Accessibility links

ئەمەریکا: ئێران دەبێت لە گفتوگۆکاندا دەستبەرداری داواکارییە ' دەرەکییەکان ' بێت


وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت تەنها ڕێگە بۆ دووبارە زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ساڵی 2015 ی ئێران ئەوەیە تاران دەستبەرداری داواکارییە دەرەکییەکانی بێت، گوتیشی واشنتن باوەڕی وایە هەموو ئەو شتانەی کە دەکرێت گفتوگۆیان لەسەر بکرێت پێشتر گفتوگۆیان لەسەر کراوە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا نێد پڕایس بە ڕۆژنامەنووسانی گوت ئەمەریکا بە تایبەتی وەڵامی دەقی " کۆتایی " یەکێتی ئەوروپا دەداتەوە سەبارەت بە زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنەکە، بەڵام ئاماژەی بە کاتێکی دیاریکراو نەدا.

دیبلۆماتکاران دەڵێن یەکێتی ئەوروپا داوای وەڵامێکی کردووە بۆ دەقەکەی، ئێرانیش ئاماژەی بەوەداوە پابەندی دەقەکە دەبێت.

لە ساڵی 2018 دا سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان کشایەوە و سەرجەم سزاکانی سەپاندەوە بەسەر تاراندا، بەپێی ڕێکەوتنەکە، سزا نێودەوڵەتییەکانی سەر ئێران لادەبرێن و لەبەرامبەریشدا ئێران چالاکییەکانی لە بەرنامە ناوەکییەکەیدا سنووردار دەکات.

بەڕێوەبەرایەتییەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن هەوڵیداوە ڕێکەوتنەکە زیندوو بکاتەوە.

پڕایس گوتی " تەنها ڕێگە بۆ پابەندبوونێکی هاوبەش بە ڕێکەوتنەکەوە ئەوەیە کە ئێران چیتر دەستبەرداری داواکارییە پەسەند نەکراوەکانی بێت کە لە دەرەوەی چوارچێوەی ڕێکەوتنەکەدان. دەمێکەیە ئەو داواکارییانەمان بە دەرەکی ناوبردووە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG