Accessibility links

بارانبارینێک کە 10 هێندە زیاتربووە لە بارینی نائاسایی لافاوێکی بەرفراوانی لە پاکستان دروستکردووە


ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەوروپا (ESA) ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند باران بارینێک کە 10 هێندە زیاتربووە لە بارانی ئاسایی بۆتە هۆی دروستبوونی لافاوێکی وێرانکەر لە پاکستان.

بارانەکان لە مانگی حوزەیرانەوە سەدان کەسی کوشتووە و لافاوی بەهێزی لێکەوتووەتەوە کە بەشێک لە بەرهەمە گرنگەکانی لەناوبردووەو و زیانی بە زیاتر لە ملیۆنێک ماڵ گەیاندووە یان بەتەواوی وێرانی کردوون.

لە بەیاننامەیەکدا ڕێکخراوی ESA ڕایگەیاندووە، داتاکانی مانگی دەستکردی کۆپەرنیکۆسی یەکێتی ئەوروپا بەکارهێنراوە بۆ نەخشەکێشانی قەبارەی لافاوەکە لە بۆشایی ئاسمانەوە بۆ یارمەتیدانی هەوڵەکانی ڕزگارکردن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، "بارانبارینی زۆر لە وەرزی گەرمادا کە دە هێندە زیاترە لە ئاسایی لە ناوەڕاستی مانگی شەشەوە بووەتە هۆی ئەوەی ئێستا زیاتر لە یەک لەسەر سێی وڵاتەکە لە ژێر ئاودا بن."

ئاژانسەکە وێنەکانی لە مانگی دەستکردەکەوە بڵاوکردەوە کە ناوچەیەک نیشان دەدات کە ڕووباری ئیندوسی دەرژێتە ناو "بە شێوەیەکی کاریگەر دەریاچەیەکی درێژی دروستکردووە، پانەکەی دەیان کیلۆمەترە"، لە نێوان شارەکانی دێرا موراد جەمالی و لارکانا.

بەرپرسان دەڵێن زیاتر لە 33 ملیۆن کەس زیانیان بەرکەوتووە لە هەر حەوت پاکستانییەک یەکێکیان، وە ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکە زیاتر لە 10 ملیار دۆلاری تێدەچێت.

گۆتێرێس لافاوەکەی بە "کارەساتی کەشوهەوا" ناوبردووە و بانگەوازێکی بۆ دابینکردنی 160 ملیۆن دۆلار وەک بودجەی فریاگوزاری دەستپێکردووە.

لە کاتێکدا هێشتا زووە بۆ پێوانی ڕۆڵی گەرمبوونی زەوی یاخود گۆڕانی کەشوهەوا لە لافاوەکەدا، زانایان دەڵێن بارانەکان بە شێوەیەکی بەرفراوان لەگەڵ ئەو چاوەڕوانییانەدا یەکدەگرنەوە کە گۆڕانی کەشوهەوا دەبێتە هۆی زیادبوونی ڕێژەی بارانبارین.


سەرچاوە: فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG