دەسەڵاتدارانی ویلایەتی کالیفۆرنیا ڕایانگەیاند؛ دوو تەرم لەناو ئۆتۆمبێلێکی سوتاودا دۆزرانەوە لە ڕێڕەوی ئاگرێکی گەورە لە نزیک سنووری کالیفۆرنیا و ئۆریگن، لە کاتێکدا لە کۆتایی هەفتەدا دوکەڵی قورسی ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکان هەوڵی فڕۆکەکانی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە سەختر کرد.
بەپێی بەیاننامەیەک کە فەرمانڕەوای ویلایەتەکە گاڤین نیوزەم کە ڕۆژی یەکشەممە بڵاویکردەوە، لە ڕۆژی هەینیەوە ئاگرەکە تاویسەندووە و بە خێرایی بڵاودەبێتەوە، لانیکەم 2000 هاوڵاتی ناچارکردووە ئەو ناوچەیە چۆڵ بکەن لە کاتێکدا ماڵەکان و ژێرخانی گرنگ وێران بووە، کە زۆربەیان لە ناوچەی سیسکیووەن کە شوێنی دارستانی نیشتمانی کلاماتە.
ئاماژەی بەوەشکردووە؛ دوو ئاگرکەوتنەوەی دیکە لە پارێزگاکەدا لانیکەم 200 دانیشتووی ناچارکردووە لە ماڵەکانیان دەربچن. خزمەتگوزاری دارستانی ئەمەریکا ڕایگەیاندووە، ئەو ئاگرکەوتنەوانە تا ڕۆژی یەکشەممە بە کۆی گشتی پەرەیان سەندووە و گەیشتوونەتە زیاتر لە 1700 دۆنم.
وەزارەتی دارستان و پاراستنی ژینگەی سروشتی لە ئاگری کالیفۆرنیا لە نوێکردنەوەیەکی سەر لە بەیانی ڕۆژی دووشەممەدا ڕایگەیاندووە؛ پێشتر گەورەترین ئاگرکەوتنەوە ڕوویداوە لە کالیفۆرنیا بەڵام ئەمساڵ ئاگرەکە 55,493 دۆنمی گرتۆتەوە و بەردەوامە، هێشتا 0% کۆنتڕۆڵکراوە.
نووسینگەی شەریفی پۆلیسی سیسکییۆ لە بەیاننامەیەکدا کە ڕۆژی دووشەممە بڵاویکردۆتەوە، دەڵێت ڕۆژی یەکشەممە تەرمی ئەو دوو کەس لە ئۆتۆمبێلێکدا دۆزرانەوە کە لە ڕێگای هاتووچۆی ناوچەیەکی نیشتەجێبوون لە ڕۆژئاوای کۆمەڵگەی ڕووباری کلامات وەستابوو. ئاماژەی بەوەشکردووە، هیچ زانیارییەکی زیاتریان لەسەر ئەو دوو قوربانییە دەستنەکەوتووە وەکو ناسنامە بۆئەوەی ئاگاداری کەسە نزیکەکانیان بکەنەوە.
زیاتر لە بیست ساڵە وشکەساڵی و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما کە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە زیاتر تاویسەندووە، وایکردووە کالیفۆرنیا زیاتر لە جاران تووشی ئاگرکەوتنەوە دارستانەکان ببێتەوە. ئەوە دوو ساڵە وێرانترین ساڵەکانی ئەو ویلایەتەیان تۆمارکردووە، بە پشتبەستن بە ژمارەی ئە دۆنم زەویانەی سووتاون.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز