Accessibility links

ڕاگەیاندنی لەشکری ئەمەریکا لەسەر هێرشەکەیان بۆ سەر گروپێکی داعش لە گوندێکی نزیک قامشلۆ


فەرماندەیی نێوەندی لەشکری ئەمەریکا بەیاننامەیەکی فەرمی لەسەر هێرشەکەی شەوی چوارشەممە لەسەر پێنجشەممە بۆ گوندێکی ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی سوریا بڵاو کردەوە.

لە ڕاگەیاندنەکەدا دەڵێت "شەوی ڕابردوو فەرماندەی نێوەندی لەشکری ئەمەریکا هەڵمەتێکی بە هەلی کۆپتەر لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا لە گوندێکی نزیک قامشلۆ ئەنجام دا و ڕاکان واحید ئەلشەممەری تیادا کرایە ئامانج، بەرپرسێکی داعش کە بەوە ناسراوە قاچاخچێتییەکانی چەک و چەکداران بۆ پشتیوانی کردن لە ئۆپەراسیۆنەکانی داعشی بەڕێوە دەبرد. لە دەمی ئەو هەڵمەتەدا ئەو کەسەی دەستنیشانکرابوو کوژرا و یەکێک لە یاریدەدەرەکانی برینداربوو. دوو یاریدەدەری تریشی دەستگیرکران. "

هەروەها ڕاگەیاندنەکە ئاماژە بەوەش دەکات هیچ سەربازێکی ئەمەریکایی بریندار نەبووە لەو هێرشەدا و هیچ کەسێکی سڤیلیش زیانی پێنەگەیشتووە.

پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا زانا عومەر لە قامشلۆ بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند شەوی چوارشەممە لەسەر پێنجشەممە نزیکەی کاتژمێر دووی شەو بە کاتی ناوخۆیی هێزێکی تایبەتی ئەمەریکا لە گوندی سەرایی ملوک لە نزیک قامشلۆ کە ئەو شوێنە دەکەوێتە ژێر دەستی حکومەتی سوریا، لە هەڵی کۆپتەری لەشکرییەوە دابەزین و هەڵمەتێکیان ئەنجام دا.

XS
SM
MD
LG