Accessibility links

ئەمەریکا چین بە ئەگەری فرۆشتنی چەک بە تایوان بە بڕی 1.1 ملیار دۆلار توڕە دەکات


وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر فرۆشتنی کەرەستەی سەربازی بە تایوان بە بڕی یەک ملیار و 100 ملیۆن دۆلار، لەنێویاندا 60 مووشەکی دژە کەشتی و 100 مووشەکی ئاسمانی، چین هەڕەشەی گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست دەکات.

پێنتاگۆن ڕۆژی هەینی ئەم پاکێجەی ڕاگەیاند دوای مەشقە سەربازییە شەڕانگێزەکانی چین لە دەوروبەری تایوان، لە دوای سەردانێکی مانگی ڕابردووی نانسی پیلۆسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا بۆ دوورگەکە، کە باڵاترین بەرپرسی ئەمەریکاییە لە چەند ساڵی ڕابردوودا گەشت بۆ تایوان بکات.

ئاژانسی هاوکاری ئاسایشی بەرگری پێنتاگۆن (DSCA) ڕایگەیاند، فرۆشتنەکە مووشەکی سایدی ویندر لەخۆ دەگرێت، کە دەتوانرێت لە ئەرکی هێرشی ئاسمانی و زەمینی بەکار بهێنرێت، بە تێچووی نزیکەی 85.6 ملیۆن دۆلار، موشەکی دژە کەشتی هارپۆن بە نرخێکی نزیکەی 355 ملیۆن دۆلار و پشتگیری بۆ بەرنامەی ڕاداری چاودێری تایوان بە بڕی 665.4 ملیۆن دۆلار.

لیو پێنگیۆ، وتەبێژی باڵیۆزخانەی چین لە واشنتۆن لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، ئەگەری فرۆشتنی چەک "پەیوەندییەکانی چین، ئەمەریکا و ئاشتی و سەقامگیری لە سەرانسەری گەرووی تایوان بە توندی دەخاتە مەترسییەوە."

گوتیشی" چین بە توندی ڕێوشوێنی یاسایی و پێویست دەگرێتە بەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەرەسەندنی دۆخەکە."

بەڕێوبەرایەتی سەرۆک جۆو بایدن گوتی کە پاکێجەکە ماوەیەکە لەژێر چاودێریدایە و بە ڕاوێژ لەگەڵ یاسادانەری تایوان و ئەمەریکا پەرەی پێدراوە.

لاورا ڕۆزنبێرگەر، بەڕێوەبەری باڵای کۆشکی سپی بۆ چین و تایوان لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند "لە کاتێکدا کۆماری گەلی چین بەردەوام دەبێت لە زیادکردنی فشارەکان بۆ سەر تایوان لەوانەش لە ڕێگەی زیادکردنی بوونی سەربازی و هێزی دەریایی لە دەوروبەری تایوان، وە هەوڵی گۆڕینی بارودۆخەکە دەدات لە گەرووی تایوان. ئێمە ئەوەی پێویستە بۆ تایوان دابینی دەکەین بۆ پاراستنی خۆی و بەهێزکردنی توانای بەرگری."

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG