Accessibility links

هەوڵی لایەنە شیعەکان بۆ ڕێکخستنی یەکێتی و پارتی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار سەرکەوتوو نەبوو


لەکاتێکدا 170 پەرلەمانتاری عێراق، واژۆیان بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لە ڕۆژی چوارشەمە، ئاراستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کردووە، بەڵام هێشتا یەکێتی و پارتی لەسەر ئەو پۆستە نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن.
بەپێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، لایەنە شیعەکان سێ پێشنیاریان لە بارەی پۆستی سەرۆک کۆمارەوە داوەتە یەکێتی و پارتی، بەڵام لەسەر هیچکام لەو پێشنیارانە نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن و هەردوولایان پێداگیریان لەسەر کاندیدی خۆیان کردووە.
ڕێکنەکەوتنی یەکێتی و پارتی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار، لە کاتێکدایە یەکلایی کردنەوەی ئەو پۆستە کلیلی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراقە، بەو پێیەی سەرۆک کۆمار کاندیدی سەرۆک وەزیران بۆ پێکهێنانی حکومەت ڕادەسپێرێت، بۆیە چاوەڕوان ناکرێت شیعەکان چیتر چاوەڕوانی دوو حیزبە کوردیەکە بکەن.
موحسین مەندەلاوی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، دەڵێت"واژۆی 170 پەرلەمانتارمان پێگەیشتووە، تا ڕۆژی چوارشەمە، پەرلەمان کۆببێتەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و ئێمەش تاوتوێی دەکەین."
بەپێی ئەو زانیاریانەی لە سەرچاوەیەکی باڵای عێراقەوە دەست دەنگی ئەمەریکا کەوتوون، ئەو سێ پێشنیارەی لایەنە شیعەکان ئاراستەی یەکێتی و پارتییان کردووە، پێشنیاری یەکەم، بەشداریکردنیانە لە کۆبوونەوەی پەرلەمان بە دوو کاندیدی جیاوە، بەڵام پارتی ئەمەی ڕەتکردووەتەوە.
پێشنیاری دووەم، ڕێککەوتن بووە لەسەر کاندیدێکی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، بەڵام پارتی پێداگیری کردووە لەسەر بردنی پۆستەکە و سەرخستنی کاندیدەکەی، ئەمەش لەلایەن یەکێتیەوە ڕەتکراوەتەوە. پێشنیاری سێیەمیش گۆڕینی کاندیدی سەرۆک کۆمار و هێنانە پێشەوەی کاندیدێکی تربووە.
بەپێی وتەی سەرچاوەکەی دەنگی ئەمەریکا، نوری مالیکی لە کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی دا وتویەتی، ناکرێت پۆستی سەرۆک کۆمار رادەستی پارتی بکرێت، لە کاتێکدا یەکێتی لەسەرەتاوە هاوپەیمان بووە لەگەڵیان.
سالار مەحمود کادیری پێشکەوتووی یەکێتی و راوێژکاری پێشووی سەرۆک کۆمار، لە لێدوانێکدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، وتی"لایەنە شیعەکان داوای رێککەوتن لە پارتی و یەکێتی دەکەن، گەر رێککەوتن نەکرێت، ئەولەویەت بۆ کاندیدی یەکێتی یە."
چڕکردنەوەی هەوڵەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ پێکهێنانی حکومەت و ڕێکنەکەوتنی یەکێتی و پارتی، محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی گەیاندە هەولێر و لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دا کۆبوویەوە، بەو پێیەی هێشتا هەماهەنگی نێوان ئەو دوو لایەنە بەردەوامە.
دوای کۆبوونەوەی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بارەگای بارزانی رایگەیاند"لەسەر دیراسەکردنی بابەتە هەستیارەکان گەیشتوون بە ڕێککەوتن، ئەویش پێش بەستنی کۆبوونەوەی پەرلەمان."
ڕێکنەکەوتنی یەکێتی و پارتی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار، کاریگەری لەسەر ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش هەبووە و پەیوەندیەکانی نێوان ئەو دوو حیزبە دەسەڵاتدارەی هەرێمی تەواو ئاڵۆز کردووە.
سالار مەحمود، وتی"دۆخی هەرێم هێدی هێدی بەرەو ئاڵۆزی دەڕوات، کێشەکانی بەغدا رەنگدانەوەی لەسەر هەرێم دەبێت، چوارچێوەی هەماهەنگی چاوەڕێی کورد ناکەن و بڕیاری خۆیان دەدەن، چونکە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار کلیلی پێکهێنانی حکومەتە."
هەرچەندە لایەنە شیعەکان لەهەوڵی چڕوپڕدان بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و پێکهێنانی حکومەت، بەڵام هێشتا سەدر بێدەنگی هەڵبژاردووە، ڕوون نییە، بە ئاڵۆزکردنەوەی دۆخی عێراق و وروژاندنی شەقام هەوڵەکانیان شکست پێدەهێنێت، یاخود بواری پێکهێنانی حکومەتیان پێدەدات.
سەرچاوە باڵاکەی عێراق، لەبارەی هەڵوێستی سەدرەوە، بە دەنگی ئەمەریکای وت"لایەنە شیعەکان بەردەوام لەسەر هێڵن لەگەڵ سەدر، هێشتا ڕوون نییە، دەتوانن ڕازی بکەن، یاخود جارێکی تر لە دژیان دەجوڵێتەوە."

XS
SM
MD
LG