Accessibility links

لە ماوەی مانگێکدا زیاتر لە 180 کەس بەهۆی لافاو لە ئەفغانستان گیانیان لەدەستداوە


وتەبێژی حکومەتی ئەفغانستان پێنجشەممە رایگەیاند لە ماوەی مانگی ڕابردوودا زیاتر لە 180 کەس بەهۆی لافاوەوە لە ئەفغانستان گیانیان لەدەستداوە و سێ هەزار ماڵیش وێرانبوون.

زەبیحوڵڵا موجاهید گوتی قەبارەی زیانەکان خراپتر بوون بەهۆی خراپ بەڕێوەبردنی ژێرخانی حکومەت لەلایەن حکومەتی پێشووەوە.

بەڵام ڕژێمی توندڕەوی تاڵیبان کە ساڵێک لەمەوبەر گەڕایەوە سەر دەسەڵات گرفتی کۆنترۆڵکردنی بارودۆخەکەی هەیە.

موجاهید له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا له‌ كابول گوتی، "ئه‌گه‌ر لافاو و زیانه‌كان زیاتر ببن، ئه‌وا ئیماراتی ئیسلامی ئه‌فغانستان ئه‌وه‌نده‌ سه‌رچاوه‌ی نییه‌ بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و شتانه‌."

بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ، لافاو چەند پارێزگایەکی گرتووەتەوە و خراپترین لافاویش لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە بووە.

ساڵانە دەیان ئەفغانی بەهۆی بارانبارینی بەخوڕەوە گیان لەدەستدەدەن بە تایبەت لە ناوچە گوندنشینە هەژارەکان کە خانووەکانیان خراپ دروستکراون و لافاو بە ئاسانی دەیانڕوخوێنێت.

لەوەتەی تاڵیبان کۆنتڕۆڵی ئەفغانستانی کردووە وڵاتەکە زیاتر کەوتۆتە ناو قەیرانی ئابووری و مرۆییەوە، ئەمەش بەهۆی بلۆککردنی ملیارەها سەروەت و سامانی ئەو وڵاتە لە دەرەوە و کەمبوونەوەی بودجەی کۆمەکی نێودەوڵەتی.

تاڵیبان داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بە تایبەتی وڵاتانی موسڵمان کرد کە یارمەتی حکومەتەکەی بدەن بۆ دابینکردنی پێداویستی بۆ قوربانیانی لافاو.

سەرچاوە: فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG