Accessibility links

ئەمەریکا پشتڕاستی دەکاتەوە لە هەڵمەتێکیاندا لە سوریا بەرپرسێکی داعشیان کوشتووە


هێزەکانی ئەمەریکا لە هەڵمەتێکدا لە ناوچەیەکی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سوریا گروپی تیرۆریستی داعشیان کردە ئامانج.

فەرماندەیی نێوەندی لەشکری ئەمەریکا هێرشەکەی پشتڕاست کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە بەرپرسێکی داعش لەو هێرشەدا کراوەتە ئامانج. گوتەبێژی نێوەندی لەشکری ئەمەریکا کۆڵۆنێڵ جۆسف بوچینۆ بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە هێزەکانی ئەمەریکا سەرکردەیەکی داعشیان لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا کردە ئامانج.

دوو سەرچاوەی ئاسایشی ئەمەریکا بە ئاژانسەکەیان ڕاگەیاندووە لەو هەڵمەتەدا کەسێک کوژراوە و چەند کەسێکیش دەستگیرکراون. دوو سەرچاوەکە گوتوشیانە ئەو پیاوەی کە کوژراوە بەرپرسێکی داعش بووە و لەلایەن ئەمەریکاوە داواکاراوە.

پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا زانا عومەر لە قامشلۆ بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند شەوی چوارشەممە لەسەر پێنجشەممە نزیکەی کاتژمێر دووی شەو بە کاتی ناوخۆیی هێزێکی تایبەتی ئەمەریکا لە گوندی سەرایی ملوک لە نزیک قامشلۆ کە ئەو شوێنە دەکەوێتە ژێر دەستی حکومەتی سوریا، لە هەڵی کۆپتەری لەشکرییەوە دابەزین و هەڵمەتێکیان ئەنجام دا.

زانا عومەر دەڵێت هێزەکانی ئەمەریکا " کەسێکیان بە ناوی ئەلحائیل کوشتووە و چەند کەسێکی تریشیان دەستگیر کردووە."

بە پێی زانیارییەکانی دەنگی ئەمەریکا ئەو کەسە لە کاتێکدا کوژراوە کە هەوڵی هەڵاتنی داوەو خۆی ڕادەست نەکردووە. هەروەها بە پێی سەرچاوەکان کەسەکە ئەندامێکی باڵای داعش بووە.

ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ لە تویتێکدا دەڵێت ” ئەو ئۆپەراسیۆنەی هێزەکانی 'هاوپەیمانی نێودەوڵەتی' لە گوندێکی قامیشلۆ لە کە دەکەوێت ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی سوریاوە ئەنجامیان دا گەیشتە ئامانجەکانی خۆی".

بە پێی لێدوانی خەڵکی ناوچەکە ئەلحائیل چەند ساڵێکە لەو دەڤەرەیە و دەشڵێن بە شێوەی قسەکردنی دەردەکەوت کە خەڵکی ناوچەکە نەبووە بەڵام ناشزانن خۆی خەڵکی کوێ بووە.

دەنگی ئەمەریکا هەوڵی داوە زانیاری زیاتر لەم بارەیەوە لە بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر وەربگرێت بەڵام هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵەش هیچ وەڵامێکیان نەبووە.

XS
SM
MD
LG