Accessibility links

بەرپرسی هەواڵگری بەریتانیا گومانی هەیە ڕێبەری باڵای ئێران بیەوێت پشتیوانی لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی بکات


بەڕێوەبەری هەواڵگری بەریتانیا ڕۆژی پێنجشەممە گومانی خۆی دەربڕی کە ئایەتوڵا خامەنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران، سەرەڕای دانوستانە درێژخایەنەکان بیەوێت پاڵپشتی گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015 بکات.

ڕیچارد مۆر، سەرۆکی MI6 لەکۆڕبەندی ئاسایشی ئاسپێن گوتی "ئەگەر بتوانین ڕێککەوتنێک بەدەست بهێنین، ڕەنگە باشترین ئامراز بێت کە هێشتا لەبەردەستدایە بۆ سنووردارکردنی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران. من قەناعەتم نییە کە دەگەینە ئەوێ."

لە کۆنفرانسەکەدا لە ویلایەتی کۆلۆرادۆی ئەمەریکا گوتی "پێموانییە ڕێبەری باڵای ئێران بیەوێت ڕێککەوتنێک بکرێت."

سەرۆک جۆو بایدن پشتگیری لە زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنەکەی ساڵی 2015کرد کە لە سەردەمی باراک ئۆباما سەرۆکی پێشووی ئەمەریکادا دانوستانیان لەسەر کرا و سێ ساڵ دواتر دۆناڵد ترەمپەوە لێی کشایەوە.

بەڵام دانوستانە ناڕاستەوخۆکان لە ڤیەننا تا ئێستا بێ ئەنجام بوون و هۆکارێکی ئەمە ڕەتکردنەوەی داوایەکی ئێرانە لەلایەن ئەمەریکاوە بۆ دەرهێنانی سوپای پاسدارانی لە لیستی گروپە تیرۆریستییەکان.

بەریتانیا، چین، فەرەنسا، ئەڵمانیا و ڕووسیا هەموویان لایەنی ئەو ڕێککەوتنە بوون کە بە فەرمی بە پلانی هاوبەشی گشتگیری کارکردن (JCPOA) ناسراوە. بەپێی ئەو پلانە ئێران لە بەرامبەر بەڵێنەکانیدا بۆ سنورداردنی پیتاندنی یۆرانیۆم، وڵاتانی ڕۆژئاوا بەشێکی زۆری سزا ئابوورییەکان لەسەر ئابووری ئێران لادەدەن.

خامنەیی کە لە ساڵی 1989ـەوە سەرکردایەتی دەوڵەتە زۆرینە شیعییەکە دەکات، بە دوژمنایەتی بەرامبەر ئەمەریکا ناسراوە، کە بنەمایەکی ناوەندی شۆڕشی ئیسلامی 10 ساڵ پێشتر بوو کە بووە هۆی ڕووخاندنی ڕژێمی پاشایەتی ئێران، کە دۆستی وڵاتانی ڕۆژئاوا بوو.

سەرچاوە: فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG