Accessibility links

یەکێتی ئەوروپا بە نیازە کاربەدەستانی ئێران بکاتە ئامانج لە ڕێی سڕکردنی سەروەت و سامانیان و قەدەغەکردنی گەشتکردن


وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ڕایگەیاند؛ یەكێتی ئەوروپا بە نیازە سزا بسەپێنێت بەسەر سامان و دارایی و قەدەغەكردنی گەشتكردن بەسەر ژمارەیەك بەرپرسانی ئێرانی كه دەستیان له سەركوتكردنی خۆپیشاندەراندا هەیه .

کاترین کۆڵۆنا لە پەرلەمان بە یاسادانەرانی ڕاگەیاند "کردەوەی فەرەنسا لە دڵی یەکێتی ئەوروپادا ئەوەیە ئەو کەسانە بکاتە ئامانج کە بەرپرسیارن لە سەرکوتکردنەکان و بە بەرپرسیارن لە کردەوەکان"، ئاماژەی بەوەشکرد کە یەکێتی ئەوروپا بە نیازە سەروەت و سامانیان سڕبکات و گەشتکردنیان لێ قەدەغە بکات.

دوایەمین جار یەکێتیەکە لە ساڵی 2021 ڕێککەوتنی لەسەر گەمارۆکانی مافی مرۆڤ لەسەر تاران کردووە، بەڵام لە ساڵی 2013 ەوە هیچ ئێرانییەک بۆ ئەو لیستە زیاد نەکراوە، چونکە یەکێتییەکە خۆی لەو جۆرە ڕێوشوێنانە بەدوور گرتووە بە هیوای زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ئەتۆمیەکە لەگەڵ ئێران دا دوابەدوای کشانەوەی ئەمەریکا لە ساڵی 2018 لەو ڕێکەوتنە، بەڵام لە ئێستادا ئەو گفتوگۆیانەی سەبارەت بە ڕێکەوتنە ئەتۆمییەکە ڕاگیراون.

لە ئێستادا کۆمەڵێک سزای لەسەر نزیکەی 90 کەسی ئێرانی هەیە کە ساڵانە هەموو لە مانگی 4ی هەموو ساڵێکدا نوێ دەکرێنەوە.

کۆلۆنا پێشنیاری کرد ئەو ڕێوشوێنە نوێیانە دەتوانن کەسایەتییە سەرکوتکەرەکانی ڕژێمی ئێران بکەنە ئامانج کە منداڵەکانیان دەنێرن بۆ ژیانێکی دیکە لە وڵاتانی ڕۆژئاوا. دیپلۆماتکاران دەڵێن چاوەڕوان دەکرێت لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لە 17ی مانگی دە دا مۆری ئەو ڕێوشوێنانە بکات.

ئەمەریکا و کەنەدا پێشتر سزایان بەسەر پۆلیسی ئەخلاقی ئێراندا سەپاندووە لەسەر تۆمەتی دەستدرێژیکردنە سەر ژنانی ئێران و ڕایانگەیاند کە ئەوان ئەو دەزگایەیان بە بەرپرسیار زانیوە لە کوژرانی ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵ.

ڕێبەری باڵای ئێران ڕۆژی دووشەممە پشتیوانی تەواوی خۆی کرد بە هێزە ئەمنییەکان کە ڕووبەڕووی ئەو ناڕەزایەتییانە دەبنەوە کە بەهۆی مەرگی ژینا ئەمینیەوە تاویسەندووە، ئەو لێدوانانەی کە دەتوانن مژدەی سەرکوتکردنی توندتر بن بۆ دامرکاندنەوەی نائارامییەکان کە زیاتر لە دوو هەفتەیە لە دوای کوشتنی ژینا ئەمینییە بەردەوامە و زۆربەی هەرە زۆری شارەکانی ئێرانی گرتۆتەوە.

گروپێکی مافی مرۆڤی ئێران کە بنکەکەی لە نەرویجە ڕایگەیاندووە کە زیاتر لە 100 کەس کوژراون. دەسەڵاتدارانی ئێران ژمارەی کوژراوانیان ئاشکرا نەکردووە، هاوکات دەڵێن زۆرێک لە ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان لەلایەن "ئاژاوەگێڕان و چەقۆکێشەکانەوە کوژراون کە دوژمنە بیانییەکان پشتیوانییان لێدەکەن."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG