Accessibility links

ئەکرەم ساڵەح: پارتی باڵی تێدا نییە، هەموومان پابەندین بە ڕێنماییەکانی سەرۆک بارزانییەوە


ئەکرەم ساڵح
ئەکرەم ساڵح

ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، حزبەکەی خۆی بۆ قۆناغێکی تازە ئەمادە دەکات و لە کۆنگرەدا، ئەزموونی سەرکردەکانی پێشوو و توانای گەنجان یەکدەخات، رەتیشیدەکاتەوە باڵباڵێن لە نێو پارتی دا هەبێت.
لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، ئەکرەم ساڵەح سەرکردەی پارتی و بەرپرسی لقی 22 ی ئەو حیزبە، دەڵێت "هەریەک لە کۆنگرەکانی پارتی لە هەل و مەرجی تایبەتی ئەنجامدراون، ئەم کۆنگرەیەش دوای 12 ساڵ دەبەسترێت، کە کوردستان بەکۆمەڵێک هەل و مەرج و کێشەی جیاوازدا تێپەڕیووە، بۆیە ئامادەکاریەکی زۆرباش بۆ کۆنگرە کراوە و چاوەڕوانی ئەنجامی باشیش دەکرێت، هەر لە گۆڕانکاری و خۆ نوێکردنەوەوە، تا دەگاتە پەپڕەو و پرۆگرام، بەشێوەیەک دادەڕێژرێ لەگەڵ واقع و هەل و مەرجی ئێستا بگونجێ."
ئەکرەم ساڵەح ڕوونیشیکردەوە، لەهەموو کۆنگرەکانی پارتی دا، گۆڕانکاری لە سەرکردایەتی ئەنجامدراوە، هەل و مەرج و پێشکەوتنی سیاسی و ئابووری کۆمەڵگاش ڕەنگدانەوەی دەبێت لەسەر داڕشتنەوەی پەیڕەو و پرۆگرامی پارتی، چونکە پارتی خۆی بۆ قۆناغێکی تازەتر ئامادە دەکات، بە پرۆژەی نوێ و پەێڕەو و سەرکردایەتی نوێوە دێتە گۆڕەپانەکە.
بەپێی وتەی بەرپرسەکەی پارتی، ڕەنگە لە ڕووی ژمارەوە گۆڕانکاری لەسەرکردایەتی حزبەکەی ڕووبدات، وتی "پارتی لەم کۆنگرەدا، ڕەنگە هەوڵبدات جیلێکی تازە لەبەرچاو بگرێ و تواناکانیان لەگەڵ ئەزموونی جیلی پێشوو تێهەڵکێش بکات، تا بتوانرێ بە بەهێزی و تۆکمەیی بمێنێتەوە."
دەربارەی بوونی باڵباڵێن لە نێو پارتی و قۆستنەوەی کۆنگرە لە لایەن باڵێکەوە بۆ تەسفیەکردنی باڵەکەی تر، ئەکرەم ساڵەح دەڵێت"لەناو پارتی تەسفیەکردن ڕوونادات، ئەندامانی پارتی بۆ پارتی جیاوازیان نییە، هەموومان پێکەوە لە ژێر سەرپەرشتی و ڕێنمایی جەنابی سەرۆکدا کۆنگرە دەبەستین، چی لە بەرژەوەندی پارتی و خەڵک بێت، ئەو بڕیارە دەدرێت."
وتیشی"پارتی باڵێ تێدا نییە، پارتی یەک سەرۆکی هەیە، مەرجەعی ئێمە و کوردستانە، هەموومان پابەندین بە ڕێنماییەکانی جەنابی سەرۆکەوە."
لە کۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، ئەکرەم ساڵەح سەرکردەی پارتی ئاشکراشیکرد لە سەرکردایەتی داهاتووی حیزبەکەیدا، پێگەی ژنان لەبەرچاو دەگیرێت، بەو پێیەی 25%ی ئەندامانی کۆنگرە، ژن دەبن.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:34 0:00
XS
SM
MD
LG