Accessibility links

نیگەرانییەکان لەسە مەرگی نیکا شاکەرەمی زیاد دەکەن، لە کاتێکدا دەسەڵاتدارانی ئێران نکوڵی لەوە دەکەن لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە کوژرابێت


نیکا شاکەرەمی
نیکا شاکەرەمی

لە نێو دەیان قوربانیی سەرکوتکردنی خۆپیشاندەرانی سەرتاسەری ئێران کە پاش مەرگی ژینا ئەمینی دەستیپێکرد، ڕەهەندەکانی مردنی نیکا شاکەرەمی کە نەوجەوانێکی تەمەن 16 ساڵ بوو، سەرنجی میدیا جیهانییەکانی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە. ئەمەش لە کاتێکدایە دەسەڵاتی دادوەری ئێران ئەوەیان ڕەتکردووەتەوە کە لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە کوژرابێت.
راپۆرته كانی میدیا فارسەکانی بنکەیان لە دەرەوەی ئێرانە، باس له وه ده كه ن خێزانە خەمبارەکەی ئەو کچە نەوجەوانە ڕێگەیان پێنەدراوە تەرمەکەی له زێدی خۆیدا بە خاک بسپێرن، لە کاتێکدا دوو خزمی نزیكیشی دەستگیرکراون.
پوری نیکا، ئاتەش شاکەرەمی لە تویتێکدا نوسیویەتی نیکا پاش بەشداری کردن لە خۆپیشاندانەکان لە 20 مانگی 9 وە بێسەروشوێن بوو. دەڕۆژ پاش ئەوە بە خێزانەکەی ڕاگەیەندرا کە تەرمەکەی دۆزراوەتەوە.
خۆپیشاندانەکانی کەلە ناوەڕاستی مانگی نۆوە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین لە مەرگی ژینا ئەمینی دەستیپێکردووە سەرانسەری ئێرانی گرتووتەوە. گروپەکانی مافەکانی مرۆڤ دەلێن دەیان کەس لە سەرکوتکردنەکانی پۆلیس دژ بە خۆپیشاندەران کوژراون.
میدیاکانی وەک بی بی سی فارسی و ئێران وایەر ڕایانگەیاندووە ڕێگەدراوە بە بنەماڵەکەی نیکا کە تەمی کچەکەیان ببینین بەڵام ڕێگەی ئەوەیان پێنەدراوە لە زێدی خۆیان لە خورەمئابادی پارێزگای لوڕستان بەخاکی بسپێرن. ئەو لە سێی مانگی دە کە ڕۆژی 17 هەمین ساڵیادی لەدایکبوونی بوو لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە لە گوندێکی کە دەیان کیلۆمەتر دوورە لە خورەمئابادەوە بەخاک سپیردرا.
گرتە ڤیدیۆییەکانی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراونەتەوە، لەنێویاندا ناوەندی مافی مرۆڤی ئێران کە بنکەکەی لە نیویۆرکە، نیشان دەدات لە بری پرسەگێڕان بنەماڵەکەی لە خوڕەمئاباد بەشداریان لە خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی کردووە. دایکی شیوەن دەکات و دەڵێت "ئەمڕۆ ڕۆژی لەدایکبوونت بوو ئازیزم!... ئەمڕۆ دەڵێم، شەهیدبوونت پیرۆزبێت نیکا!"

بە پێی راپۆرتەکان ئاتەش شاکەرەمی و مامێکی دەستگیرکراون. ئاتەش شاکەرەمی دواجار لە 2 ی مانگی دە تویتێکی کردووە و پاش ئەوە هیچ چالاکییەکی نەماوە.
ڕاپۆرتیش هەیە لەسەر ئەوەی نیکا لە گرتووخانەیەکی دەرەوەی تاران دەستبەسەر بووە، بەڵام ئەمە لەلایەن کاربەدەستانی ئێرنەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوەش دەکەن کاتێک خێزانەکەی چاویان بە تەرمەکەی کەوتووە بینیویانە لە لوتی دراوە و لوتی شکێندراوە. بەشی فارسی کەناڵی بی بی سی ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند بەپێی پشکنینەکان لەسەر هۆکاری مەرگەکەی کە لەلایەن گۆڕستانی بەهەشتی زەهرا کراوە گوتراوە بەهۆی چەند برینێک لە جەستەی کە وا دەردەکەوێت بە شتێکی قورس لێی درابێت گیانی لەدەستداوە.

ڕۆژنامەوان مەسیح عەلینژاد گرتەیەکی ڤیدیۆیی نیکای لە تویتێکدا بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت کۆماری ئیسلامی ئێران لە خۆپیشاندانەکاندا لەسەر مەرگی مەهسا ئەمینی کوشتوویانە.


ئاژانسی ئرنای فەرمی ئێران دەڵێت ڕۆژی چوارشەممە لێکۆڵینەوەکان لەسەر هۆکاری مەرگی شاکەرەمی دەستیپێکردووە و هەشت کەسیش لە پەیوەندی بەو دۆسێیە دەستگیرکراون. دەزگای دادوەری ئێرانیش ڕۆژی چوارشەممە ڕەتیکردەوە هیچ پەیوەندییەک لە نێوان مەرگی نیکا شاکەرەمی و خۆپیشاندانەکان لەسەر مەرگی مەهسا ئەمینی (ژینا) هەبووبێت.

XS
SM
MD
LG