جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا لە ڕێوەڕەسمێکدا بۆ ڕێزلێنان لە گیانی قوربانیانی هێرشە تیرۆریستییەکانی کرانە سەر ئەمەریکا، ڕۆژی یەکشەممە لە پنتاگۆن ساڵیادی وەڵامدانەوەی یەکگرتوویی ئەمەریکای بۆ هێرشەکانی 11ی سێپتێمبەری ساڵی 2001ی ڕێکخراوی قاعیدەی بیر ئەمەریکاییەکان هێنایەوە و بەڵێنیدا لە بەرامبەر هەڕەشەی تیرۆریستیدا " هەرگیز دەستەوەستان نابێت."
وتەکانی بایدن سەبارەت بە یەکێتی نەتەوەیی لە یادی 21 ساڵەی هێرشە تیرۆریستیەکانی یازدەی سێپتێمبەردا پێچەوانەی ئەو هۆشدارییانە بوو کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سەبارەت بە دابەشکارییە مەترسیدارەکانی کۆمەڵگای ئەمەریکا دابووی، لەوانە هەندێک لە کۆمارییەکان کە پشتگیری لە کارنامەی دانۆڵد ترامپ سەرۆکی پێشوو دەکەن و مەترسی بۆ سەر دیموکراسی دروست دەکەن.
بایدن گوتی "هیوادارم لەبیرمان بێت کە لە ناوەڕاستی ئەم ڕۆژە تاریکانەدا، بنکۆڵی قووڵمان کرد، ئێمە گرنگیمان بە یەکتر دەدا و پێکەوە کۆبووینەوە." وتەکانی بایدن لەکاتێکدا بوو باران بەسەر ئەو سەربازانەدا داباری کە لە پشتیەوە وەستابوون.
لەو هێرشانەدا کە نزیکەی سێ هەزار کەس گیانیان لەدەستدا، کاتێک فڕۆکە ڕفێنراوەکان خۆیان کێشا بە تاوەرەکانی ناوەندی بازرگانی جیهانی نیویۆرک و پنتاگۆن لە شاری ئارلینگتۆن لە ویلایەتی ڤێرجینیا، لە کاتێکدا فڕۆکەی چوارەم لە ویلایەتی پێنسیلڤانیا کەوتە خوارەوە.
ئەم یادە دوای ساڵێک لە کۆتایی هێنان بە جەنگی ئەفغانستان دێت بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا، کە دوو دەیە لەمەوبەر دەستیپێکرد بۆ لەناوبردنی ئەو گروپە چەکدارەی قاعیدە کە هێرشەکانی 11ی سێپتەمبەریان ئەنجامدا، دوای ئەوەی لە ئەفغانستانەوە پیلانیان بۆ داڕشت.
سەرچاوە: ڕۆیتەرز
لە بیست و یەکەمین ساڵیادی 11ی سێپتێمبەردا سەرۆک بایدن یەکپارچەیی ئەمەریکا بیر ئەمەریکاییەکان دەهێنێتەوە
