Accessibility links

وەزارەتی دادی ئەمەریکا: ترامپ هەندێک بەڵگەنامەی هەواڵگری لە کۆشکی سپی بردبوو


وەزارەتی دادی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی ئاشکرای کرد کە لێکۆڵینەوە لە سەرۆکی پێشوو دانۆڵد ترامپ دەکات بەهۆی بردنی بەڵگەنامە لە کۆشکی سپی، چونکە وەزارەتەکە پێی وایە ترامپ بە شێوەیەکی نایاسایی هەندێک بەڵگەنامەی هەستیاری بردووە کە زانیاری هەواڵگریان لە خۆگرتووە.

وەزارەتەکە بەڵگەنامەیەکی یاسایی بڵاوکردەوە کە زۆرێک لە زانیارییەکانی داپۆشرابوون و ڕوونی دەکاتەوە کە بۆچی هێزی FBI لە 8ی مانگی هەشتدا هەڵیکۆتاوەتە سەرشوێنی نیشتەجێبوونی ترامپ لە ویلایەتی فلۆریدا.

کارمەندانی FBI دەستیان بەسەر 11 جۆر بەڵگەنامەی نهێنیدا گرت لەنێویاندا هەندێکیان لەسەریان نوسرابوو "نهێنی باڵا" و ئەگەر ئاشکرا بکرێن، دەکرێت هەڕەشەی گەورە بۆ سەر ئاسایشی نیشتیمانی وڵاتەکە دروستبکەن.

لە بەڵگەنامەکەدا، بریکارێکی نەناسراوی FBI ڕایگەیاندووە کە ئاژانسەکەی پێداچوونەوەی بە 184 بەڵگەنامەدا کردووە کە نیشانەی "نهێنی"یان لەسەردراوە و زانیاری سەبارەت بە "بەرگری نیشتیمانی" لە خۆدەگرن.

گەڕانەکە لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەیەکی فیدراڵیدا بوو کە ئایا ترامپ بە شێوەیەکی نایاسایی دوای جێهێشتنی کۆشکی سپی بەڵگەنامەی نهێنی لەگەڵ خۆیدا بردووە یاخود نا، یان ئایا هەوڵیداوە ڕێگری لە لێکۆڵینەوەی یاسایی بکات.

ترامپ، کە ئەندامێکی پارتی کۆمارییەکانە، بیر لەوەدەکاتەوە جارێکی دیکە خۆی بۆ سەرۆکایەتی لە ساڵی 2024 هەڵبژێرێتەوە.

XS
SM
MD
LG