Accessibility links

سەرکردەیەکی پارتی: گەر ریفراندۆمیش ئەنجام نەدرایە عێراق پەلاماری کەرکوکی دەدا


ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت، گەر ریفراندۆمیش ئەنجام نەدرایە، حکومەتی عێراق پلانی پەلاماردانی ناوچە کێشە لەسەرەکانی هەبووە، جەخت لەسەر ئەوەشدەکاتەوە لە ڕێگەی ریفراندۆمەوە، خواستەکانی خەڵکی کوردستان بۆ سەربەخۆیی، گەیەنراوەتە دونیای دەرەوە.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، ئەکرەم ساڵح ئەندامی سەرکردایەتی پارتی، دەڵێت"یەکڕیزی و تەبایی هێزە کوردییەکان گرنگە، چونکە ئەزموون دەریخست، هەرکات کورد یەکدەنگبووە، توانیویەتی دەستکەوتی باش بەدەست بهێنێت، هەرکاتیش کورد ناکۆک بووە، نەیارانی هەوڵیانداوە سود لەو ناکۆکیانە وەربگرن بۆ بەرژەوەندی خۆیان."

جەختیکردەوە"ریفراندۆم مافی ڕەوای خەڵکی کوردستان بوو، بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان هەر میللەتێک ئەو مافەی هەیە بڕیار لەسەر چارەنوسی خۆی بدات، ریفراندۆم لەبەرژەوەندی خەڵکی کوردستان بوو، گەر هەل و مەرجی نێودەوڵەتی لەبار نەبوو، یان گرفتی ناوخۆیی وایکرد نەگەینە ئەنجام، ئەوە کۆتایی ڕێگاکە نییە، وەکو کورد دەرفەتی تریشمان لە پێشە، بۆیە پێویستە سود لە هەڵەکانی ڕابردوو وەربگرین و ناکۆکییەکان چارەسەر بکەین، چونکە ناوچەکە بە قۆناغێکی هەستیاردا دەڕوات، هەرێمیش پێگەیەکی گرنگی هەیە."

سەرکردەکەی پارتی ڕوونیکردەوە، ریفراندۆم هەنگاوی یەکەم بوو، تا گەلی کورد ئەو پەیامە بە دونیا بگەیەنێت، مافی خۆیەتی بڕیار لە چارەنوسی خۆی بدات، لە ریفراندۆمدا خەڵکی کوردستان ئەو پەیامەی گەیاند کە سەربەخۆیی دەوێت، وتی"ریفراندۆم بەڵگەنامەیەکی یاساییە بۆ ئێستا و داهاتوو، خەڵکی کوردستان دەبێت وەبەرهێنانی لەسەر بکات، چونکە لە 100 ساڵی دروستبوونی حکومەتی عێراقەوە، یەکەمجارە کورد بڕیارێکی لەو جۆرە بدات، کە چ جۆرە کیانێکی سیاسی دەوێت."

بەبڕوای بەرپرسەکەی پارتی، گەر ریفراندۆمیش ئەنجام نەدرایە، عێراق پلانی پەلاماردانی ناوچە کێشەلەسەرەکانی هەبووە، دەڵێت"عێراق پێشتریش پلانی پەلاماردانی کەرکوک و ناوچەکانی تری هەبوو، بەڵام لە ئەنجامی خیانەتی گروپێک ئاسانکاری بۆ عێراق کرا،تا بە ئاسانی دەست بەسەر ئەو ناوچانەدا بگرێتەوە."

وتیشی"گەر خەڵکی کوردستان ریفراندۆمی بکردایە و نەکردایە، پلانی عێراق پەلاماردانی ئەو ناوچە کوردستانیانە بوو، کە پێشمەرگە بە خوێنی خۆی لە چنگی داعشی دەریهێنان."

لە کۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، ئەکرەم ساڵح ئەندامی سەرکردایەتی پارتی، بەپێویستی زانی لایەنە کوردییەکان بەیەک گوتارییەوە بچنە بەغدا و گوشار بخەنە سەر حکومەتی عێراق، تا دەستور جێبەجێ بکرێت، چونکە کەرکوک و ناوچەکانی تر لەڕووی یاسایی و دەستوریەوە، بەشێکی دانەبڕاوی کوردستانن.

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:54 0:00

XS
SM
MD
LG