Accessibility links

ئێران سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران لە ناوچە کوردییەکان توندتر دەکات


خۆپیشاندانەکانی سەرتاسەری ئێران بۆ ناڕەزایی دەربڕین لەسەر مەرگی کچە کوردێک چڕترین و توندترین خۆپیشاندان بووە لە شارە کوردەکانی وڵاتەکەدا.
بەپێی پۆست و گرتە ڤیدیۆکانی کە لە تۆڕە کۆمەلایەتییەکاندا بڵاو دەکرێنەوە هێزە ئەمنییەکانی ئێران سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکانی دژە حکومەتیان ڕۆژی دووشەممە لە چەند شارێکی کوردیدا زیاتر کردووە، لە کاتێکدا هەوڵدەەن فشاریان بۆ دامرکاندنەوەی نائارامیەکان زیاد بکەن.
هێما سۆفی ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا باسی لە ڕەوشی شاری سنە کرد کە لە ئێستا لە ڕەوشێکی خراپدایە.

هێما سۆفی
هێما سۆفی

بەڕێز سۆفی گوتی بە پێی ئەو زانیاریانەی لە ڕێکخستنەکانی ناوەوەی پارتەکەیان پێیان گەیشتووە هێزێکی نزیکەی 220 کەسی لە شارەکەدا بلاو بوونەتەوە وەک دەڵێت هێزەکە عەرەبن و سەر بە حەشدی شەعبی و حزبوڵان " بە پێی زانیارییەکان دوو ڕۆژە ئەو هێزە گەیشتوون، عەرەبن و لە خۆپیشاندانەکانیش بە عەرەبی لەگەڵ خەڵکەکەدا قسەیان کردووە و خەڵکیان دەستگیرکردووە."
دەنگی ئەمەریکا نەیتوانیوە ئەم زانیاریانە پشتڕاست بکاتەوە.

بە پێی چەند گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بڵاو کراوەتەوە لە چەند شوێنێک دەنگی تەقە دێت، و لە گرتیەکی ڤیدیۆییدا لە شاری سنە چەند تەقینەوەیەک نیشان دەدرێت. ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت خەڵکی لە سەلاسی باوەجانی سەر بە پارێزگای کردماشان شەوی یەکشەممە لەسەر دووشەممە بۆ یەکەمجار لەم ناڕەزایەتییانەی لەسەر مەرگی ژینا ئەمینی دروستبووە، هاتنە سەر شەقامەکان و خۆپیشاندانیان ئەنجام دا.

ڕێکخراوەکە دەڵێت هێزەکانی حکومەت تەقەیان لە خۆپیشاندەران کردووە و کوژراو و برینداریش هەیە.

عارف باوەجانی
عارف باوەجانی

عارف باوەجانی سەرۆکی پارتی سەربەستی کوردستان لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا باسی لە خۆپیشاندانەکەی سەلاسی باوەجانی کرد و گوتی " بە پێی زانیارییەکانی پێمان گەیشتووە گەنجێک شەهید بووە و زیاتر لە 16 کەسیش بریدنارن و ڕەوشی زۆریان زۆر خراپە کە ناوێرن بچنە دکتۆر و نەخۆشخانەکان چونکە لە ڕێگەی کامێرای (چاودێری) ئاشکرا دەکرێن.
ئاماژە بەوەش دەکات لە سەکوتکارییەکانی دژ بە خۆپیشاندەرەکاندا ژمارەیەک خەڵکی بێسەوشوێنکراون دەڵێت بنەماڵەکان دەڵێن " ئاگایان لە منداڵەکانیان نییەو تەلەفۆنەکانیان داخراون. هەر دوێنێ لە سەلاسی باوەجانی 81 کەس دەستگیرکراون."

ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤیش دەڵێت پزیشکێک لە شاری سەقز تەنها بەهۆی چارەسەرکردنی بریندارەکان دەستگیرکراوە. هەنگاو دەڵێت " سەرلەبەیانی ڕۆژی دووشەممە دکتۆر ڕامین نشەستە لەلایەن هێزەکانی سەر بە ئیدارەی ئیتڵاعات بە جلوبەرگی ئاسایی ( لیباس شەخسی)یەوە دەستگیرکرا و لە دەمی دەستگیرکردنەکەیدا توندوتیژی لە دژی بەکارهاتووە."

بەپێی ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ لەوەتای دەستپێکردنی ئەم خۆپیشاندانانە بەلایەنی کەم 185 کەس کورژاون و سەدان کەسی تریش برینداربوون ئەمە جگە لەوەی هەزاران کەس لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیەوە دەستگیر کراون.

خۆپیشاندانەکانی ئێران پاش مەرگی ژینا ئەمینی هاتە ئاراوە، ئەوە کچە کوردەی کە لە دەمی گەشتێکیدا بۆ تاران لەلایەن گەشتی ئیرشاد یان پۆلیسی ڕەوشتەوە دەستگیرکراو و لە دەمی دەستبەسەریدا گیانی لەدەستدا.

هەندێک لە زانیارییەکانی ئەم ڕاپۆرتە لە ئاژانسی ڕۆیتەرز وەرگیراوە.



XS
SM
MD
LG