Accessibility links

سەرچاوەیەکی حکومی: سەرۆکی سریلانکا ڕایکردووە بۆ ماڵدیڤ


Sri Lanka Protest
Sri Lanka Protest

گۆتابایا راجاپاکسا سەرۆکی سریلانکا لە وڵاتەکەی هەڵات و سەدان خۆپیشاندەر هەڵیانکوتایە سەر نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی سریلانکا پاش ئەوەی ڕاپەڕینی خەڵکەکە لەسەر قەیرانێکی ئابوری وێرانکەر هێزە ئەمنییەکانی گرتەوە و داوایان لە سەرۆکی وڵاتەکە کرد کە دەستبەرداری دەسەڵات بێت.
ڕاجاپاکسا پەیوەندی بە سەرۆکی پەرلەمانەوە کردبوو و ڕایگەیاندبوو دواتر دەستبەرداری دەسەڵات دەبێت و هاوپەیمانەکەی سەرۆک وەزیران رانیل ویکرەمسینگ سەرۆکی کاتی بێت، ئەمەش خەڵکی سریلانکای تووڕە کرد لەبەرئەوەی کەمی خۆراک و سووتەمەنی و کارەبا چەند مانگێکە خەڵکی گرفتار کردووە .
هەڵاتنی سەرۆک کۆمار کۆتایی بە دەسەڵاتی خێڵە بەهێزەکەی ڕاجاپاکسا هێنا کە لە 20 ساڵی ڕابردوودا دەستی بەسەر سیاسەتی ئەو وڵاتەی باشووری ئاسیادا گرتبوو.
نووسینگەی ویکرەمسینگ باری نائاسایی و قەدەغەی هاتووچۆی راگەیاند کە دەستبەجێ کاری پێدەکرێت، بەڵام دواتر هەڵیوەشاندەوە. نووسینگەکەی ئاماژەی بەوەشکردووە، دواتر جارێکی دیکە ئەو هەنگاوانە ڕادەگەیەنرێتەوە.
لە بەیاننامەیەکدا ویکرەمسینگ وتی خۆپیشاندەران هیچ هۆکارێکیان نییە بۆ هەڵکوتانە سەر نوسینگەی سەرۆک وەزیران "ئەوان دەیانەوێت پرۆسەی پەرلەمان بوەستێنن. بەڵام دەبێت ڕێز لە دەستوور بگرین. بۆیە هێزە ئەمنییەکان ئامۆژگارییان کردووم کە باری نائاسایی و قەدەغەی هاتووچۆ بسەپێنم. من کار بۆ ئەوە دەکەم".
پۆلیس کە لە دەرەوەی نووسینگەی سەرۆک وەزیران جێگیر بوون چەند گولە گازی فرمێسکڕێژیان تەقاند و کۆپتەرێکی سەربازی بۆ ماوەیەکی کورت بەسەر سەریدا سووڕایەوە، بەڵام خۆپیشاندەران بێ وەستان دەرکەوتن و دواجار بە خێرایی خۆیانکرد بە ناو شوێنی حەوانەوەی سەرۆکدا. تیمی ویکرێمیسینگ ئامادە نەبوون شوێنی هەڵاتنی سەرۆکەکەیان ئاشکرا بکەن.
سەرچاوەیەکی حکومی و کەسێکی نزیک لە ڕاجاپاکسا ڕایانگەیاند کە سەرکۆی وڵاتەکە هەڵهاتووە بۆ شاری مالێ پایتەختی ماڵدیڤ. سەرچاوەی حکومەتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، بە ئەگەرێکی زۆرەوە سەرۆک لەوێوە بەرەو وڵاتێکی دیکەی ئاسیا دەڕوات.


سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG