ڕاوێژکارێکی باڵای ڕابەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامنەئی بە کەناڵی ئەل جەزیرەی قەتەڕی ڕاگەیاند ئێران لە ڕووی تەکنیکییەوە لەتوانایدا هەیە بۆمبی ناوەکی دروست بکات بەڵام تاوەکو ئێستا بڕیاری نەداوە بۆمبێک دروست بکات.
ڕۆژێک دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن گەشتە چوار ڕۆژییەکەی بۆ ئیسڕائیل و سعودیە کۆتایی پێهێنا و بەڵێنیدا ڕێگە نەدات " ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ناوەکی "، ڕاوێژکاری باڵای خامنەئی کەمال خەڕازی ئەم لێدوانەیدا.
لێدوانەکانی خەڕازی پێشنیارێکی دەگمەن بوون لەسەر ئەوەی کە ئێران ڕەنگە گرنگی بدات بە چەکی ناوەکی، کە لەمێژە ڕەتی دەکاتەوە هەوڵی دروستکردنی چەکی ناوەکی دابێت.
خەڕازی گوتی " لە چەند ڕۆژێکی کەمدا توانیمان یۆرانیۆم بۆ لە سەدا 60 بپیتێنین و دەتوانین بە ئاسانی یۆرانیۆمی پیتێندراو بۆ لەسەدا 90 بەرهەم بهێنین، ئێران هۆکارە تەکنیکییەکانی هەیە بۆ بەرهەمهێنانی بۆمبی ناوەکی، بەڵام تاوەکو ئێستا بڕیار لەسەر ئەوە نەدراوە بۆمبێک دروست بکرێت."
بەپێی ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ساڵی 2015 ی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان، ئێران تەنها دەتوانێت بۆ لە سەدا 3.67 یۆرانیۆم بپیتێنێت، بەڵام دوای ئەوەی ئەمەریکا لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکە کشایەوە، ئێران بەرپرسیارێتییەکانی پشتگوێ خست و ئێستا بۆ لەسەدا 60 یۆرانیۆم دەپیتنێت. یۆرانیۆمی پیتێندراو بۆ لەسەدا 90 گونجاوە بۆ دروستکردنی بۆمبی ناوەکی.
گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران سەبارەت بە دووبارە زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی چەقییان بەستووە، ئەوەش بەهۆی داواکارییەکانی ئێرانەوە کە دەڵێت دەبێت هیچ سەرۆکێکی ئەمەریکا جارێکی دیکە لە ڕێکەوتنەکە نەکشێتەوە، وەکو چۆن سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ کشایەوە لێی.
خەڕازی گوتی " ئەمەریکا گرەنتی نەداوە لەسەر پاراستنی ڕێکەوتنە ناوەکییەکە و ئەمەش دەبێتە هۆی لەناوبردنی ئەگەری گەیشتن بە هەر ڕێکەوتنێک."
خەڕازی گوتی ئێران هەرگیز گفتوگۆ لەسەر بەرنامەی موشەکە باڵیستیکییەکانی و سیاسەتەکانی لە هەرێمەکەدا ناکات، کە ڕۆژئاوا و هاوپەیمانەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست داوایان کردووە.
گوتیشی " هەر بە ئامانجکردنێکی ئاسایشمان لەلایەن وڵاتانی دراوسێیەوە ڕووبەڕووی وەڵامدانەوەیەکی ڕاستەوخۆ دەبێتەوە بۆ ئەو وڵاتانە و ئیسڕائیلیش."
ئیسڕائیل کە ئێران دانی پێدانانێت، هەڕەشەی ئەوەی کردووە ئەگەر گفتوگۆ سیاسییەکان لەگەڵ ئێران شکست بهێنن ئەوا هێرش دەکاتە سەر شوێنە ناوەکییەکانی ئێران.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز