هەیە و بە فەرمییش دەنگدەری کۆماریەکانن ئێستا دەڵێن بەهۆی ئەو ڕوانینەی کۆمارییەکانەوە ئەمساڵ دەنگ بە دیموکراتەکان دەدەن.
کەڤن مەککارثی، ڕێبەری کەمینەی کۆمارییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا ڕاگەیاندنێکی هاوشێوەی دابوو و دەڵێت "ئەگەر بێتوو کۆمارییەکان ببنە زۆرینەی ئەنجومەنی نوێنەران لە پاش هەڵبژاردنەکەی مید تێرم، ئەوا بە دوور نازانرێت کۆمارییەکان لەگەڵ ئەوەدا نەبن یارمەتی و کۆمەکی زیاتر بدرێت بە ئۆکراین."
وەک بارێکی باو لە هەڵبژاردنەکانی مید تێرمدا، ئەو لایەنەی لە کۆشکی سپییە، ژمارەی کورسییەکانی لە کۆنگرێسی ئەمەریکادا کەم دەکات و لایەنەکەی تریش کە ئۆپزسیۆنە ژمارەی کورسییەکانی هەر هیچ نەبێت لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکادا زیاتر دەبن.