Accessibility links

تایوان بۆ یەکەمین جار فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لە دەرەوەی کەناراوەکانی چین دەخاتە خوارەوە


دوورگەی لیۆن
دوورگەی لیۆن

سوپای تایوان بۆ یەکەمین جار فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی مەدەنی لە دەرەوەی کەناراوەکانی چین خستە خوارەوە، فڕۆکەکە هاتۆتە ناو ئاسمانی تایوانەوە لەنزیک دوورگەیەکی نزیک لە کەناراوەکانی چینەوە.

لە ماوەی ڕابردوودا حکومەتی تایوان بەڵێنیدا ڕێوشوێنی پێچەوانەی توند بگرێتەبەر بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ زیادبوونی بەزاندنی سنووری ئاسمانی و دەریایی تایوان لەلایەن چینەوە.

حکومەتی تایوان وتوویەتی نایەوێت گرژییەکان زیاد بکات بەڵام لەم دواییانەدا بەهۆی نزیکبوونەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی چینەوە لە دوورگەکانی نزیک کەناراوەکانی چینەوە بێزار بووە. دوورگەکان دەکەونە نزیک کەناراوەکانی چینەوە و لەژێر کۆنتڕۆڵی تایواندان.

سەرکردایەتی بەرگری تایوان لە دوورگەکانی کینمان کە دەکەونە ئەوبەری شارەکانی شیامین و کوانژۆی چینەوە، لە بەیاننامەیەکدا وتی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان هاتۆتە ناو ئاسمانی تایوانەوە و بەسەر دوورگەی لیۆندا فڕیوە.

هێزەکانی سەر دوورگەکە هەوڵیانداوە فڕۆکەکە ئاگادار بکەنەوە بەڵام هیچ سوودی نەبووە، لەبەر ئەوەی تەقەیان لێکردووە و خستوویانەتە خوارەوە، پاشماوەی فڕۆکەکەش کەوتۆتە ناو دەریاکەوە.

ڕۆژی سێشەممە تایوان بۆ یەکەمین جار تەقەی ئاگادارکردنەوەی لە فڕۆکە بێفڕۆکەوانە چینییەکان کرد، ئەوەش دوای ئەوەی سەرۆکی تایوان تسای ئینگ وین فەرمانی بە سوپا کرد " ڕێوشوێنی پێچەوانەی توند " بگرنەبەر دژی " کارە وروژێنەرەکانی چین."

تسای ڕۆژی پێنجشەممە بە هێزە چەکدارەکانی تایوانی گوت چین بەردەوامە لە بەکارهێنانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بۆ بەزاندنی سنووری ئاسمانی تایوان و ناوچە سەوزەکانی دیکە بۆ تۆقاندنی تایوان.

تسای دووبارە جەختی لەوە کردەوە تایوان ململانێ ناخاتەوە، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نیە ڕێوشوێنی پێچەوانە ناگرێتەبەر.

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە دراوە تسای فەرمانی بە وەزارەتی بەرگری نیشتیمانی کردووە " لەکاتی خۆیدا ڕێوشوێنی توند و پێویست بگرنەبەر بۆ بەرگریکردن لە پارێزراوی تایوان."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG