Accessibility links

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل: پرسی بەرەنگاربوونەوەی ئێران بەشێکی گرنگی گەشتەکەی بایدنە بۆ ئیسرائیل


سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل یائیر لاپید
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل یائیر لاپید

یائیر لاپید، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند کە فراوانکردنی هەنگاوی هاوبەش بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئێران بەشێکی سەرەکی و گرنگی گەشتەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدنە بۆ ئیسرائیل کە بڕیارە ڕۆژی چوارشەمە بگاتە ئۆرشەلیم.

لاپید لە وتارێکدا لە دووەم کۆبوونەوەی کابینەی حکومەتدا لەوەتای دەستبەکاربوونی لە یەکی مانگی ٧وە ، بایدنی بە یەکێک لە نزیکترین هاوڕێکانی ئیسرائیلی لە سیاسەتی ئەمەریکادا ناوبرد.

لاپید کە لە ئێستادا تاکو هەڵبژاردنەکانی مانگی یازدە وەک سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی حکومەتی کاتی ئیسرائیل کاردەکات، گوتی سەردانەکەی سەرۆکی ئەمەریکا "پێش هەموو شتێک سەرەتا سەرنجی لەسەر پرسی ئێران دەبێت".

بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی کە لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا بڵاو کراوەتەوە، ئێران رێکخراوی چاودێریی ناوکی بنکە لە ڤیەننای لە بەرزکردنەوەی توانای پیتاندنی یۆرانیۆمی خۆی ئاگادارکردووەتەوە.

لاپید گوتی "دوێنێ دەرکەوت کە ئێران بە پێچەوانەی ئەو ڕێککەوتنانەی کە واژۆی کردوون، خەریکی پیتاندنی یۆرانیۆمە لە سەنتەرفۆجی پێشکەوتوودا."

ئەو هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد کە "وەڵامی نێودەوڵەتی پێویستە یەکلاکەرەوە بێت، وات گەڕانەوە بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و چالاککردنی میکانیزمی سزاکان بە تەواوی هێزەوە".

ئیسرائیل دژی زیندوکردنەوەی ڕێککەوتنەکەی ساڵی ٢٠١٥ی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهانە کە لە بەرامبەر سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، سزاکانی سەر ئەو وڵاتەی لادەدات.

ئەمەریکا لە ساڵی ٢٠١٨ لە سەردەمی دانۆڵد ترامپ سەرۆکی پێشوودا لە رێککەوتنەکە کشایەوە و دەستی کرد بە سەپاندنی سزای توند بەسەر تاراندا.

زۆرێک لە ئیسرائیلیەکان بەو کارە دڵخۆش بوون و ئەمەش وایکرد ئێران زۆرێک لەو بەڵێنانەی لە ڕێککەوتنەکەدا دایبوو، پێشێلیان بکات.

دانوستانەکان بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنەکە لە مانگی چواری ساڵی ڕابردووەوە لە ڤیەننا دەستیپێکردوە، بەڵام لە مانگی ٣وە گەیشتوەتە بنبەست.

ئیسرائیل هەروەها ئێرانی بە پیلانگێڕی بۆ ڕفاندن یان کوشتنی ئیسرائیلییەکان لە ئەستەنبوڵ تۆمەتبار کردووە.

لاپید گوتی "ئیسرائیل بە بێدەنگ ڕاناوەستێت لە کاتێکدا ئێران هەوڵی هێرشکردنە سەرمان دەدات " و گوتیشی لەگەڵ سەرۆک کۆماری ئەمەریکا و تیمەکەی تاوتوێی فراوانکردنی هاوکارییە ئەمنییەکان دەکەین لە دژی هەموو هەڕەشەکانی ئێران.

جۆن کیربی گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی کۆشکی سپی ڕۆژی پێنجشەممە گوتی "هاوکاریی زیاتر" لە پرسەکانی وەک بەرگری ئاسمانی، بەتایبەتی سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی تاران، لە پلانی گەشتەکەی بایدندایە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

سەرۆکی ئەمەریکا هه‌روه‌ها له‌ گه‌شته‌كه‌یدا سەردانی سعودیه‌ش دەکات كه‌ ركابه‌ری سه‌ره‌كی ئێرانە.

XS
SM
MD
LG