Accessibility links

ئێران هاوڵاتییەکی سویدی بە تۆمەتی سیخوڕی دەستبەسەر دەکات


بە پێی ڕاپۆرتی میدیای فەرمی ئیرنا؛ وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند کە هاوڵاتییەکی سویدییان بە تۆمەتی سیخوڕی دەستبەسەر کردووە، بەبێ ئەوەی ناوی ئەو کەسە ئاشکرا بکەن.

ئیرنا لە زاری بەیاننامەیەکی وەزارەتەکەوە ڕایگەیاندووە، دەزگای ئیتلاعاتی ئێران ڕایگەیاند کە هاوڵاتییەکی شانشینی سوید بە تۆمەتی سیخوڕی دەستبەسەر کراوە. بەڵام باسی کاتی دەستگیرکردنەکە نەکراوە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە ڕایگەیاندووە "ئاگاداری ئەو حاڵەتەن و ماوەیەکە وەزارەتی دەرەوە کاری لەسەر دەکات".

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە ئاماژەی بەوەشدا کە دۆسیەکە پیاوێکی سویدییە کە لە مانگی 5 ی ڕابردووەوە وەزارەتی دەرەوە ڕایگەیاندووە کە لە ئێران دەستبەسەر کراوە. بەڵام ئێران لەو کاتەدا ئەو دەستگیرکردنەی بڵاو نەکردۆتەوە.

ئاژانسی هەواڵی فارسی نیمچە فەرمی ئێران لە زاری دەزگای ئیتلاعاتی ئێرانەوە بڵاویکردەوە کە "تۆمەتبارەکە لە چەند گەشتێکی پێشوودا بۆ ئێران لە ژێر چاودێریدا بووە بەهۆی هەڵسوکەوت و پەیوەندییە گوماناوییەکانیانەوە، بەهۆی سەردانیکردنی ئەو شارانەی کە بە تەواوی لە دەرەوەی شوێنە گەشتیارییەکان بوون."

ئاماژە بەوەشکراوە، گومانلێکراوەکە پێشینەی گەشتی بۆ ناوچە فەلەستینییەکانی ئیسرائیل هەبووە "پێش ئەوەی بەرەو ئێران بەڕێبکەوێت."

لە مانگی 5 ی ئەمساڵدا وەزارەتی دەرەوەی سوید ڕایگەیاندبوو کە پیاوێکی سویدی لە ئێران دەستبەسەر کراوە، ئەوەش تەنها چەند ڕۆژێک دوای ئەوەی ئاگادارکرابۆوە کە گەشتێک ئەگەر پێویست نەبێت بۆ ئێران نەیکات، ئەوەش بە هۆکاری خراپبوونی دۆخی ئاسایشییەوە بووە.

پەیوەندییەکانی نێوان سوید و ئێران لە بارگرژیدایە دوای ئەوەی سوید بەرپرسێکی پێشووی ئێرانی بە تۆمەتی تاوانی جەنگ، لە سێدارەدانی بە کۆمەڵ و ئەشکەنجەدانی زیندانیانی سیاسی لە گرتووخانەیەکی ئێران لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا دەستبەسەرکرد و دادگایی کرد.

ڕۆژی 14ی مانگی 7 دادگای سوید سزای زیندانی هەتاهەتایی بۆ ئەو کەسە دەرکرد بە ناوی حەمید نوری.

ئێران سەرکۆنەی ئەو بڕیارەی کرد و ڕایگەیاند؛ ئەم بڕیارە "پاڵنەری سیاسییە" و "هیچ ڕەوایەتییەکی یاسایی نییە."

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران به‌ مه‌به‌ستی ناڕه‌زای دەربڕین بەرامبەر ئه‌م حوکمه‌، کاربەڕێکەری کاروباری سویدی له‌ تاران بانگ کرد.

هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە ساڵانی ڕابردوودا دەیان کەسی بیانی و خاوەن دوو ڕەگەزنامەیان دەستبەسەر کردووە، کە زۆربەیان بە تۆمەتی سیخوڕی و پەیوەندیدار بە ئاسایشەوە دەستگیرکراون.

گرووپەکانی مافەکانی مرۆڤ؛ کۆماری ئیسلامییان بەوە تۆمەتبار کردووە کە هەوڵی بردنەوەی بەرژەوەندی زیاتر دەدات لە وڵاتانی دیکە لە ڕێگەی دەستگیرکردن بە تۆمەتی ساختە. بەڵام تاران ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG