Accessibility links

خوێندکارانی زانکۆکان لە تاران بەردەوامن لە خۆپیشاندانەکانیان، لە کاتێکدا ڕەئیسی سەردانی زانکۆیەکی تاران دەکات


گرتە ڤیدیۆییەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەریدەخەن، خوێندکارە کچەکان لە تاران دروشمی " بڕۆ ونبە" دەڵێنەوە، ئەمەش کە کاتێکدای ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران ڕۆژی شەممە سەردانی زانکۆی تارانی کرد و ئیدانەی ئەو خۆپیشاندانانەی کرد کە وەک ناڕەزایەتی دەربڕین پاش مەرگی ژینا ئەمینا هاتووەتە ئاراوە.

ڕەئیسی وتارێکی پێشکەش بە مامۆستایان و خوێندکارانی زانکۆی ئەلزەهرا لە تاران کرد و لەوێ شیعرێکی خوێندەوە کە "ئاژاوەگێڕان"ی لەگەڵ مێشدا بەراوردکردبوو، لە کاتێکدا خۆپیشاندانەکانی سەرتاسەری وڵات پێی لە چوارهەمین هەفتەی ناوە.

ڕەئیسی لە وتارەکەیدا کە لە تەلەفیزیۆنی دەوڵەتی بلاوکراوەتەوە دەڵێت " ئەوان هەست دەکەن لە زانکۆکاندا دەگەنە ئامانجە بەدکارەکانی خۆیان، ئەو نازانن کە خوێندکاران و مامۆستایانمان هۆشیارن و ڕێگە نادەن دوژمن بگات بە ئامانجە بەدکارەکانی."

لە کاتێکدا خۆپیشاندانەکان نزیکەی مانگێکە بەردەوامە لە ماوەی هەفتەی ڕابردووەوە زیاتر زانکۆکان و خوێندنگا دواناوەندییەکانی گرتووەتەوە، بەڵام بە پێی سەرچاوەکانی ناو ئێران چەندین خوێندکاری زانکۆ لەلایەن هێزە ئاسایشیەکانەوە دەستگیرکراون و بێسەرو شوێنن.

لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە لە تۆڕە کۆمەلایەتییەکان و بەشی فارسی دەنگی ئەمەریکا بڵاوبووەتەوە، دەردەکەوێت خوێندکاران لە زانکۆی زەهرا لە تاران سرودی بەناوبانگی شۆڕشگێڕی "بێلاچاو" پێکەوە دەڵێنەوە.

هەر لە زانکۆی زەهرا لە تاران گرتەیەکی تری ڤیدیۆیی بڵاو بووتەوە کە نیشان دەدات خوێندکاران دروشمی دژ بە هێزەکانی بەسیج دەڵێنەوە.

بڵاوبوونەوەی ئەم گرتە ڤیدیۆیانە لە کاتێکیشدایە کە دەستڕاگەیشتنی جیهانی دەرەوە بە زانیارییەکانی نێو ئێران ئێجگار سەختە بەهۆی بڕینی تۆڕەکانی ئەنتەرنێت لەلایەن حکومەتەوە.

بەپێی ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ لەوەتای دەستپێکردنی ئەم خۆپیشاندانانە بەلایەنی کەم 185 کەس کورژاون و سەدان کەسی تریش برینداربوون ئەمە جگە لەوەی هەزاران کەس لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیەوە دەستگیر کراون.

خۆپیشاندانەکانی ئێران پاش مەرگی ژینا ئەمینی هاتە ئاراوە، ئەوە کچە کوردەی کە لە دەمی گەشتێکیدا بۆ تاران لەلایەن گەشتی ئیرشاد یان پۆلیسی ڕەوشتەوە دەستگیرکراو و لە دەمی دەستبەسەریدا گیانی لەدەستدا.

XS
SM
MD
LG