Accessibility links

زیاتر لە دوو ملیۆن دۆلار بۆ ئەو منداڵە دوو ساڵانە کۆدەکرێتەوە کە باوک و دایکی لە ڕۆژی سەربەخۆیی ئەمەریکادا کوژران


زیاتر لە دوو ملیۆن دۆلاری کۆکراوەتەوە لە هەڵمەتێکدا بۆ یارمەتیدانی ئایدن مەکارتی، تەمەن 2 ساڵ، ئەو منداڵەی کە دایک و باوکی لە تەقەکردنە بە کۆمەڵەکەی ڕۆژی دووشەممە لە کاتی یادکردنەوەی ڕۆژی سەربەخۆیی ئەمەریکا لە هایلاند پارکی ویلایەتی ئیلینۆی کوژران.

هەڵمەتەکە، کە ڕۆژی سێشەممە لە وێبسایتی GoFundMe ڕاگەیاندرا، لە ماوەی نزیکەی 24 کاژێردا سەروو دوو ملیۆن دۆلاری لەلایەن زیاتر لە 37 هەزار خێرخوازەوە بۆ کۆکرایەوە.

ڕێکخەری هەڵمەتەکە، ئیرینا کۆڵن، ئاماژەی بەوەدا کە هەڵمەتەکەی بە مۆڵەتی خێزانی کوڕەکە دروستکردووە. منداڵە ساواکە لە تەقەکردنەکەدا هیچ بریندار نەبووە.

باوک و دایکی منداڵەکە، کێڤن مەکارتی تەمەن 37 ساڵ و ئیرینا مەکارتی تەمەن 35 ساڵ، لەنێو ئەو کەسانەدا بوون کە لە کاتی تەقەکردنەکەدا کوژران و ئایدن لە کاتی ئاژاوەگێڕیدا لە دایک و باوکی جیابووەوە.

دانا رێنگ و گرێگ رینگ، دوو دانیشتووی ئەو شارە، بە کەناڵی CBS ی شیکاگۆیان ڕاگەیاند ئەو منداڵەیان لەگەڵ کەسێکی نەناسراودا دیووە و تووشی تاسان بوون. گوتی، دواتر کوڕەکەیان بردووە و چاودێرییان کردووە تاوەکو پۆلیسی هایلاند پارک هەڵیگرتووە و دواتر منداڵاکەیان بە داپیرە و باپیرەی شادکردۆتەوە.

کۆڵن، کە بە هەڵمەتەکە هەڵساوە، نووسیویەتی " ئەم هەڵمەتی پارە کۆکردنەوەیە ڕادەگەیەنم بۆ پشتگیریکردنی ئەو منداڵە و ئەو چاودێرانەی کە ئەرکی بەخێوکردن، چاودێریکردن و پشتگیریکردنی ئایدنیان لە ئەستۆ دەبێت."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئایدن لەلایەن خێزانە خۆشەویستەکەیەوە چاودێری دەکرێت و ڕێگایەکی دووری لە پێشە بۆ چاکبوونەوە و دۆزینەوەی سەقامگیری و لە کۆتاییدا ژیان وەک هەتیوێک بەسەرببات."

XS
SM
MD
LG