Accessibility links

هەرێم کەمال ئاغا: دەبێت هەتا پێنجشەممەی داهاتوو پۆستی سەرۆک کۆمار یەکلایی بکرێتەوە


هەرێم کەمال ئەغا ئەندامی سەکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان

ڕۆژی شەممە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستانیشە ڕایگەیاند " ئه‌وان وەک پارتی دیموکراتی کوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان كاندیدی سه‌رۆک كۆماری عێراق له‌ په‌رله‌مانی كوردستان یه‌كلایی بكرێته‌وه.‌"

هەرێم کەمال ئاغا سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەڵێت " له‌ڕابردوو ئه‌و پێشنیاره‌ هیچ ده‌ر‌ئه‌نجامێكی نه‌بوو بۆیه‌ من پێموایه‌ له‌وه‌ی ئێستاش هیچ ده‌رئه‌نجامێكی نابێت، لە ئێستاشدا قبوڵكردنی یان قبوڵنه‌كردنی ئەو پێشنیارە ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌رۆكی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و سه‌ركردایه‌تی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی دەشڵێت " یه‌كێتی هه‌تا ئێستا په‌یوه‌سته‌ به‌ كاندیده‌كه‌ی خۆی، ئێمه‌ پێمانباشه‌ ئه‌گه‌ر ڕێكنه‌كه‌وتین ئه‌و كاندیدانه‌ بچنه‌ ناو هۆڵی په‌رله‌مان و په‌رله‌مانتارانی عێراق یه‌كلایی بكەنه‌وه. "

" قبوڵكردنی یان قبوڵنه‌كردنی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌رۆكی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و سه‌ركردایه‌تی "

سەبارەت بەوەی ئایا ئێوه‌ وەک یەکێتی ڕازی ده‌بن كاندیدی پۆستی سه‌رۆک كۆمار له‌ په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان به‌ ده‌نگی په‌رله‌مانتارانی هەرێمی کوردستان یه‌كلایی بكرێته‌وه‌؟
لە وەڵامدا سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق وتی"سه‌باره‌ت به ‌پۆستی سه‌رۆک كۆمار دیاره‌ له‌ ڕابردوو گفتوگۆ هه‌بووه‌ و دانوستاندن و پێشنیار و ده‌ستپێشخه‌ری زۆر كراوه،‌ به‌ڵام هه‌ریه‌ک له‌ لایه‌نی یه‌كێتی و پارتی كاندیدی خۆیان هه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌ ده‌ستپێشخه‌ری ناو په‌رله‌مان بابه‌تێكی وا باسكرا، به‌ڵام ئه‌مه‌ بۆچوونی لایه‌نێكه‌ و چه‌ندین لایه‌نی تریش هه‌یه‌ له‌پرۆسه‌كه‌ بۆیه‌ پێمانوایه‌ پێویستی به‌به‌غداده‌ و ئه‌و پێشنیاره‌ش قبوڵكردنی یان قبوڵنه‌كردنی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌رۆكی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و سه‌ركردایه‌تی من ناتوانم هیچ لێدوانێک بده‌م، به‌ڵام یه‌كێک بوو له‌ پێشنیاره‌كان له‌ ڕابردووش ئه‌و پێشنیاره‌ هه‌بووه‌ هیچ ئه‌نجامێكی نه‌بووه‌ له‌ گفتوگۆكان به‌و ئاراسته‌یه‌ نه‌ڕۆیشت كه‌ قبوڵ بكرێت. "

"ئێستا هه‌فته‌ی كۆتایی گفتوگۆكانه‌ و هه‌فته‌ی كۆتایی ڕێككه‌وتنه‌كانه‌ "

بە وتەی هەرێم کەمال ئاغا" ئێستا هه‌فته‌ی كۆتایی گفتوگۆكانه‌ و هه‌فته‌ی كۆتایی ڕێككه‌وتنه‌كانه‌ كۆتایی پێهێنانه‌ له‌سه‌ر هه‌موو گفتوگۆكان له‌سه‌ر پرسی پێكهێنانی حكومه‌ت. "

" ده‌بێت هه‌تا پێنجشه‌ممه‌ی داهاتوو یه‌كلابكرێته‌وه "

هەرێم کەمال ئاغا ئەوەشی وت" له‌ناو چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانی تازه‌ی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت كه‌ سونه‌ و پارتی و یه‌كێتی و لایه‌نه‌كانی شیعه‌شی تێدایه‌ سه‌باره‌ت به‌ پرسه‌كان یه‌كلاكراوه‌ته‌وه‌ وه‌ره‌قه‌ی هاوبه‌شی پارتی و یه‌كێتی له‌گه‌ڵیان واژوو كراوه‌ ئه‌وه‌ی كه‌ ماوه‌ته‌وه‌ پۆستی سه‌رۆک كۆماره‌، لایه‌نی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیش ئایا له‌م پرۆسه‌یه‌ سه‌ركه‌وتوو ده‌بن به‌ قه‌ناعه‌ت پێهێنانی ڕه‌وتی سه‌در بۆ به‌شداریكردن له‌م حكومه‌ته‌ی داهاتوو؟ ئایا ئه‌مه‌ هه‌روه‌ک خۆی ده‌مێنێته‌وه‌؟ یان ده‌توانن له‌م چه‌ند ڕۆژه‌ی ماوه‌ ڕازییان بكه‌ن به‌ به‌شداریكردنیان له‌م حكومه‌ته‌ی داهاتوو؟ ئه‌وانه‌ پرسی گه‌رم و كۆتا پرس و كۆتا گفتوگۆی ئه‌م هه‌فته‌ین كه‌ ده‌بێت هه‌تا پێنج شه‌ممه‌ی داهاتوو یه‌كلابكرێته‌وه. "


" له‌وانه‌یه‌ هه‌وڵبده‌ن ڕه‌وتی سه‌دریش ڕازی بكه‌ن "

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لەناو پەرلەمانی عێراق دەربارەی گفتوگۆی لایەنە کوردییەکان وتی" نه‌وه‌ی نوێ كاندیدی هه‌یه،‌ له ‌ڕابردووش لایه‌نه‌كانی تر ئیسلامییه‌كان ئه‌وان بۆچوونی خۆیان هه‌بوو له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی سه‌رۆک كۆمار بۆچوونیان له‌ چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی نزیكبوو كه‌ له‌ڕابردوو بینیمان، سه‌باره‌ت به‌ گفتوگۆكانی ناوخۆشیان ئاماژه‌م به‌وه‌دا له‌وانه‌یه‌ هه‌وڵبده‌ن ڕه‌وتی سه‌دریش ڕازی بكه‌ن به‌هه‌مان شێوه‌ بۆ ئێمه‌ش هه‌ر ئه‌م هه‌فته‌یە‌ بۆیه‌ وه‌كو ئاماژه‌م پێدا كۆتا هه‌فته‌ی گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومه‌تی فیدڕاڵه‌. "

" یه‌كێتی هه‌تا ئێستا په‌یوه‌سته‌ به‌ كاندیده‌كه‌ی خۆی..... ئێمه‌ پێمانباشه‌ ئه‌گه‌ر ڕێكنه‌كه‌وتین ئه‌و كاندیدانه‌ بچنه‌ ناو هۆڵی په‌رله‌مان و په‌رله‌مانتارانی عێراق یه‌كلایی بكاته‌وه"

ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌ كوردییه‌كان ڕێكنه‌كه‌ون چی ڕووده‌دات ئایا به‌و شێوازه‌ ده‌چنه‌ ژووره‌وه‌ ئه‌و هاوپه‌یمانیتیه‌ ڕازی ده‌بێت پارتی و یه‌كێتی به‌م شێوازه‌ ناكۆک بن یان پشتیوانی چی ده‌كه‌ن؟
لە وەڵامدا سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی لە پەرلەمانی عێراق وتی" پرسیارەکە لەجێی خۆیدایە، ئایا وه‌كو سیناریۆكه‌ی 2018 دوباره‌ ده‌بێته‌وه‌ ئایا هیچ ڕێككه‌وتنێک ده‌بێت هێشتا ماوه‌ ناتوانم له‌سه‌ر ئه‌وه‌ هیچ بڵێم، به‌ڵام یه‌كێتی هه‌تا ئێستا په‌یوه‌سته‌ به‌ كاندیده‌كه‌ی خۆی ئیتر نازانم هه‌تا كۆتایی هه‌فته‌ ڕێككه‌وتن ده‌بێت یان نا، به‌ڵام وه‌كو ئاماژه‌م پێدا هه‌رلایه‌نێک كاندیدی خۆی هه‌یه‌، وه‌ ئێمه‌ پێمانباشه‌ ئه‌گه‌ر ڕێكنه‌كه‌وتین ئه‌و كاندیدانه‌ بچنه‌ ناو هۆڵی په‌رله‌مان و په‌رله‌مانتارانی عێراق یه‌كلایی بكاته‌وه‌. "

" من پێموایه‌ له‌وه‌ی ئێستاش هیچ ده‌رئه‌نجامێكی نابێت "

مادام له‌ڕابردوو پێشنیاری یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كاندیدی پۆستی سه‌رۆک كۆمار هه‌بوو له‌ په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان كه‌واته‌ یه‌كێتی ئه‌مه‌ی ڕه‌تكردۆته‌وه‌ له‌ڕابردوودا؟

هەرێم کەمال ئاغا بەمجۆرە وەڵامی دایەوە" له‌ڕابردوو ئه‌و پێشنیاره‌ هیچ ده‌ره‌ئه‌نجامێكی نه‌بوو بۆیه‌ من پێموایه‌ له‌وه‌ی ئێستاش هیچ ده‌رئه‌نجامێكی نابێت. "

" پێموانییه‌ له‌م هه‌فته‌یه‌ زیاتر ئه‌وان چیتر بوه‌ستن "

ئایا هیچ واده‌یه‌كتان بۆ دانراوه‌ له‌لایه‌ن ئه‌و هاوپه‌یمانیه‌ته‌ی ئێستا ئێوه‌ تێیدا ئه‌ندامن ئه‌گه‌ر ئێوه‌ (وەک یەکێتی و پارتی) ڕێكنه‌كه‌ون ئه‌وان چاوه‌ڕێی كورد ناكه‌ن ؟

لە وەڵامدا سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق وتی" من پێموانییه‌ ئه‌وان چیتر بوه‌ستن له‌م هه‌فته‌یه‌ زیاتر بۆیه‌ ئه‌م هه‌فته‌یه‌ ده‌بێته‌ كۆتا هه‌فته‌ی گفتوگۆكان له‌ مۆڵه‌ت چ به‌ ڕه‌وتی سه‌در چ به‌ كورد ئه‌م هه‌فته‌یه‌ ده‌بێت یه‌كلابكرێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر كورد به‌ كاندیک ڕۆیشت یان به‌و شێوه‌یه‌ی كه‌ په‌رله‌مانی عێراق یه‌كلایی بكاته‌وه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ ئه‌گه‌رن له‌داهاتووتێكی نزیک. "

" مه‌به‌ستیانه‌ له‌م بابه‌ته‌ به‌ هاوبه‌شی بێت "

لایه‌نه‌ عه‌ره‌به‌كانی هاوپه‌یمانتان كێشه‌یان نییه‌ كه‌ كورد به‌ دوو كاندید بڕوات؟

بێگومان زۆر زۆریان مه‌به‌سته‌ بۆئه‌وه‌ی به‌شدارییه‌كی هه‌مه‌لایه‌نی هه‌بێت كه‌ كورد ئه‌م كێشه‌یه‌ی چاره‌سه‌ر بكات ئه‌وان پێیانوایه‌ بۆئه‌وه‌ی ئه‌و حكومه‌ته‌ی داهاتوو حكومه‌تێكی به‌هێز بێت و حكومه‌تێک بێت له‌سه‌ر بنه‌مای سازان بێت كه‌ له‌ وه‌رقه‌ی هاوبه‌شماندا هه‌یه‌ ئه‌مانه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی كه‌ كوردیش ڕێككه‌وتنی هه‌بێت واته‌ نه‌بێت به‌ دوو به‌ش به‌شێک بێته ‌ناو هۆڵه‌كه‌ و به‌شێک له‌ده‌ره‌وه‌ بێت بۆیه‌ له‌چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت مه‌به‌ستیانه‌ له‌م بابه‌ته‌ به‌ هاوبه‌شی بێت یان به‌ هه‌رجۆره‌ ڕێككه‌وتن بێت بۆ ئه‌وان كێشه‌یه‌ک نییه‌ زۆر مه‌به‌ستیانه‌ زۆریشیان هه‌وڵدا و زۆریش به‌په‌له‌ن له‌وه‌ چونكه‌ پاش دوو ڕۆژی تر ده‌بێت به‌ یه‌ک ساڵی ته‌واو كه‌ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ش بووه‌ بۆ چاره‌سه‌ری پرسی گرنگ له‌ڕووی ئابوری و ئه‌منی، وه‌ عێراق له‌م قۆناغه‌ كه‌ نرخی نه‌وت یه‌كجار به‌رزبۆته‌وه‌ و داهاتێكی زۆر بۆ عێراق هاتووه‌ به‌هۆی نه‌بوونی حكومه‌تێكی كارا و پلان و به‌رنامه‌ی ئابوری و سیاسی و ئه‌منی نه‌یتوانی هیچ گه‌شه‌كردنێكی ئابوری ببینێت نه‌یتوانی هیچ گه‌شه‌كردنێكی ئه‌منی ببینێت ڕۆژانه‌ وڵاتانی دراوسێ تۆپبارانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن و سه‌روه‌ری عێراق پێشێل ده‌كه‌ن به‌هۆی نه‌بوونی حكومه‌تێكی كارا و ده‌ستكراوه‌ نه‌یانتوانیووه‌ ئیجرائاتی پێویست بكرێت به‌هۆی نه‌بوونی حكومه‌تێكی ته‌واو ده‌سه‌ڵات نه‌یتوانیووه‌ سیسته‌می ئابوری و پلانی ئابووری كارێكی وا بكات سوود له‌م نرخه‌ نه‌وته‌ به‌رزه‌ی نه‌وت وه‌ربگرێت كه‌ مانگانه‌ له‌سه‌رووی 11 ملیار دۆلار كه‌ ته‌نها داهاتی نه‌وته‌ بێجگه‌له‌ باج و گومرگ و چه‌ندین بابه‌تی تر بۆیه‌ پێكهێنانی حكومه‌ت یه‌كجار گرنگه‌ بۆ عێراق وه‌كو ئاماژه‌م پێكرد بۆ ئابوری عێراق بۆ هه‌موو ئه‌و كێشانه‌ی كه‌ هه‌ن به‌هۆی حكومه‌تێكی ده‌ستبه‌ستراوه‌ی كاربه‌ڕێكه‌ر نه‌كراوه‌ و نه‌توانراوه‌ كۆمه‌ڵێک ئیجرائاتی پێویست هه‌یه‌ بۆ به‌ره‌وپێشوونی بابه‌تی گرنگ بكرێت . "

please wait

No media source currently available

0:00 0:07:10 0:00


XS
SM
MD
LG