Accessibility links

تورکیا ڕەتیدەکاتەوە لە پشت هێرشەکەی زاخۆوە بێت 


مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، تورکیا لە پشت ئەو هێرشەوە نەبووە کە کرایە سەر خەڵکی مەدەنی لە شاری زاخۆ لە پارێزگای دهۆک و بەهۆیەوە نۆ کەس کوژراون و 23 کەسی دیکەش برینداربوون.

تورکیا ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ بانگه‌شه‌ی به‌رپرسانی عێراق و هەرێمی کوردستان رەتکردەوە کە بە ئەنجامدەری هێرشەکە بۆ سەر هاوینەهەوارێک تۆمەتباری دەکەن کە گەشتیارانی باشوور و ناوەندی عێراق بە سەردان بۆی هاتبوون.

عێراق لەسەر ئەو هێرشە باڵیۆزی ئەنقەرەی لە بەغدا بانگهێشت کرد. ڕۆژی پێنجشەممە، بەرپرسانی عێراق کاردانەوەیەکی توندتریان دژی تورکیا نواند. لە تویتێکدا، وەزارەتی دەرەوەی عێراق داوای کشانەوەی تەواوی هێزەکانی تورکیای لەسەر خاکەکەی کرد داواشی کرد تورکیا کێشە ناوخۆییەکانی خۆی دوور لەسنوورەکانی عێراق چارەسەربکات و زیان بە خەڵکی عێراق نەگەیەنێت. تویتەکە هەروەها داوای لێبوردنکردن و قەرەبووکردنەوەی قوربانیان لە تورکیا دەکات.

چاوشئۆغڵو بە کەناڵی TRT Haber ی سەربە دەوڵەتی وتووە کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا لە عێراق هەمیشە دژی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) یە و ئەو رێکخراوە چەکدارەییەی بە ئەنجامدانی هێرشەکە تۆمەتبارکرد.

تورکیا هیچ بەڵگەیەکی بۆ بانگەشەکەی نەخستەڕوو. تەواوی بەرپرسە باڵاکانی عێراق، بەوانەی هەرێمی کوردستسانیشەوە کە پەیوەندییەکی بەهێزیان لەگەڵ ئەنقەرەدایە، تورکیا، نەک پەکەکە، بە ئەنجامدانی هێرشەکە تۆمەتباردەکەن.

تورکیا زۆرجار هێرشی ئاسمانی لە باکووری عێراق ئەنجام دەدات و لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی درێژخایەن لە عێراق و سووریا دژی چەکدارانی پەکەکە و هێزەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل(یەپەگە) لە سوریا. تورکیا هەڕەشەی ئۆپەراسیۆنێکی فراوان لە سوریا دەکات بۆ ئەوەی "ناوچەیەکی ئارام" بە قوڵایی 30 کم لە دووری خاکی تورکیاوە دروستبکات.

چاوشئۆغڵو وتی، "هەموو جیهان دەزانێت ئێمە هەرگیز هێرش بۆ سەر هاوڵاتیانی مەدەنی ئەنجام نادەین. ئاماژەی بەوەشکرد، سوپای تورکیا بە وەزارەتەکەی وتووە هیچ هێرشێکی لەو جۆرە لەلایەن تورکیاوە ئەنجام نەدراوە.

گوتیشی: "دوای ئەم هێرشە، كە ئێمە پێمان وایە رێكخراوی تیرۆریستی (پەكەكە) ئەنجامی داوە، ئامادەین گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی بكەین، دەتوانین هاوكاری بین بۆ ئەوەی پەردەی تەم هەڵبگیرێت. تا ئەو هێرشە هەڵنەگیرێت، دروست نییە کەس تاوانبار بكرێت".

پەکەکە لە ساڵی 1984 چەکی دژی دەوڵەتی تورکیا بەرپاکرد تا مافی کلتوری و سیاسی زیاتر بۆ کورد فەراهەم بکرێت. تورکیا بۆ ماوەی دەیان ساڵ نکۆڵی لە بوونی کورد لە وڵاتەکەی کردبوو و قسەکردنی بە زمانی کوردی قەدەغەکردبوو. چەند ساڵێکە ئەو قەدەغانە سووک کراون بەڵام هێشتا کورد ناتوانێت بە زمانی دایک لە قوتابخانە حکومییەکان بخوێنێت.

لەشەڕی پەکەکە و توکریادا زیاتر لە 40 کەس کوژراون کە زۆربەیان کورد بوون.

بۆ ئامادەکردنی ئەم هەواڵ سود لە ڕاپۆرتێکی ڕۆیتەرز وەرگیراوە.

XS
SM
MD
LG