Accessibility links

وەزارەتی بەرگری تورکیا: دوو کەشتی دیکەی دانەوێڵە لە ئۆکرانیاوە بە ڕێکەوتن


وەزارەتی بەرگری تورکیا ڕایگەیاند ڕۆژی شەممە دوو کەشتی دیکە لە بەندەرەکانی دەریای ڕەشی ئۆکرانیا بەڕێکەوتن، بەمەش کۆی ژمارەی ئەو کەشتیانەی کە بەپێی گرێبەستێک کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بەڕێوەدەچێت گەشتە 16 کەشتی.

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکرد، کەشتی فولمار ئێس کە ئاڵای باربادۆسی لەسەرە، بەندەری چۆرنۆمۆرسکی ئۆکرانیای بەجێهێشتووە و 12 هەزار تۆن گەنمەشامی بۆ پارێزگای ئیسکەندرونی باشووری تورکیا گواستۆتەوە. کەشتی تۆی کە ئاڵای دوورگەی مارشاڵی لەسەرە، لە هەمان بەندەرەوە بەڕێکەوت و بەرەو تەکیرداغی تورکیا و سێ هەزار تۆن تۆوی گوڵەبەڕۆژەی هەڵگرتووە.

لە ڕاگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە، ڕۆژی شەممە كەشتییەكی دیكە بە مەبەستی كڕینی دانەوێڵە لە توركیاوە بەرەو ئۆكرانیا دەڕوات.

وەزارەتی ژێرخانی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، لە سەرەتای مانگی حەوتەوە 16 کەشتی کە 450 هەزار تۆن بەرهەمی کشتوکاڵییان تێدابوو بەندەرەکانی دەریایی ئۆکرانیا جێهێشتتوە بەپێی ڕێککەوتنەکە کە ڕێگەی سەلامەتی بۆ کەشتییەکان مسۆگەر کردووە.

ئەو ڕێككەوتنەی لە مانگی 7ی ڕابردوودا لەلایەن ئۆكرانیا، ڕووسیا، توركیا و نەتەوە یەكگرتووەكانەوە واژۆكرا، ڕێگەی داوە بە دەستپێكردنەوەی هەناردەی دانەوێڵە لە بەندەرەكانی دەریای ڕەشی ئۆكرانیا دوای ئەوەی بەهۆی شەڕەوە بۆ ماوەی 5 مانگ وەستابوون.

ئۆکرانیا هیوادارە لە داهاتوویەکی نزیکدا هەناردەی دەریایی خۆی بۆ زیاتر لە 3 ملیۆن تۆن دانەوێڵە و بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی دیکە لە مانگێکدا زیاد بکات.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG