Accessibility links

ئێران دەڵێت ئەو دەستگیرکراوانەی پەیوەندییان بە موسادەوە هەبووە ئەندامی کۆمەڵەن، کۆمەڵەش نکوڵی لێدەکات


وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران ڕۆژی چوارشەممە رایگەیاند، ئەو کەسانەی کە پەیوەندییان بە موسادی ئیسرائیلەوە هەبوو و هەفتەی رابردوو دەستگیرکران، ئەندامی گروپێکی یاخیبووی کوردی قەدەغەکراویشن کە پلانیان دانابوو "ناوەندێکی بەرگری هەستیار" بکەنە ئامانج.
وەزارەتەکە ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند کە " ئەندامانی ڕێکخراوێکی تیرۆرستی دەسگیرکراون کە لە دەزگای سیخوڕی زایۆنی موساد کاردەکەن و ڕەوانەی ئێران کراون بۆ ئەنجامدانی کارێکی تیرۆرستی." بەڵام نە ئاماژەی بەوە کرد کە چەند کەس دەستگیرکراون و نە نێوی ئەو " شوێنە هەستیارە" شی هێنا کە گوایە پلانیان هەبوو هێرشی بکەنە سەر بەڵام گوتی گوایە لە هەرێمی کوردستانی عێراقەوە چوونەتە نێو ئێرانەوە.
ڕۆژی چوارشەممە وەزارەرتی ئیتڵاعاتی ئێران لە بەیاننامەیەکی نوێدا ڕایگەیاند " پێکهاتەی تیمی ئۆپەراسیۆنەکە ئەندامانی گروپی کۆمەڵەی تیرۆرستن."
کۆمەڵە کە لە ساڵی 1979 وە لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران لە پێناو بەدەستهێنانی ئۆتۆنۆمی بۆ ناوچە کوردنشینەکانی باکووری ئێران تێدەکۆشێت. ناوبەناو پێکدادان لە نێوان پێشمەرگەکانی کۆمەڵەو هێزەکانی ئاسایشی ئێران لە ناوچە کوردییەکانی ئێران ڕوودەدات.
دەزگای ئیتڵاعاتی ئێران لە مانگی چواردا ڕایگەیاند، ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆمەڵەیان لە ئوستانی کوردستان باکووری ڕۆژئاوای وڵاتەکە دەستگیرکردووە کە هەوڵی " دروستکردنی کێشەی ئاسایشیان" داوە. وەزارەتەکە ڕۆژی چوارشەممە چەند وێنەیەکی کەرەستەی سەربازی و چەکی بڵاوکردەوە کە گوایە لەلای ئەو کەسانەی کە دەستگیرکراون دەستیبەسەردا گیراوە.
ڕاگاندنەکەی وەزارەتەکە دەڵێت ئەو کەسانەی کە دەستگیرکراون هەوڵیان دابوو " نێوەندێکی هەستیاری بەرگری وڵاتەکە بتەقێننەوە" بەڵام بە روونی ئاماژەی بە ئامانجەکە نەکردووە.
بەڵام کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە ڕاگەیاندنێکیدا وەڵامی بانگەشەکەی کۆماری ئیسلامی دەداتەوە و دەڵێت بە توندی ئەو جۆرە ئیدیعایە ڕەت دەکاتەوە و دەشڵێت " ئەم پڕۆژەیە، وەکوو بیانوویەک بۆ سەرکوتی زیاتر لە کوردستان، و پەروپاگاندا بە دژی خەباتکارانی بەرحەقی خەڵکی کوردستان و ئێران دەزانێت. هەروەها ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و ناوەندە ئەمنیەتییەکانی بە بەرپرسی ڕاستەوخۆی هەڕەشەی گیانی لە سەر پێشمەرگە دەسبەسەرکراوەکانی خۆمان دەزانین و چاوەڕوانیمان لەسەرجەم، ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان، ناوەندەکانی مافی مرۆڤ و ڕای گشتی ئێران ئەوەیە لە هەمبەر، ئەو سێناریۆسازییە دووپاتکراو و چەواشەکارانە بێ دەنگ نەبن، تا جارێکی دیکە ڕۆڵەکانی ئەم وڵاتە نەبنە قوربانی سەرەڕۆیی، پیلانگێڕی و زیادەخوازی و بەربەرەکانێی ئیدئۆلۆژیکی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران".


XS
SM
MD
LG