Accessibility links

پۆلیسی سریلانکا کەسێکی دەستگیرکردووە بە تۆمەتی دزینی ئاڵای سەرۆکی سریلانکا و بێ ڕێزیکردن بە ئاڵاکە


پۆلیسی سریلانکا ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند؛ سەرکردەیەکی سەندیکای کرێکاری سریلانکایان دەستگیرکردووە کە گوایە دوو ئاڵای فەرمی لە کۆشکی گۆتابایا راجاپاکسا سەرۆکی لەکارلادراوی سریلانکا وەرگرتووە و وەک چەرچەفی سەر جێگای خەو و پەشتەماڵ بەکاری هێناوە.

دەیان هەزار کەس کە لە قەیرانی ئابووری ئەو وڵاتە توڕە بوون، سەرەتای ئەم مانگە هێرشیان کردە سەر شوێنی نیشتەجێبوون و ئۆفیسی کەناری دەریای ڕاجاپاکسا و سەرکردەکەیان ناچار کرد وڵاتەکە بەجێبهێڵێت و دواتر دەست لەکار بکێشێتەوە.

ئەفسەرێکی پۆلیس بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، دەستگیرکردنی ئەو پیاوە شەوی هەینی دوای ئەوە دێت کە لە پۆستێکی سۆشیال میدیادا دەرکەوتووە یەکێک لە ئاڵا فەرمییەکانی سەرۆکایەتی وەک چەرچەفی سەر جێگای خەو و ئەوی دیکەیان وەک پەشتەماڵ بەکاردەهێنێت، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت.

ئەفسەرەکە دەڵێت: "لەو گرتە ڤیدیۆییانەی کە کوڕەکەی وێنەیانی گرتووە و بڵاویکردووەتەوە، ناسنامەکەیمان دۆزیوەتەوە".

ئاماژەی بەوەشکردووە "بە لێکۆڵەرانی گوتووە کە ئاڵایەکی سووتاندووە و ئەو ئاڵایەمان دۆزیوەتەوە کە وەک پەشتەماڵ بەکاریهێناوە".

ئەفسەرەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، پیاوەکە بۆ ماوەی دوو هەفتە زیندانی کراوە تا لێکۆڵینەوەی زیاتر دەکرێت.

لە کاتێکدا 22 ملیۆن هاوڵاتی سریلانکا بەرگەی چەند مانگێک لە پچڕانی کارەبای درێژخایەن و هەڵاوسانی ئابوری و کەمی خۆراک و سووتەمەنی و بەنزینیان نەگرتوو و خۆپیشاندانی گەورەیان سازکرد.

ڕاجاپاکسا لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە بە خراپ بەڕێوەبردنی دارایی میللەتەکە تاوانبار کرابوو و چەند مانگێک بوو تووڕەیی جەماوەری پێش خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان ناچاریان کرد دەستبەرداری پۆستەکەی بێت و دووربخرێتەوە.

هەر زوو دوای ئەوەی خۆپیشاندەران دەستیان بەسەر کۆشکی سەرۆکایەتیدا گرت، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چەندین وێنەو ڤیدیۆ بڵاوکرانەوە کە لە حەوزەکەی سەرۆکایەتیدا خەڵک مەلە دەکات و لەسەر جێگەی خەوەکەی سەرۆک پاڵکەوتوون و بەناو کۆشکە گەورەکەدا دەسوڕانەوە.

بەڵام خۆپیشاندەران نزیکەی 17.5 ملیۆن ڕوپیە (واتە 46 هەزار دۆلار)یان لە دراو ڕادەستی دەسەڵاتداران کردەوە کە لە یەکێک لە ژوورەکانی کۆشکی سەرۆکایەتیدا دۆزرابۆوە.

XS
SM
MD
LG