Accessibility links

ڕێکخراوێکی ئەمەریکایی وردەکاری هێرشەکەی سەر گوندی پەرەخێ ئاشکرادەکات


ئەندامێکی تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمەریکی ڕایدەگەیەنێت، بۆردومانی گوندی پەرەخێ کە 32 قوربانی لێکەوتەوە، لەلایەن تورکیاوە و لە بنکەی سەربازی خامتیرەوە ئەنجامدراوە، کە گوندەکە کیلۆمەترێک لە بنکە سەربازیەکانی تورکیاوە دوورە.
لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، کامەران عوسمان ئەندامی تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمەریکی، دەڵێت "تورکیا لەمانگی 12 ی ساڵی 2017 ەوە دەستیکردووەتە دروستکردنی بارەگای سەربازی، لە سیدەکانەوە تا گوندی پەرەخێ 64 بنکەی سەربازی لەو ناوچەیە دروستکردووە، ستراتیژیەتی تورکیا وەک خۆیان دەڵێن دروستکردنی ناوچەی ئارامە لەو سنوورە، بۆیە دەیانەوێت تەواوی ناوچەکە بە گوندنیشینان چۆڵ بکەن."

سەبارەت بەهۆکاری بۆردومانکردنی گوندی پەرەخێ کە ژمارەیەک گەشتیاری عەرەب کوژران، کامەران عوسمان وتی "لە مانگی 6 ی ساڵی ڕابردوو، تورکیا دووبارەگای سەربازی لە خامکیر و گرێکوخێ لە پشت گوندی پەرەخێ دروستکرد، 11 گوندیان لەو سنورە بەدانیشتوانەکانیان چۆڵکرد، هێزی تورکیا چوونە نێو گوندی پەرەخێ و داوای چۆڵکردنی گوندەکەیان کردبوو، بەڵام خەڵکەکەی کە 30 خێزانن ڕەتیانکردەوە، لە 15 ی حوزەیران تورکیا دەوروبەری گوندی پەرەخێی بۆردومانکرد، دوو گوندنیشین بەناوەکانی ( نەزیر عومەر و محەمەد نەزیر) برینداربوون، خەڵکی گوندەکە هەر گوندەکەیان جێنەهێشت، بۆیە دوێنێ تورکیا چوار تۆپی لە چیای خامکیرەوە ئاراستەی شوینە گەشتیاریەکەی ناو پەرەخێ کرد، تا ترس و دڵەڕاوکێ بڵاو ببێتەوە، لەدوێنێوە خەڵکی گوندەکە کۆچ دەکەن."

کامەران عوسمان کە هاوکات چاودێری مافی مرۆڤە لە تیمی عێراقی ڕێکخراوی سی پی تی ڕوونیکردەوە، تورکیا لە چیای خامکیرەوە کە تەنها کیلۆمەتر و نیوێک لە گوندی پەرەخێوە دوورە، چوار تۆپی ئاراستەی ناو گوندەکە کردووە و بووە هۆی ئەوەی 32 هاوڵاتی سڤیل ببنە قوربانی، وتی"تورکیا لەسەر چیای خامکیر و پەرەخێ دوو بنکەی سەربازی دروستکردووە، تۆڕێکی ڕێگەوبانیشی بۆ هەردوو چیاکە هێناوە، ئەو دووبارەگا بەستراونەتەوە بە خاکی تورکیاوە، لەوێوە گوندی پەرەخێ یان بە چوار تۆپ بۆمبارانکردووە."

ئەندامەکەی تیمی عێراقی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمەریکی، ئاشکرایکرد دوای بۆردومانی گوندی پەرەخێ، تورکیا هیچ ناوچەیەکی تری بۆمباران نەکردووە، بەڵام شەوی ڕابردوو فرۆکەی بێ فرۆکەوانی تورکی، بەردەوام بە ئاسمانی مەخموردا سوڕاوەتەوە.

لەکۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، کامەران عوسمان ئەندامی تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمەریکایی ئەوەشی خستەڕوو، یەکەمجارە تەنها لە یەک بۆردومانی تورکیادا قوربانی زۆر بکەوێتەوە، کە ژمارەیان 32 هاوڵاتی بووە و خوێنی کورد و عەرەب تێکەڵ بووە،وتی"دەبێت عێراق و هەرێم داوای دەرکردنی 64 بارەگا سەربازییەکەی تورکیا بکەن، داوای قەرەبووکردنەوەی تەواوی زیانلێکەوتووان بکەن."

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:50 0:00

XS
SM
MD
LG