Accessibility links

پاکستان: لافاوەکانی پاکستان کاریگەری لەسەر زیاتر لە 30 ملیۆن کەس هەبووە


وەزیری گۆڕانی کەش و هەوای پاکستان دەڵێت باران بارینە زۆرەکەی وەرزی گەرما و لافاو لەم چەند هەفتەیەی ڕابردوودا لە پاکستان کاریگەریی لەسەر زیاتر لە 30 ملیۆن هاوڵاتی هەبووە، وتیشی بارودۆخەکە " کارەساتێکی مرۆیی دروست کردووە بەهۆی گۆڕانی کەش و هەواوە."

پاکستان داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە یارمەتی بدەن لە بەرەنگاربوونەوەی زیانەکانی لافاوەکەدا کە بەهۆی باران بارینێکی بەخوڕەوە لافاوی گەورە لە وڵاتەکەدا دروست بوو، زیاتر لە 900 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.

وەزیری گۆڕانی کەش و هەوای پاکستان شێری ڕەحمان بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی گوت " 33 ملیۆن کەس زیانییان بەرکەوتووە، لە ئێستا هەڵسەنگاندن بۆ ژمارەی ئەو کەسانە دەکرێت کە بێ ماڵ و حاڵ ماونەتەوە."

گوتیشی هەرێمی سیندی باشوور کە لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا گەورەترین زیانی بەرکەوتووە، داوای 1 ملیۆن خێمەی کردووە بۆ خەڵکەکە.

گوتیشی " باشووری پاکستان خەریکە ژێر ئاو دەکەوێت، خەڵکەکە دەچنە شوێنی بەرزەوە."

ئاماژەی بەوەشکرد " هەڵسەنگاندن بۆ پێویستیەکان ئەنجام دراوە، دەبێت داوای یارمەتییەکی ماوەی درێژی نەتەوە یەکگرتووەکان بکەین، ئەمە ئەرکی یەک وڵات و یەک هەرێم نیە، بەڵکو کارەساتێکە کە بەهۆی گۆڕانی کەش و هەواوە دروست بووە."

وەزیری پلاندانان و گەشەپێدانی پاکستان ئەهسان ئیقبال بە جیا بە ڕۆیتەرزی گوت 30 ملیۆن کەس زیانییان بەرکەوتووە، ئەو ژمارەیەش نزیکەی لە سەدا 15 ی دانیشتوانی پاکستانە.

دەزگای هەماهەنگی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی پێنجشەممە گوتی باران بارینەکەی وەرزی گەرما لە پاکستان زیانی بە نزیکەی 3 ملیۆن کەس گەیاندووە و 184,000 کەس لە ناو وڵاتەکەدا ئاوارە بوون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG