Accessibility links

ئەردۆغان هێشتا هیواخوازە گفتوگۆکان لە بارەی دانەوێڵەی ئۆکرانیا ئەم هەفتەیە ئەنجامبدرێن


ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند هێشتا هیواخوازە میوانداری ڕووسیا و ئۆکرانیا لەم هەفتەیەدا بکات سەبارەت بە کەمکردنەوەی قەیرانێکی خۆراکی جیهانی کە بەهۆی ڕێگری کردنی دانەوێڵەی دەریای ڕەشەوە دروستبووە.

ئەم قسانەی ئەردۆغان کەمتر لە ڕۆژێک دوای ئەوە هات کە ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا، مەرجێکی نوێی چاوەڕواننەکراوی بۆ دەستپێکردنەوەی گەیاندنی بارە دانەوێڵەکان دانا.

نرخی خۆراک لە جیهاندا لە بەرزبوونەوەدایە و بەهۆی لەشکرکێشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، ملیۆنان کەس رووبەڕووی برسێتی بوونەتەوە.

شەڕەکە لە یەکێک لە بەپیتترین ناوچەکانی ئەوروپا و لە نێوان دوو لە گەورەترین بەرهەمهێنەرانی دانەوێڵە لە جیهاندا بەرپابووە.

تا 25 ملیۆن تۆن گەنم و دانەوێڵەی دیکە لە بەندەرەکانی ئۆکرانیا لەلایەن کەشتییە جەنگییەکانی ڕووسیا و ئەو مینانەی کە کیێڤ بۆ ڕێگریکردن لە پێشڕەوی رووسەکان دایناون.

یەکەم دانوستانی ڕاستەوخۆی نێوان شاندە سەربازییەکانی هەردوو وڵات لە مانگی ئازارەوە هەفتەی ڕابردوو لە ئیستەنبوڵ روویدا و تیایدا بەرپرسانی تورکیا و نەتەوە یەکگرتووەکان بەشداربوون. ڕەشنووسێکی سەرەتایی بۆ چارەسەرکردنی چەقبەستوویی خرایەڕوو.

چاوەڕوان دەکرا ئەم هەفتەیە جارێکی دیکە لایەنەکان لە ئیستەنبوڵ بۆ گەڕی دووەمی دانوستانەکان کۆببنەوە، بەڵام پوتین ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند کە ڕووسیا تەنیا ئەو کاتە ڕێگە بە رۆشتنی دانەوێڵەی ئۆکرانیا دەدات کە رۆژئاوا سزاکانی لەسەر هەناردەی دانەوێڵەی رووسیا هەڵگرێت.

ئەردۆغان دوای دیداری پوتین لە پەراوێزی کۆبوونەوەی لوتکەی تاران لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان رایگەیاند، بە هیوای رێککەوتن دەمێنێتەوە.

ئەردۆغان لە فڕۆکەکەیدا کاتێک بۆ لە ئێرانەوە بۆ تورکیا دەگەڕایەوە بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاندبوو کە "لە ئەنجامی کۆبوونەوەیەکی تەکنیکی کە هەفتەی رابردوو لە ئەستەنبوڵ بەڕێوەچوو، گەشتینە رێککەوتنێک لەسەر چوارچێوە سەرەکییەکانی چۆنیەتی ئەنجامدانی ئەم پرۆسەیە لە چوارچێوەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان".

ئەردۆغان پاشان گوتی، "ئێستا لەم هەفتەیەدا، دەمانەوێت ئەم یاداشتە بکرێتە دەقێکی نووسراو. هیوادارین لە ڕۆژانی داهاتوودا پلانەکە جێبەجێبکرێت."

نە ڕووسیا و نە ئۆکرانیا بە فەرمی بەشداریی خۆیان لە گەڕی دووەمی پێشنیارکراوی دانوستانەکانی ئەستەنبوڵ پشتڕاست نەکردۆتەوە.

هەروەها ئەردۆغان ئاماژەی بەوە نەدا کە کەی لەوانەیە بەڕێوەبچێت.

پوتین ڕۆژی سێشەممە سوپاسی ئەردۆغانی کرد کە ڕۆڵی نێوەندگیری سەرەکی لەم ناکۆکییەدا گێڕاوە.

بەڵام دواتر بە ڕۆژنامەنووسانی ڕووسیای ڕاگەیاند کە ڕۆژئاوا پێویستە هەندێک مەرج جێبەجێبکات "ئەگەر بە دڵسۆزیەوە بیانەوێت دۆخەکە لەبارەی بازاڕی نێودەوڵەتی خۆراک باشتر بکەن".

وتیشی: "ئێمە ئاسانکاری بۆ هەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکرانیا دەکەین، بەڵام لەو ڕاستییەوە دەڕۆین کە هەموو کۆت و بەندەکانی پەیوەست بە ئەگەری گەیاندن بۆ هەناردەکردنی دانەوێڵەی روسی هەڵدەگیرێن".

سەرچاوە: ئاژانسی فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG